په‌رله‌مانتارێكی سریانیی هه‌ده‌په‌: توركیا له‌ مۆدێلی ڕۆژاڤا ده‌ترسێت

تووما چه‌لیك پەرلەمانتاری پارتیی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە - HDP) ڕایگەیاند، گۆشه‌گیری لەسەر تەواوی تورکیا هەیە و نە حه‌ق و حقووق ماوه‌ نه‌ قانوون.

په‌رله‌مانتاری هەدەپە تووما چه‌لیك ده‌رباره‌ی بارودۆخی تورکیا و گوشارەکانی دەسەڵات بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و ڕایگەیاند، لە تورکیا ده‌سه‌ڵاتێكی قڕکەر هەیە کە لە کەسایەتی کورداندا هەموو جیاوازییەکان لەناودەبات.

چەلیک دۆخی تورکیای هەڵسەنگاند و گوتی، «لە تورکیا هەڕەشه‌ و مەترسیی جددی هەیه‌. گوشارێکی قورس لەسەر هێزە تێکۆشەرەکان هەیە. ئەو گۆشەگیرییەی کە لە کەسایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ دەکرێت، لەسەر تەواو تورکیا هه‌یه‌ و گەلی تورکیای خستووه‌تە ژێر گەمارۆیەکی تووند.»

چەلیك سەرنجی خسته‌ سەر هەڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان و گوتی، «ده‌وڵه‌ت هەموو دەرفەتێکی خۆی بەکارهێنا لە هەڵبژاردنەکەدا. ئێمە نەک تەنیا لە بەرانبەر حکوومەت، بەڵکوو لە بەرانبەر پارێزگار، قایمقام، ئەفسەر، سەرباز، پۆلیس، دادوەر و داواکاری گشتی و تەنانەت لە بەرانبەر موختارەکانیش تێکۆشانێکی سەرکەوتوانەمان کرد. لەوانەیە نەگەیشتبینە هەموو ئامانجەکانمان، بەڵام نەشمانهێشت کە ئاکەپە لە سیاسەتە چەپەڵەکەی کە قڕکردنە سەرکەوتوو بێت. لە شرناخ هەموو دەرفەتەکانی ده‌وڵه‌تیان به‌كارهێنا، هەموو ده‌نگده‌ره‌كانی دەوروبەریان هێنا و خستیاننە شرنەخ له‌وێ ده‌نگیان پێدان. لە گەلێک ناوچەی دیکە بە شێوەیەکی ئاشکرا کاری ناقانوونیان کرد و شارەوانییەکانیان دزی.»

ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ دەسەڵات سەرنەکەوت. لە شاری ئیسته‌نبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، ئه‌نتالیا و مێرسین لە سایەی ستراتیژی هەدەپە ڕێككه‌وتنه‌ فاشیستییەکەی ئاکەپە – مەهەپە شكستی هێنا. گوتیشی، لە تورکیا ڕێكخراوترین و هۆشیارترین ده‌نگده‌ر ده‌نگده‌رانی هه‌ده‌په‌ن. لەو باوەڕەداین کە لە لایەن دەوروبەریشەوە ببینرێت و حسێبی بۆ بکرێت.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ باسی گوشار و زۆردارییەکانی ڕژێمی ئاکەپەی لەسەر کۆمەڵگە و میدیا کرد و گوتی، سه‌ره‌ڕای گوشاری قورس، مرۆڤەکان پاشه‌كشه‌ ناكه‌ن. ئەوەش بۆ ئاینده‌ی وڵات و کۆمەڵگە فرە گرنگە. گوتیشی، بەرخۆدانێک هەیە کە ئێستا دەکرێت و وێڕای زه‌خته‌كان هەر سەردەکەوێت. لە دۆخێکی سەختداین بەڵام ئاینده‌مان ڕوونه‌.

چەلیك ده‌رباره‌ی هەڕەشە و هێرشەکانی ڕژێمی ئاکەپە لە دژی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گوتی، «لەوێ سیسته‌مێک هەیە کە فره‌ڕه‌نگی و یەکێتیی گەلانی كردووه‌ته‌ بنەما. کورد، سریانی، عەرەب و گەلانی دیکە خۆیان بەڕێوەده‌به‌ن. بیرکردنەوەی ئەوێ پێچەوانەی ئەو بیرکردنەوەیە کە تورکیای پێ بەڕێوە ده‌برێت. تورکیا ئه‌م سیسته‌مه‌ بۆ خۆی وەکو مەترسی دەبینێت. سەرکەوتنی سیسته‌مێکی لەم شێوەیە دەوڵەتی تورک و وڵاتانی پاوانخوازی ناوچەکە بێزار دەکات.»

تووما چه‌لیك له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ تورکیا نایەوێت سیسته‌مێکی وەها کاریگەری تێ بكات. گوتی، «من سریانییەکی مێردینم، ئەو سیسته‌مە کاریگەری دەکاتە سەر من. لە قامیشلۆ سریانییەک و کوردێك خاوەنی هەمان مافن و له‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریدا خاوەن هەمان قسەن. ئەوە کاریگەری له‌ من ده‌كات. دەولەتی تورک ئەو بیرکردنەوەیە بۆ خۆی بە مەترسی دەبینێت.»

s.m