پڕۆفیسۆر مۆریس: ئەوروپا ئەو قڕکردنەی کە دەوڵەتی تورک دەیکات نابینێت

پڕۆفیسۆر بێنی مۆریس مێژووناسی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەوروپا لە هەڕەشەکانی تورکیا دەترسێت، لەبەرئەوەش لەبەرامبەر ئەو پاکتاوە ڕەگەزیەی کە تورکیا لە باکووری سوریا دەیکات، بێدەنگە.

مۆریس بۆ ڕۆژنامەی بەرلینگسکی دانیمارکی قسەی کرد و ڕایگەیاند، بە هۆی ئەوەی هێزە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەتی ئەوروپا لە هەڕەشەکانی تورکیا دەترسن، لەبەرامبەر ئەو پاکتاوە ڕەگەزیەی کە تورکیا لە باکووری سوریا دەیکات، بێدەنگن.

مۆریس لەگەڵ درۆر زەئەڤی مێژووناس کتێبێکیان بە ناوی "قڕکردنی سی ساڵ" نووسیوە و باس لە قڕکردنی کەمایەتیە کریستانەکان لەنێوان ساڵەکانی ١٨٩٤ – ١٩٢٤ دەکرێت.

زە ووڵ ستریت جۆرناڵ، میویۆرک تایمز و ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەکانی ئەمریکا بابەتیان لەبارەی کتێبەکە بڵاوکردەوە، بەڵام میدیاکانی ئەوروپا باسی کتێبەکەیان نەکرد.

مۆڕیس دەڵێت، " دەوڵەتی تورک لە ماوەی سی ساڵ دا ملیۆنێک و نیو بۆ دوو ملیۆن و نیو کریستیانی کۆمەڵکوژ کرد. ژمارەی دانیشتوانی کریستیان لە تورکیا لە ساڵی ١٨٩٤ ٢٠٪ بوو بەڵام لە ساڵی ١٩٢٤ بۆ ٢٪ دابەزی."

مۆریس باسی ئەوەش دەکات، لە ساڵی ١٩٢٠ەوە ئەو کەسانەی دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەبەن، تاوانی قڕکردن ئەنجام دەدەن و بەڵگەکانیشیان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لەناو دەبەن.

مۆریس پشتگوێخستنی کتێبەکەی لە لایەن میدیاکانی ئەوروپای هەڵسەنگاند و وتی، "هێزە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەتی ئەوروپا لە تورکیا دەترسن. سیاسەتمەدار دەترسن تورکیا تووڕە بکەن و میدیاکانیش دەترسین تورکیا ڕەخنە بکەن. دەترسن تورک دەرگاکان بکەنەوە و پەنابەر بنێرن و لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بە ملیۆنان تورک بوونیان هەیە."

ف.ق