پرۆژەى چارەسەرى دیموکراتیکی کۆدار و پەژاک؛ ئاسۆى هیوابەخشی گەلانى ئێرانە

کۆدار و پەژاک لەبارەى پلان و پرۆژەیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى ئێستاى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) و پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پەژاک) دەیانەوێت بە پرۆژەى کۆنفیدڕالیسم و نەتەوەیى دیموکراتیک کۆمەڵگەى ئیران و کوردستانی ئازاد و دیموکراتیک بونیات بنێن. بۆ ئەوەش رایانگەیاندووە، دەیانەوێت رێ لە لەدەستچوونى ئەم دەرفەتە بگرن کە هاتووەتە پێشەوە. راشیانگەیاندووە، دەیانەوێت بەبێ شەڕ و وێرانکارى پرۆژەکەیان بەرەوپێش ببەن.

دەقى راگەیاندراوەکەى کۆدار و پەژاک بۆ چارەسەرکردنى دیموکراتیکى کێشەکانى ئیران و رۆژهەڵاتى کوردستان

ئێران قەیرانى وێرانکەری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیى هەیە و ئەو قەیرانە گەیشتووەتە سنوورى تەقینەوە، چونکە گەلانى ئێران ئەو دۆخەیان پێ قبوڵ ناکرێت و رژێمێش وەک پێشتر تواناى درێژەدان بە دۆخی خۆى نییە و ناچارە بە ئەنجامدانى گۆڕانکاری و دۆزینەى رێگاچارە.

کوردستان لە چوارچێوەى قەیرانە ناوخۆیى و دەرەکییەکانی ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق و هەروەها بەهۆی ئامانجی هێزە جیهانییەکانەوە، بووەتە چەقی جەنگى جیهانیى سێیەم. بۆیە پێویستە لەم کێشمەکێشە چارەنووسسازەدا پرۆژەیەکى پڕاوپڕ و دیموکراتیک بۆ چارەسەرى بخرێتەڕوو. ئامانج و سەرنجی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) لەسەر چارەسەری بە بێ شەڕ و وێرانکارییە لە ئێران و کوردستاندا.

لەمساڵانەى دوایدا کوردستان گۆڕەپانى تەڕاتێنى داگیرکەرانى تورکیا و داعش بوو. ئەگەرى ئەوە هەیە دۆخەکە بەرەوە ئەوە بڕوات، کە مەترسیى ئەم جەنگە ناوچییە لە دواى سوریا، ئێران بگرێتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە رژێمى کۆنەپارێز و موحافزکاری ئێران لە دواى تێپەڕبوونى ٤ دەییە لە تەمەنی، گەلانى ئێرانى رووبەڕووی مەترسیی جیهانی و قەیرانى زۆر قورسی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتى کردووەتەوە. بە سەرنجدانە عەقڵییەتى گرژینانەوە و رەفتاری توندوتیژخوازانە و میلیتاریستی، تا ئێستا توانایى چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لە خۆی نیشان نەداوە.

لەمدواییانەدا و لە بەردەوامیى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى ساڵی رابردوودا، خەڵکى ئێران و کاسبکاران ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام رژێم لەبریى چارەسەکردن دەستیکرد بە سەرکوتکردنیان. ئێستاش قەیرانە ئابوورییەکان لە پاڵ قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا گەیشتووەتە لوتکە، سەرباری ئەوەش دەوڵەت و رژێم تەنها ئامانجی خۆى بەوە دەزانێت، کە شەڕ لە دژى دەرەوە و ناوخۆ ئەنجام بدات. خۆپیشاندانەکان ئیتر بۆ دواوەوە ناگەڕێنەوە و بە سەرکوتیش کۆنترۆڵ ناکرێن.

هەر وەک دەبینرێت، هیچ هێزێکى دەستێوەردەری دەرەکی و هیچ یەک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنە ناوخۆییەکان و دەرەوەى ئێران، بەرنامە و پرۆژەیەکى روونیان بۆ چارەسەری بە بێ روودانی جەنگ و وێرانکاری نییە. هێزە جیهانییەکان بە باشی ئاگاداری ئەو لاوازی و بۆشاییانەى ئێرانن و هەوڵی چڕتر و قورسترکردنەوەى قەیرانەکانى ئێستای ئێران دەدەن.

 کۆدار پێشتریش هۆشداریى دابوو، کە کێشەی  رێککەوتنى ئەتۆمی، یان بەرنامەى مووشەکى، کێشەى دروستکراوی هێزەکان و خودی ئێرانە و هیچ پەیوەندییەکى بە نەتەوەکانەوە نییە. کێشەى ئازادیى نەتەوەکان و بە دیموکراسیکردن تاکە کێشەی لە پێشینە و پلە یەکە. ئەمڕۆ سیاسەتى گوشار و رووخاندن لە دژى رژێمى ئێران بەڕێوەدەچێت و لە بەرامبەردا ئەم رژێمە کۆنەپارێزە مل نادات بۆ چارەسەرى دیموکراتیک و رێگا نادات هەڕەشەکان بکرێن بە دەرفەتى دیموکراتیک. تەنانەت رێگا بۆ بە سوریاکردنى ئێران دروستکراوە. لەلایەکی تریشەوە رژێمى ئێستاى ئێران درێژە بە هەڵسوکەوتی سیاسیى قبوڵ نەکراو لە دژى نەتەوەکانى وەک کورد، ئازەری، بەلوچ، عەرەب و ... هتد دەدات. لەم نێوانەدا کێشەى کورد چڕتر و جیهانیتر بووەتەوە و دەتوانێت هەم رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەمو کوردستان لە زریانى جەنگى ئێستا بپارێزێت.

پێویستە لە کێشمەکێشى جەنگى جیهانیى سێیەمدا کێشەى نەتەوەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان چارەسەر بکرێت. کۆدار بە کرداری و بابەتییانە تاکە سیستمە، کە پرۆژە و بەرنامەى مۆدێڕێنى لە چوارچێوەى کۆنفیدرالیسم و نەتەوەى دیموکراتیک دا هەیە و تەنانەت جیاواز لە لایەنەکانى تر توانایى بەرگریى سەربازیى رەواى کۆمەڵگەى هەیە.

پرۆژەى دیموکراتیکى کۆدار بە روونی دەرخەری هەڕەشەکان و دەرفەتەکان و هەڵگری پرۆژەیەکە بۆ "خەڵک و شەقام" ئەو لایەنانە، کە داواى چارەسەری دەکەن. داواکانى کۆداری لە چوارچێوەى پێشنیازەکانیدا لە چەند رەهەندێکى ریشەیدا خراونەتەڕوو. لەم چوارچێوەیەدا ئامانجی کۆدار لە خستنەڕووی پرۆژە بۆ بە دیموکراسیکردنى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان، کە سروشتیترین و لۆژیکیترینە، پرۆژەیەکی دیموکراتیکە بە بێ جیاکاریکردن لە نێوان نەتەوەکان و تەنانەت پرۆژەیەکە بۆ گۆڕەپانى سیاسیى نێوان لایەنە ناوخۆیی – دەرەکی، یان ئێرانى – کوردستانییەکان.

پرۆژەکەى کۆدار ئازادیی ژنان و نەتەوەکانی کردووەتە بنەما بۆ نوێکردنەوە و بونیاتنانى کۆمەڵگە. یەکێتیى نەتەوەی کورد و ئۆپۆزسیۆن، حیزب و رێکخراوە مەدەنییە کوردییەکانى دەوێت تاوەکو لە ئێران رۆڵی سیاسی – دیموکراتیک بگێڕن. لە نێوان هیچ کیانێکى سیاسی، نەتەوەیى، ئایینى و رەگەزیدا جیاوازى دانانێت و تەنانەت بەشدار دەبیت لە بونیاتنانەوەى کۆمەڵگەدا.

کۆمەڵگەى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان سات بە سات زیاتر لە ئازادى نزیک بوونەتەوە و کۆدار رێ لە لەدەستچوونى ئەم دەرفەتەى ئێستا دەگرێت. خستنەڕووی پرۆژەى پڕاوپڕی کۆدار و پەژاک نیشانەى نیازپاکییە بۆ کردەى سیاسی – دیموکراتیک و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بۆ ئەنجامدانى ئەرکە سیاسی، ئەخلاقی و رۆشنگەرییەکانیان لە چوارچیوەى نەتەوەى دیموکراتیکیدا. کۆدار لەم چوارچێوەیەدا پرۆژە دیموکراتیکەکەى بەشێوەى فەرمی بۆ راى گشتى و ئەو لایەنانەى، کە چارەسەرییان دەوێت بڵاودەکاتەوە. بەو هیوایە ئێران و کوردستانى ئازاد و دیموکراتیک بە رەنج و هەوڵى گەلان بونیات بنرێت.

ر.م