پارتی رێگای نەدا شاندێک لە باشوورەوە بەشداریی کۆنفرانسى عەفرین بکات

شاندێکی باشووری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە "کۆڕبەندی پاکتاوی رەگەزی و گۆڕینى دیموگرافیاى عەفرین" لەلایەن سەنتەری توێژینەوەى ستراتیژیى رۆژئاواى کوردستانەوە بانگهێشتکرابوون، بەڵام پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) رێگریى لە چوونى ئەو شاندە کرد.

شاندەکە پێکهاتبوون لە مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆژنامەنووسان و ڕووناکبیران  و بڕیاربوو بچنە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کورداستان (پەدەکە)ەوە لە خاڵی سنووری سێمێڵکاوە ڕێگری لە چوونى شاندەکە کرا.

"کۆڕبەندی پاکتاوی رەگەزی و گۆڕینى دیموگرافیای عەفرین" چەندین پسپۆڕ و کەسایەتى و ئاکادیمیسییەنى لە میسر، ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا و چەندین وڵاتی ترەوە بانگهێشت کردبوو بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکەدا. ئەمڕۆش کۆڕبەندەکە بە بەشداریى چەندین پسپۆڕ و کەسایەتى و چالاکوان لە هۆڵی بەیلەسان لە ناوچەى عامودێ لە رۆژئاواى کوردستان دەستی بە کارەکانى کرد.

دوێنی ٥٢ کەسایەتى و پسپۆڕ بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکەدا لە خاڵی سنووریى سێمێڵکاوە پەڕیبوونەوە بۆ رۆژئاواى کوردستان، بەڵام پەدەکە رێگای نەدا شاندەکەى باشووری کوردستان لەگەڵ شاندەکانى تردا بپەڕنەوە بۆ رۆژئاواى کوردستان و بەشداریى کۆنفرانسەکە بکەن.

ئەوکەسانەی، کە پەدەکە ڕێگەی پێنەدان بپەڕنەوە بۆ رۆژئاواى کوردستان و بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن بریتین لە: هاوژین مەلا ئەمین کۆمەڵناس لە زانکۆی سلێمانی، دکتۆر کامیران بەرواری مامۆستای زانکۆی دهۆک، هاشم زێباریی مامۆستایانی زانکۆ، سمکۆ سابر شەرێ، ئاسۆ عەبدولـلەتیف نووسەر و ڕۆژنامەنووس، سروش هەڵەبجەیی پارێزەر.

پەدەکە بە ئەنقەست رێگریى لە شاندەکە کردووە

هاوژین مەلا ئەمین لەبارەى رێگرییەکەى پەدەکەوە وتى، بەرپرسانى خاڵی سنووریى پێیان راگەیاندوون، کە لە سەرەوە فەرمانیان پێکراوە رێگا بە بپەڕینەوەیان نەدرێت.

سروش هەڵەبجەیى رۆژنامەنووس و پارێزەر لەوبارەیەوە وتى، بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر لەو خاڵە سنوورییەدا رایانگرتوون.

 ناڕەزایەتى لە دژی ئەو گوشار و رێگرییە دەربڕی و وتى "نەیانخواست شاندێکی خاوەن ئاستى باڵاى زانستى و رۆژنامەنووسان و ئاکادیمیسییەنەکان بپەڕنەوە بۆ رۆژئاواى کوردستان. هۆکارێکى تری رێگرییەکەیان ئەوەبوو، کە زۆربەى ئەندامانى شاندەکە لەو ناوچانەوە هاتبووین، کە کۆمەڵکوژیى تیادا ئەنجامدرابوو و خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ گەلی عەفرین و ئەوەى لە عەفرین روودەدات هەیە، بۆیە نەیانخواست ئەو خاڵە هاوبەشانە لە کۆنفرانسەدا باس بکرێت".

ر.م