پاش هەڵبژاردنەکان هێشتا ئاڵۆزی لە عێراقدا بەردەوامە

سەرۆک کۆماری عێراق فوئاد مەعسوم بانگەشەی ئەوەیکرد، کە پوچەڵکردنەوەی بەشێک لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٢ی گوڵان دژ بە دەستووری بنەڕەتیی وڵاتە.

لە لێدوانێکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراقدا هاتووە "پەرلەمانی عێراق بەر لە دوو رۆژ بڕیاریدا کە بەشێک لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پوچەڵ بکرێتەوە و بەشێکیش لە ئەنجامەکان بەدەست بژمێردرێنەوە. بە بڕوای ئێمە ئەو بڕیارە دژ بە دەستووری بنەڕەتیی عێراقە".

هەر لەو لێدوانەدا هاتووە، کە دەبێت دادگای فیدراڵیی عێراق لەو بارەیەوە لێدوان بدات.

لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٨ی ئایار / ٧ی جۆزەردان، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا، کە تەواوی دەنگەکانی دەرەوەی وڵات و ئەو دەنگانەی کە لە کەمپەکانی پەنابەراندا دراون لە شارەکانی ئەنبار، سەڵاحەدین، موسڵ و دیالە پووچەڵ بکرێنەوە. هەروەها لە سەدا ١٠ی ئەنجامی هەڵبژردنەکە دووبارە بە دەست بژمێردرێنەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو، دەنگەکانی ٩٥٤ ناوەندی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراقدا و ٦٧ ناوەندی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات، بە گشتیی دەنگەکانی هەزار و ٢١ ناوەندی دەنگدان پوچەڵکراونەتەوە.

بەگوێرەی دواین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە ١٢ی گوڵان / ٢٢ى بانەمەڕ بەڕێوەچوو، هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر ٥٤ کورسی و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیى هادی عامری سەرکردەی حەشدی شەعبی ٤٧ کورسی و هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی ٤٢ کورسیبان بەدەستهێناوە.

ر.م