پاڵێوراوانى هەدەپە بێ وچان لە باکوورى کوردستان و تورکیا لە کاردان

کەمپەینى هەڵبژاردنی هەدەپە ئێوارەى دوێنێ بە هێز و گوڕوتینەوە بەردەوام بوو. بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردن لە زۆربەى شار و ناوچەکان بووە شوێنى کۆبوونەوەى جەماوەری.

کەمپەینى هەڵبژاردنى هەدەپە لە شارەکانى ئیزمیر، مانیسا، کۆجالی، بورسا، ئەدەنە، مێرسین، هاتای و مێردین بە بەشداریى دەیان هەزاران کەس و بە گوڕوتینەوە بەردەوامە.

ئیزمیر

لە شاری ئیزمیر، دەستەیەک لە ژنان کە خۆیان بە ناوى "ژنان دەڵێن تەمام - Jinên dibêjin TEMAM " دەناساند لە قانا فوار چیمێ لە کولتور پارک سفرەیەکیان لەسەر رێگا راخست و پاڵێوراوە ژنەکانى هەدەپەش لە ئیزمیر بەشداری بوون. تولین تامەر بە ناوى ئەو ژنانەوە قسەى کرد و وتى، ئیتر کۆمەڵگە بڕواى بە دادپەروەری نەماوە لەبەر ئەوە ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بۆ ژنان زۆر گرنگە.

سەرپیل کەمالبای پاڵێوراوى هەدەپە بۆ ئیزمیر رایگەیاند، ئێمەش ژنی بەهێز و تێکۆشەرین. سەدەى ٢١ سەدەى ژنانە. ژن ژیانێکى نوێ دادەمەزرێنێت. ئێمە پێکەوە لە پەرلەمان مافى ژنان دەپارێزین.

  مانیسا

سری ساکیک پاڵێوراوی هەدەپە لە گەڕەکی ئاتاتورک لە ناوچەى تورگوتلوی مانیسا بەشداری بەربانگی گەل بوو و لە دواى بەربانگ لەبارەى گرنگیى هەڵبژاردن و دەنگدان بە هەدەپە و دەمیرتاش چەند وتەیەکى پێشکەش کرد.

کۆجالی

عەلی بوگداجی و نەجاتی ئاڵتن یاپاراک پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ کۆجالی لە گەڕەکی تاڤشان تەپە سەردانى ماڵانیان کرد و برۆشور و بەرنامەى هەڵبژاردنى هەدەپەیان بڵاوکردەوە و گوێیان لە هاووڵاتییان و کێشەکانیان گرت. پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ تێپەڕاندنى ئەم قەیرانەى ئێستا، داوایان کرد ٢٤ى حوزەیران دەنگ بە هەدەپە بدەن.

هەروەها لە ناوچەى کۆرفەزی سەردانى گەل و کاسبکارانیان کرد. عومەر فاروق گەرگەلی ئۆغڵو لە دیلۆڤاسی سەردانى کاسبکاران و پیشەوەرانى کرد.

بورسا

هەدەپە لە زۆرێک لە ناوچەکان و گەڕەکەکانى بورسا کەمپەینى هەڵبژاردنى رێکخست و کۆبوونەوەیى لەگەڵ هاووڵاتییان و کاسبکاران و پیشەوەران ئەنجامدا. لە کاتى چاوپێکەوتن و سەردانى هاووڵاتییاندا رایانگەیاند، بۆ ئەوەى تورکیا بە دیموکراسى بکرێت، پێویستە هەدەپە لە پەرلەماندا بێت.

ئەدەنە

تولای هاتمیۆ ئۆغڵو، بێریتان ئۆنەن، رۆزەرین تۆسون، دەنیز ڤارۆل و تورکان بەکر پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ ئەدەنە لەگەڵ ئەندامانى ترى هەدەپە و گەنجان لە شەقامی یۆلوى ئەدەنەدا راگەیاندراو و بەرنامەى هەدەپەیان بڵاوکردەوە و سەردانى بازاڕیان کرد و گوێیان لە کێشەى کاسبکاران و پیشەوەران گرت.

لە ناوچەى یورەگیرێ و لە گەڕەکى جومهوریەت بنکەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە کرانەوە. هاتیمۆ ئۆغڵو پاڵێوراوى هەدەپە لە مەراسیمىکردنەوەى ئەو بنکانەدا وتەى پێشکەشکرد و رایگەیاند، سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیراندا دەبێتە وەڵامێک لە دژى ئەو گۆشەگیرییەى کە بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا سەپێنراوە.

مێرسین

رێکخستنى هەدەپە لە مێرسین بە بەشداریى پاڵێوراوانى هەدەپە لە ناوچەکانى ئاکدەنیر، تۆرۆسلار و یەنى شەهیر سەردانى کافتریا و چاخانەکانیان کرد و لەگەڵ گەلدا کۆبوونەوە. پاڵێوراوانى هەدەپە ردڤان توران، ئاتیلا گیونەی و فاتمە کورتولان لە ناوچەی تۆرۆسلار بەشداری مەراسیمى کردنەوەى بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردنی گەڕەکى گیونەکەنت بوون.

هاتای

کەرەمی نالبانت، بایرام یلماز، قەدرییە تورهان و فاتمە ئۆزدەمیر پاڵێوراوانى هەدەپە لە هاتای، لە گەڕەکی گیول تەپەی ناوچەى ئەسکەندەرونى هاتای بەشدراى مەراسیمى کردنەوەى بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە بوون. نالبانت رایگەیاند "ئەگەر هەدەپە سەربکەوێت ئەوە تورکیاش سەردەکەوێت".

 مێردین

بە بەشدرایى سەدان کەس لە گەڕەکی مەدیای ناوچەى قۆسەری مێردین بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە کرایەوە. ئەبرۆ گیونای و دلیڤار ئینال پاڵێوراوانى هەدەپە لە مێردین، بەشدارى مەراسیمى کردنەوەى ئەو بنکەیەى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە بوون.

ر.م