'پزیشکان دەڵێن، لە بەرزاییەوە خراونەتە خوارەوە'

ریڤان توران ئەندامی شاندی هەدەپە کە سەردانی وانی کردبوو، رایگەیاند، بەڵگە و نیشانەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەو دوو هاوڵاتیەی خەڵکی شاری وان، لە هەلیکۆپتەرەوە خراونەتە خوارەوە.

هەر یەک لە سەرڤەت تورگوت و عوسمان شیبان لە بەرواری ١١ی ئەیلولدا لە ناوچەی شاخێی شاری وان لە لایەن سەربازانی سوپای تورکەوە دەستگیر کران. بە پێی راپۆرتی نەخۆشخانە، ئەو دوو هاوڵاتیە لە هەلیکۆپتەر خراونەتە خوارەوە. دوای ئەوەی ئەم زانیاریە بڵاو بووەوە، شاندێکی هەدەپە سەردانی ناوچەکەی کرد و ویستی لێدوانێکی بۆ رایگشتی بڵاو بکاتەوە، بەڵام لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە رێگریی لێکرا.

شاندەکەی هەدەپە کە پێک هاتبوو لە ساروهان ئولوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، موعەزەز ئورهان و موراد ساریساچ پەرلەمانتارانی شاری وان، ریدڤان توران پەرلەمانتاری مێرسین و ئەندامانی ئەنجومەنی هەدەپە، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی، بەڕێوەبەرانی هەدەپە، دەبەپە، پارتی ئازادی و مرۆڤ، سەردانی ناوچەکەیان کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە رێگریان لێکرا، لێدوانێک لەم بارەیەوە بڵاو کرایەوە.

'باری تەندروستی باش نیە'

ریدڤان توران پەرلەمانتاری هەدەپە کە هاوکات پزیشکیشە، دوای لێدوانەکە لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، رایگەیاند، بە پێی ئەو زانیاریانەی لە پزیشکانەوە وەریانگرتووە، ئاشکرا بووە کە ئەو دوو هاوڵاتیە لە شوێنی بەرزەوە خراونەتەوە خوارەوە و وتی:"بریندارەکان هەر یەکەو لە نەخۆشخانەیەک بوون، یەکێکیان لە نەخۆشخانە هێنرایە دەرەوە، بەڵام دواتر زانیمان کە براوەتە نەخۆشخانەی سەربازی. عوسمان شیبان نیوەی شەو لە ناو ماڵەکەی خۆی برایە نەخۆشخانەیەکی سەربازی. لە گەڵ پزیشکەکان قسەمان کرد، پزیشکەکان دەڵێن، 'تووشی زەبری دەروونی بووە، چونکە لە بەرزاییەوە کە کەوتووەتە خوارەوە بەسەر دەموچاویدا کەوتووە، هەروەها ناوچاوانی زیانی پێگەیشتووە، مێشکی تووشی خوێنبەربوون بووە'. بە پێی ئەوەی پزیشکەکان رایدەگەیێنن، بارودۆخی باش نیە. بارودۆخی تەندروستی ئەو هەڤاڵەی تر هەندێک باشترە. من خۆم پزیشکم و بە پێی داتا و وردبوونەوەکان، ئەم برینداریە بە هۆی خستنە خوارەوەیە لە شوێنی بەرزەوە. شاهید هەن کە بینیویانە ئەو دوو هاوڵاتیە بە هەلیکۆپتەر براون، بۆیە هەموو گومانەکان ئەوەن کە لە بەرزاییەوە هەڵدراونەتە خوارەوە."

توران هەروەها رایگەیاند، ئاماژەکان ئاشکرای دەکەن کە لێدوانەکەی پارێزگار راست نیە، دەوڵەتیش رووداوەکە پشتگوێ دەخات و وتی:"لە ئاستێکی باڵادا مافی مرۆڤ پێشێل کراوە، بەڵام دەوڵەت لە بارودۆخێکی وەهادا نیە کە ئەمە قبوڵ بکات. بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسەکان هەواڵیان لەسەر دروست نەکەن و دیمەنەکان رووماڵ نەکەن، هێزە ئەمنیەکان بەربەستیان دروست کردووە. دەوڵەت ئێستا وەکو ئەوەی هیچ رووداوێک رووی نەدابێت، دەجوڵێتەوە و هەوڵ دەدات رێگری لە ناڕەزایەتیەکان بکات. بەڵام ئەم هەوڵانەی هێزە ئەمنیەکان ئەوە ئاشکرا دەکات کە رووداوێکی شاراوە هەیە. پێم وایە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، هەر یەک لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پاراستن لەم بارەیەوە لێدوانی چەوت و ناڕاست بڵاو دەکەنەوە."

'دواجار گەڕانەوە سەر کردەوەی ساڵەکانی ١٩٩٠'

پەرلەمانتاری هەدەپە ریدڤان توران لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر کردەوەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر گەلی کورد و رایگەیاند، سەرەتا وتیان 'پرسی کورد چارەسەر دەکەین'، دواجار گەڕانەوە سەر کردەوە و رێبازی ساڵەکانی ١٩٩٠ و لە بارەی رووداوەکانی وەکو ئەشکەنجەدان و رفاندنی هاوڵاتیان لە ئێستادا، بەم شێوەیە دوا:"رەشبگیری و رفاندن لەم ماوەیەدا، سەر لە نوێ بوونەتەوە بە رۆژەڤ. دوایین جار ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیشمان بە هەمان شێوە رفێندرا. گەڕانەوە بۆ سەر رێباز و کردەوەی ساڵەکانی ١٩٩٠، مرۆڤ دەخاتە مەترسی و گومانەوە. گەل ئیدی لە فشار و زۆرداری بێزار بووە. ئێمەوە وەکو هەدەپە، لە دژی ئەم سیاسەتانە دەوەستینەوە و تێکۆ دەشکێنین."

ز.ش