٨ وڵاتى ئەوروپی داواى ئاگربەست بۆ ئیدلب دەکەن

٨ وڵاتى ئەوروپی داوایان لە رووسیا و ئێران کرد لە بریى هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر ئیدلب، هەوڵەکانیان بۆ ئاگربەست لە ئیدلب بخەنەکار.

هەر یەک لە وڵاتانى فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵندا، بەلجیکا، سوید، ئیتالیا و پۆلۆنیا داوایان لە رووسیا و ئێران دەست لە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سەر ئیدلب هەڵگرن.

ئەو ٨ وڵاتە ئەوروپییە داوایان لە زامنکەرانی پرۆسەى ئاستانا کردووە، کە لە ئیدلب ئاگربەست رابگەیەنن.

چەند رۆژ لەوە پێشیش ١٠ وڵاتى ئەندام لە خولی کاتیى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوووەکان، داوایەکى هاوشێوەیان بڵاوکردبووە و هۆشدارییان دابوو، ئەگەری ئەوە هەیە ئۆپراسیۆنى رژێمى سوریا بۆ سەر ئیدلب ببێتە هۆی ئاوارە بوونێکى زۆر گەورەی هاووڵاتییان.

راگەیاندراوی ئەو ٨ وڵاتە ئەوروپییەش پێش کۆبوونەوەى باڵاى نێوان رووسیا و ئێران و تورکیایە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە تاران بەڕێوەبچێت.

لە راگەیاندراوى ئەو ٨ وڵاتەدا باسى ئەوەشیکردووە، لە ئێستاوە بەهۆی ترس لە ئۆپراسیۆنى رژێمى سوریا ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییانى مەدەنی لەو ناوچەیە چوونەتە دەرەوە و بەپێى راگەیاندراونەکەیان، ئەو ٨ دەوڵەتە "نیگەرانن" لە زیانى چاوەڕوانکراو کە رووبەڕووی هاووڵاتییان دەبێتەوە.

ر.م