پهرلهمانتارێكی عێراق دهربارهی داگیركاریی توركیا یاداشتێكی ئاراستهی حكوومهت و پهرلهمان كرد
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داگیركاریی دهوڵهتی توركی له باشووری كوردستان، كرده ڕۆژهڤی پهرلهمان و حكوومهتی عێراق.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داگیركاریی دهوڵهتی توركی له باشووری كوردستان، كرده ڕۆژهڤی پهرلهمان و حكوومهتی عێراق.
ئەمڕۆ یوسرا ڕەجەب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (پهرلهمانی عێراق) لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامهوانی لە بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساز كرد و یاداشتێکیشی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد دهربارهی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان.
یوسرا ڕەجەب لە یاداشتەکە ئاماژەی بۆ ئهوه كردووه، بەپێی ماددەی ۱ی دەستووری عێراق داگیرکارییەکانی تورکیا شکاندنی شکۆ و سەربەخۆیی دەوڵەتی عێراقە. دەشڵێت، «بەپێی ماددەی ۱۰۹ و بڕگەی دوو لە ماددەی ۱۱۰ی دەستوور، پاراستنی سنوور لە ئەرکە تایبەتەکانی حکوومەتی عێراقە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕووی دەممان دەکەینە عادل عبدولمەهدی کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، بە ئەرکی خۆیان هەستن و بێدەنگی بشکێنن و سنوورێک بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنێن.»
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە یاداشتەکەدا باسی لە چڕبوونەوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کردووە لەسەر خاکی باشووری کوردستان. تیایدا هاتووه، «دەوڵەتی تورکیا بە بەردەوامی ئاسمان و خاکی عێراق دەبەزێنێت. ساڵی ڕابردوو لە چێوەی ئەو داگیرکارییانەی ئەنجامی داوە، به قوڵایی ۲٥ کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان. ئهمساڵیش زیاتر پەلی هاویشتووە و بە قوڵایی ۳۰ کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی ههرێمی کوردستان. داگیرکارییەکانی تورکیا لەم دوو ساڵەی دوایدا زیادی کردووە و بووەتە هۆی ڕاگواستن و ئاوارهبوونی خهڵكی ۱۲۰ گوندی ناوچەی برادۆست-ی سهر به شارەدێی سیدەکان.»
ئەو پەرلەمانتارە باسی لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی کردووە لە بۆردومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکدا و ڕایگەیاندووە، «لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا دەیان هاوڵاتیی مەدەنی شههید و بریندار بوون. ئەمە جگە لە زەرەر و زیانی ماددیی هاوڵاتیان.»
هەر لە یاداشتەکەیدا، یوسرا ڕهجهب ئاماژەی بە ڕاپەڕینی گەلی شیلادزێ كردووه بهرانبهر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و نووسیویهتی، «سەرەڕای ناڕەزایەتی و ڕاپهڕینی خەڵکی ناوچەکە بهرانبهر داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لە نموونەی ئەو ڕاپهڕینه خۆڕسکەی خەڵکی مەدەنیی شیلادزێ ئەنجامی دا، بەڵام بەداخەوە هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق هیچ هەڵوێستێکیان نەبووه و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.»
هاوكات یوسرا ڕەجەب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە و تێیدا داوای کردووە لە ڕێی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بانگهێشتی باڵیۆزی گشتیی تورکیا لە عێراق بكرێت بۆ ئەوەی نووسراوێکی ناڕەزایەتی پێبدرێت و سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی دەوڵەت تورکیا دابنرێت.
s.m