پاپا ساڵی ٢٠٢٠ سەردانى باشووری کوردستان دەکات

پاپا فرانسیسکۆ پێشەواى ئایینى کاسۆلییەکانى جیهان لە شوباتی ٢٠٢٠ دا و لە کاتى گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەردانى هەولێریش دەکات.

ناوى ئەو وڵاتانە بڵاوکرایەوە، کە بڕیارە پاپا فرانسیسکۆ پێشەواى ئایینى کاسۆلییەکانى جیهان لە ساڵی ٢٠٢٠ دا سەردانیان بکات. پاپا لە چوارچێوەى پەیمانى تێکۆشان لە دژی توندوتیژی، کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە شاری ئەبوزەبی پایتەختى شانشینى یەکگرتووی عەرەب (ئیمارات) لەگەڵ شێخی ئەزهەر ئیمام ئەحمەد تەیب واژۆی کردووە دەست بە گەشتەکەى بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات.

لە مانگەکانى سەرەتاى ساڵی داهاتوودا پاپا سەردانى بەغدا پایتەختى عێراق و دواتر سەردانى نەجەف دەکات، کە شارێکى پیرۆزە بۆ شیعەکان و لەگەڵ پێشەوای ئایینى شیعەکانی عێراق ئایەتوڵا عەلی سیستانی چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات.

ئاژانسى هەواڵی کاسۆلیک بڵاویکردووەتەوە، پاپا لە گەشتەکەیدا بۆ عێراق سەردانى شاری هەولێر پایتەختى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش دەکات. پاپا لە هەولێر هەم لەگەڵ بەڕێوەبەرانى هەرێم و هەم لەگەڵ نوێنەرانى پێکهاتەی مەسیحییەکان لە هەرێم چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات.

مار لویس رافائێل ساکۆ کاردینالی پاتریکای کلدانى – کاسۆلیک بە ئاژانسەکەى راگەیاندووە، ئەوان ئومێدێکى زۆریان بە سەردانەکەى پاپا فرانسیسکۆ هەیە. ساکۆ راشیگەیاندووە، تەنها سەدا ٥٠ی ئەو مەسیحییانە، کە بەهۆی هێرشی چەتەکانى داعشەوە ئاوارە بوون گەڕاونەتەوە شوێنى خۆیان و ئەوانى تر چوون بۆ وڵاتانى ئەوروپا و ئوسترالیا و ئەمریکا. چاوەڕێشن پاپا لە سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە پەیمانى گرنگی بۆ مەسیحییەکانى ناوچەکە پێ بێت.

ر.م