پایلان: لە ساڵی ٢٠٢٠ دا قەیرانی ئابوری قوڵتر دەبێت

گارۆ پایلان پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ڕایگەیاند، بە هۆی سیاسەتەکانی ئاکەپەوە تورکیا لە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێت و وتی، " لە ساڵی ٢٠٢٠ دا قەیرانی ئابوری قوڵتر دەبێت."

گارۆ پایلان پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە کاریگەری قەیرانی ئابوری لە سەر تورکیا کرد و ڕایگەیاند، لەم ساڵانەی دواییدا دەسەڵات، تەنها چەک، مووشەک و تانکی هەڵبژاردووە و تێکچوونی ئابوری تورکیا بەهۆی سیاسەتی شەڕەوەیە و وتی، "بە هۆی نەبوونی پێوانەی دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە تورکیا وەبەرهێنان ناکرێت. هیچ کەسێک وەبەرهێنان ناکات و بە هۆی دۆخی ئێستاوە هیچ کەسێک بڕوای بە تورکیا نەماوە و ئابوری وڵات بچوکدەبێتەوە. وەبەرهێنان نییە و شەرت و مەرجی وەبەرهێنانیش نییە."

پایلان ئەوەی خستەڕوو، تا دێت تورکیا لەسەر ڕێگەی دیموکراسی لادەدات و ئابوری بچوک دەبێتەوە. بە هۆی سیاسەتی شەڕ، توندوتیژی و کڕینی چەک لە چوار ساڵی ڕابردوودا، بە قەیرانێکی ئابوری قوڕسەوە دەستمان بە ساڵی ٢٠١٩ کرد و وادەردەکەوێت، قەرانەکە قوڕستر ببێت.

پایلان ڕاشیگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە بۆئەوەی قەرزی شەڕ بداتەوە، باج لە سەر پێداویستی سەرەتایی کۆمەڵگا زیاد دەکات و لەئەنجامدا هێزی کڕینی کۆمەڵگا لاواز دەبێت.

هەژاری بەردەوام دەبێت

گارۆ پایلان دەڵێت، "دەیانەوێت باج لە سەر کارمەند و فەرمانبەران زیاد بکەن و ئەمەش نیشانەی بەردەوامی هەژاریە. لە ئێستادا کەمترین مووچە لەژێر هێڵی برسیبووندایە. سنوری برسیبوون ٢٤٠٠ لیرەیە. بەم شێوەیە بە تەنها دەتوانن نانێک لە ماڵەوە ئامادە بکەن. کەمترین مووچەش ٢٢٠٠ لیرەیە و لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی ئاکەپە هەوڵدەدات لەسەدا٤ -٥ باج زیاد بکات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە هەژاری بەردەوام دەبێت. لە ساڵی ڕابردوو و تا ئێستا لەسەدا ٦٤ باج چووەتە سەر غازی سروشتی. لە لایەکی ترەوە دەڵێن، 'لەسەدا ٨ یان لەسەدا ١٠ مووچەکان زیاد دەکرێت'. دەردەکەوێت، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا کیشە و قەیرانی ئابوری تورکیا قوڕستر دەبێت."

تێچووی شەڕ چوار ئەوەندە زیادیکردووە

پایلان ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە و تا ئێستا تێچووی شەڕ چوار ئەوەندە زیادیکردووە. سیاسەتی شەڕی دەسەڵات، ٨٢ ملیۆن مرۆڤی هەژار کردووە و وتیشی، "لە قۆناغی 'پڕۆژەی ئاشتی' لە ساڵی ٢٠١٥ دا بودجەی بەرگری و ئەمنی ٤٠ ملیار لیرە بوو، بەڵام لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ دا بۆ ١٥٠ ملیار لیرە زیادکرا."

پایلان ڕاشیگەیاند، ئەم دۆخە بەو واتایە دێت، سەرمایە و سەرچاوەکان بۆ کڕینی تۆپ و تانک و موشەک و ئێس٤٠٠ی ڕووسی تەرخانکراون و پلانیان هەیە فڕۆکەی ئێف٣٥ی ئەمریکی بکڕن. بۆ کڕینی چەک حکومەت دەست بۆ چی دەبات؟ باج لە سەر کارمەند و فەرمانبەران زیاد دەکات. باج لە سەر هاوڵاتیان زیاد دەکات. پشتگیری بۆ جوتیاران کەمدەکاتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ٨٢ ملیۆن مڕۆڤ هەژار دەکات. پێویستە سیاسەتی شەڕ ئیدی ببینرێت.

پایلان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، "تورکیا لەناو قەیرانێکی قوڵی ئابوریدایە. ئاکەپە هەوڵدەدات بە سیاسەتی شەڕ و سیاسەتی نەتەوەپەرستی، قەیرانەکە بشارێتەوە. بۆ ئەوەی باس لە ڕێژەی بێکاری نەکرێت، لە ڕێگەی دامەزراندنی قەیومەوە ئاڵۆزی دروست دەکات. کۆمەڵگا دژی یەکتری بەکاردەهێنێت. کۆمەڵگا ڕێگای پێنادات. پێویستە هەموو کەس هەڵوێست و ناڕەزایی نیشانی سیاسەتی شەڕی ئاکەپە بدات.

ف.ق