پاسەوانەکانی ئەردۆغان لە بەرلین هێرشیان کردە سەر ژنە چالاکوانێک

پاسەوانەکانی ئەردۆغان کە بۆ بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی لیبیا سەردانی ئەڵمانیای کردبوو، هێرشیان کردە سەر ژنێک کە چالاکی شەرمەزاکردنی ئەنجامدا.

ئەڵمانیا پێرێ میوانداری کۆنفڕانسی لیبیای کرد. کۆنفڕانسەکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لیبیا بوو. وڵاتانی وەک ئەمریکا، رووسیا، چین، تورکیا، بەریتانیا، فەڕەنسا و میسر بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد.

یەکێک لەو کەسانەی لە کۆنفڕانسەکەدا بەشدار بوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بوو. کاتێک ئەردۆگان گەیشتە بەرلین خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ شەرمەزارکردنی دەستیان پێکرد. کاتێک کاروانی سەرۆک کۆماری تورک لە نزیک باڵەخانەی سەرۆکوەزیریی ئەڵمانیا تێپەڕی، ژنێک چالاکی ئەنجامدا.

دیمەنی چالاکیەکە لە لایەن ئاندرێس کایناست پەیامنێری (زی دی ئێف)ەوە تۆمارکرا و بە پێی دیمەنەکە پاسەوانەکانی ئەردۆغان لە ئۆتۆمبێڵەکان دادەبەزن و هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەرەکە. ئەو ژنەی ڕووبەڕووی هێرش بووەوە، ناوی نەزانرا و بۆ ماوەیەک لە لایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەستگیرکرا.

یەکەکانی ئەمنی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، بۆ ئەوەی ژنە چالاکوانەکە لە دەستی پاسەوانەکانی ئەردۆغان ڕزگاربکرێت، بۆ شوێنێکیتر گواستراوەتەوە. ژمارەیەک لایەنگرانی ئەردۆغان لە ئەڵمانیا سکاڵایان لەدژی ژنە چالاکوانەکە تۆمارکرد.

ف.ق