دیداره‌كانی هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه) نیلۆفه‌ر كۆچ و به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی كورد له له‌نده‌ن عه‌لی گیول ئۆزبه‌ك له په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا به‌رده‌وامن. كۆچ و ئۆزبه‌ك له برۆكسل له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاری به‌ریتانیی فراكسیۆنی سه‌وزه‌كان له په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ژۆن له‌مبه‌رت كۆبوونه‌وه.
نیلۆفه‌ر كۆچ ڕایگه‌یاند، له دیداره‌كه‌یاندا له‌سه‌ر ڕووداوه سیاسییه‌كان قسه‌یان كردووه و سه‌رنجیان خستووه‌ته سه‌ر دۆخی توركیا، سووریا، عێراق و ئێران. گوتیشی، سه‌ردانی په‌رله‌مانتارانی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا بۆ ڕۆژاڤا به‌رده‌وام ده‌بێت.
هاوكات عه‌لی گیول ئۆزبه‌ك سه‌رنجی خسته سه‌ر هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی له باكووری كوردستان و توركیا و ڕایگه‌یاند، پێویسته په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا له دژی ڕێكاره دژه‌دیموكراتی و ناحقووقییه‌كان له توركیا كار بكات.
«چه‌ندین ساڵه پشتگیری له دۆزی مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كه‌م»
دوای كۆبوونه‌وه‌كه، ژۆن له‌مبه‌رت په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی سه‌وزه‌كان له په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوا و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ئازادی، ئاشتی و دیموكراتیی ئۆجالان شتێكی وه‌هایه كه ده‌ستی لێ به‌رنه‌درێت. به ئازادبوونی ئۆجالان ده‌توانێت ڕۆڵی گرینگ بگێرێت له دانوستانی ئاشتی.
ژۆن له‌مبه‌رت ڕایگه‌یاند، ئه‌و پشتگیری له دۆزی گه‌لی كورد ده‌كات و پێشتر ده‌یان جار سه‌ردانی كوردستانی كردووه.
له‌مبه‌رت ڕایگه‌یاند: «بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد و ڕێبه‌ره‌كه‌یان ئۆجالان كه له‌پێناو ئازادی، دیموكراتی و ئاشتی تێده‌كۆشن، له‌نێو هه‌لومه‌رجی یه‌كساندا سه‌رله‌نوێ ده‌ست به دانوستان بكه‌ن، پێویسته به‌په‌له ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان كه ٢٠ ساڵه به‌شێوه‌یه‌كی ناحقووقی له ئیمڕاڵی به‌ند كراوه، ئازاد بكرێت.»
s.m