٥٣ سیاسەتمەداری سویدی: پێویستە گۆشەگیری کۆتایى پێ بهێنرێت

٥٣ سیاسەتمەداری سویدی داوایانکرد، گۆشەگیریى سەر ئۆجالان کۆتایى پێ بهێنرێت. داواشیان لە کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى کرد، گوشار بخەنە سەر ئەنجوومەنى ئەوروپا و رێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری.

٥٣ سیاسەتمەدار لە حیزب و لایەنە جۆراجۆرەکانی سوید راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایانکرد گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆتایى پێ بهێنرێت.

لە راگەیاندراوى هاوبەشی ئەو ٥٣ سیاسەتمەدارەى سوید دا هاتوە، لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ / ٥ی گەلاوێژەوە رێگا بە پارێزەران نادرێت چاویان بە ئۆجالان بکەوێت. چالاکییەکانى مانگرتن بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن دەستى پێکردووە و رۆژ لە دواى رۆژیش ئەو چالاکییانە گەورەتر و بەرفراوانتر دەبن.

سیاسەتمەدارانى سوید راشیانگەیاندووە، لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە ماوەی ٨٤ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنی بێسنووردایە و نیگەرانییان بۆ دروستبووە لەسەر باری تەندروستیى لەیلا گیوڤەن.

لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەدا داواش لە کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى کراوە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لە تورکیا، گوشار لە ئەنجوومەنى ئەوروپا و رێکخراویى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) بکەن.

ئەو سیاسەتمەدارانە راشیانگەیاندووە، لەبەر ئەوەى نەژادپەرستی و قبوڵ نەکردن زیادیکردبوو، داواکانى چارەسەریی ئاشتییانە رەتکرانەوە، لەبەر ئەوەش لەیلا گیوڤەن ناچار بوو دەست بە چالاکیى مانگرتن بکات و بۆ ئەوەش ئەوان یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرزکردنەوەى دەنگ و هاوارەکەى گیوڤەن بەسەرتاسەری جیهاندا.

ناوی چەند کەس لە پەرلەمانتارانى سوید کە راگەیاندراوەکەیان واژۆکردووە بریتین لە: مالین بژۆرک پەرلەمانتاری پەرلەمانى ئەوروپا لە حیزبی چەپی سوید، بۆدل ڤالیرۆ پەرلەمانتاری پارتى سەوزی سوید لە پەرلەمانى ئەوروپا، ئاندرێس ئۆستێربێرگ و قادر کاسرگا پەرلەمانتارانی پارتى سۆسیال دیموکراتى سوید، دانیال ریازات پەرلەمانتارانی پارتی چەپ، ئیلۆنا شاتماری ڤالدۆ، لۆرین دیلگادۆ ڤاراس، جینس هۆلم، عەلی ئەسباتی، برگێر لاهتی، مۆمۆدو مالکۆلم جالاو، ئەمنیە کاکە باوە، هاکان سەڤنەلگی و لارس ئۆهلی سەرکردەى پێشووی پارتى چەپی سوید.

ر.م