پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویج، داوایکرد وڵاتەکەی بە فەرمی ڕۆژئاوا بناسێت

پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویج، داوایکرد کە هێرشەکان بۆسەر کوردەکان بوەستێنرێت و وڵاتەکەی بە فەرمی ڕۆژئاوا بناسێت.

سەرۆکی پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویج لە هەرێمی وێستفۆڵد و تلێمارک لە وتارێکی خۆیدا کە لە ڕۆژنامەی "تۆنسببێرگ بلادێ" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە وڵاتەکەی نەتەنیا پێویستە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا شەرمەزار بکات، هەروەها پێویستە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان هەنگاوی بەرچاو بنێت.

گرێتە وۆڵد، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە یەپەگە، یەپەژە و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی چەتەکانی داعشیان لەناو بردووە و لە ڕۆژئاوا سیستمێکی یەکسانیان بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان دامەزراندووە.

گرێتە وۆڵد، ئاماژەشی بەوەداوە کە هێزە کوردییەکان ١١ هەزار داعشی و ٧٥ هەزار کەس لە خانەوادەکانیان دەستگیرکردوە و لە کامپەکان نیشتەجێیان کردوون، بەڵام بە دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا هەزاران داعش هەڵهاتن، تورکیا لە هێرشەکانی بۆسەر کوردەکان، نەخۆشخانە، ڕێگا، سیتەمی ئاو، بازار و بیناسازیی کردووەتە ئامانج.

وۆڵد هەروەها چەندین داواکاریی خستووەتە ڕوو کە بەمشێوەیەیە:

پارتی چەپی سۆسیالیستی لە هەرێمی وێستفۆڵد و تلێمارک، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی نەرویج دەکات کە بەهێزەوە ناڕەزایەتی نیشان بدەن و چەک بە تورکیا نەفرۆشن.

پێویستە بەڕێوەبەری کورد بناسرێت و پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵدا بکرێت.

ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بێت، پێویستە نەرویج گەمارۆی ئابوری بەسەر تورکیا بسەپێنێت.

پێویستە ناتۆ، نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆنسەی ئەوروپا، فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی لەدژی کورد بگۆڕێت.

پێویستە هاوکاری ئابوری، خۆراک، دەرمان و تەندروستی، بدرێتە باکوری سوریا.

پێویستە ئێمە پشتیوانی کورد بکەین و داوا لە تورکیا بکەین هێرشەکانی بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕابگرێت.

جێگای ئاماژەیە کە پارتی چەپی سۆسیالیستی، خاوەنی ١١ کورسیە لە پەرلەمانی نەرویج.

ف.ق