پۆلیسی توركیا به‌یانیی ئه‌مڕۆ ده‌وری مه‌یدانی ته‌قسیمی گرت و نه‌یهێشت په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په له به‌رده‌م هۆتێلی هیل-ی مه‌یدانی ته‌قسیم-ه‌وه به‌ره‌و مه‌یدانی گاڵاتاسه‌رای ڕێپێوان بكه‌ن. پۆلیس ده‌وری هۆتێله‌كه و به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی گرت و له په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په سالیحه ئایده‌نیز-یان دا.
ته‌مه‌للی: به شكاندنی گۆشه‌گیری حقووق ده‌گه‌ڕێته‌وه
دوای گفتوگۆی تووند له‌گه‌ڵ پۆلیس، هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په سه‌زای ته‌مه‌للی گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و گوتی: «ئه‌مڕۆ ئێمه بۆ ئه‌وه لێره‌ین ببینه هاوكاری تێكۆشانی له‌یلا گیوڤه‌ن. مافی هه‌موو زیندانییه‌ك هه‌یه كه پارێزه‌ر و خانه‌واده‌كه‌ی خۆی ببینێت. له‌م بواره‌دا مافی ڕێزدار ئۆجالانیش هه‌یه، به‌دینه‌هێنانی ئه‌م مافه بێ حقووقییه‌كی گه‌وره‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ش شكاندنی گۆشه‌گیری تێكۆشانێكی حقووقییه. توركیا له‌ژێر ئابڵوقه‌دایه. ئێمه بانگ له هه‌موو دیموكرات و ژنان و گه‌نجان ده‌كه‌ین كه بێن و پشتیوانی له حقووق و دیموكراتی بكه‌ن.»
«ئیدی ڕه‌وایه‌تی به پێشێلكردنی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی ده‌درێت، هێزه ئه‌منییه‌كان ئه‌مه وه‌ك ڕووداوێكی ئاسایی ده‌بینن و به‌ئاسانی ڕێگه‌ی په‌رله‌مانتاران ده‌گرێت. له‌م وه‌ڵاته‌دا ئیدی نه حقووق هه‌یه نه دادوه‌ری. ئه‌مه تاوانه و دان نه‌نانه به قانوونه‌كان. ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م ئێوه‌دا ده‌سه‌ڵات و هێزه‌كانی تاوانی كردووه. ئێمه له دژی ئه‌و تاوانانه و له دژی نادادپه‌روه‌ری و دان نه‌نان به قانوونه‌كان تێده‌كۆشین. له‌پێناو ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی له‌یلا گیوڤه‌ن و تێكۆشانی مانگرتوان تێده‌كۆشین. ئه‌مه تێكۆشانێكی حقووقی و دیموكراتییه. له ماوه‌یه‌كی كورتدا كۆتایی به‌م گه‌مارۆدان و گۆشه‌گیرییه ده‌هێنین.»
هاوكات په‌روین بووڵدان هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په ڕایگه‌یاند: «ئه‌مڕۆ به فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆ ڕێگری له چوونی ئێمه بۆ مه‌یدانی گاڵاتاسه‌رای كرا. وه‌زیر گوتی [ئه‌گه‌ر ئێوه بتوانن ڕێپێوان بكه‌ن دیاره من پیاو نیم] با وه‌زیر بزانێت كه پیاوبوون به ڕێگری كردن له ڕێپێوانی په‌رله‌مانتاران نابێت. بۆ وه‌ستاندنی مردنه‌كان ته‌نیا مرۆڤبوون به‌سه. با ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به گوێره‌ی قانوونه‌كان ئه‌م وه‌ڵاته به‌ڕێوه‌نابه‌ن باش بزانن، ئێمه له هه‌موو شوێنێك داخوازه‌كانی خۆمان ده‌رده‌بڕین.»
بووڵدان له درێژه‌ی گوته‌كه‌یدا گوتی: «تێكۆشانی ٤٠ ساڵان له دژی بێ حه‌قی، بێ حقووقی، مردن و ئه‌شكه‌نجه‌كانی زیندانه‌كان، تێكۆشانی ٤٠ ساڵه‌ی ئازادی، دیموكراتی له وه‌زیری ناوخۆوه فێر نه‌بووین. ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه ڕه‌فتاریان كرد و ئێمه هه‌ر پاشه‌كشه‌مان نه‌كرد. بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی، دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری بێته ئه‌م وه‌ڵاته ئێمه هه‌موو قوربانییه‌كمان دا. هه‌ڤاڵانمان ئه‌مڕی له‌پێناو پاراستنی ئاشتی و دیموكراتی له زیندانه‌كاندان. هه‌ڤاڵمان له‌یلا گیوڤه‌ن بۆ كۆتایی هێنان به گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێزدار ئۆجالان، به‌هۆی ناحه‌قی و بێ حقووقی جه‌سته‌ی خۆی له مانگرتن له خواردندا ڕزاندووه. ئه‌مڕۆ ٩٦هه‌مین ڕۆژی مانگرتنه.»
په‌رله‌مانتاران گوێیان به ڕێگرییه‌كان نه‌دا
دوای پێشكه‌شكردنی گوته‌كانی هاوسه‌رۆكانی گشتیی هه‌ده‌په، چالاكیی دانیشتن دژ به گه‌مارۆی پۆلیس ساز كرا. له كاتی چالاكییه‌كه‌دا په‌روین بووڵدان هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په به ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ له‌یلا گیوڤه‌ن كرد كه ٩٦ ڕۆژه له مانگرتندایه. دوای چالاكییه‌كه په‌رله‌مانتاران یه‌ك به یه‌ك له‌ژێر گه‌مارۆی پۆلیس هاتنه ده‌ره‌وه و به‌ره‌و شه‌قامی ئیستقلال چوون. سه‌ره‌ڕای ڕێگرییه‌كانی پۆلیس، په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په به درووشمی جۆراوجۆر تا بینای هه‌ده‌په له ئیسته‌نبووڵ ڕێیان كرد.
s.m