پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ هەڵبژاردنەکان ڕێوشوێنی ئەمنی دەگرێتە بەر

بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ، پرۆسەی دەنگدان دووسبەینێ پێنجشەممە ڕۆژی ٧ ی حوزەیران دەستپێدەکات. لە ١٣ شاری ئەڵمانیا ناوەندی هەڵبژاردن سندوقی دەنگدان دادەنرێن و پۆلیسی ئەڵمانیاش ڕێوشوێنی ئەمنی بەرفراوان دەگرنە بەر.

بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕی تورکیا و باکوری کوردستان، دەنگدان لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەم هەفتەیە دەستپێدەکات. بە گوێرەی ڕیفراندۆمی ١٦ی نیسان، ژمارەی دەنگدەران لە ئەڵمانیا کە لە ١٥ی حوزەیراندا زیادیکردبوو، ملیۆنێک و ٤٤٥ هەزار و ٣٣ کەسن.

پرۆسەی دەنگدان لە ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی حوزەیران دەستپێدەکات و هەتا ڕۆژی ١٩ ی حوزەیران بەردەوام دەبێت. هەموو ڕۆژێک دەنگدەران دەتوانن لە نێوان کاتژمیرەکانی ٩ ی بەرەبەیان هەتا کاتژمێر ٩ی شەو دەنگی خۆیان بدەن. پرۆسەی دەنگدان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا وەک یەک دەبێت. بەڵام دەنگدان لە دەرەوەی سنوور کە بەهەمان شێوە لە ٧ی حوزەیران دەستپێدەکات هەتا ٢٤ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

لە شارەکانی بەرلین، فرانکفۆرت، شتوتگارت، ئەسەن، دوسڵدۆرف، میونشن، کارلس روهە، هانۆڤەر، مۆنستەر، نورنبێرگ، هامبورگ و ماینز سندوقی دەنگدان دادەنرێن. جگە لە ئەسەن، هانۆڤەر، میونشن و نورنبێرگ، سندوقەکانی دەنگدان لە سەرکونسوڵخانەی تورکیا دادەنرێن.

لە ئەیالەتی نۆردرهاین وێست فالەن کە نیو ملیۆن دەنگدەری لێیە، پۆلیس ڕێوشوێنی ئەمنیی دەگرنە بەر. وتەبێژی پۆلیسی دوسوڵدۆرف مارکوس نیسزەری بۆ ڕۆژنامەی بیلد قسەیکردووە و ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەمنیەتی دەنگدەران بە باشی ڕێوشوێن دەگرنە بەر و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن.

بەرپرسانی پۆلیسی ئەسەن-یش لێدوانیان لەو بارەیەوە داوە و ڕایانگەیاندووە کە هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی لەسەر دەنگدەران نیە. یەکینەکانی ئەمنیەتی ئەڵمانیی بە گومانن کە پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی حزبە جیاوازەکاندا دروست ببێت لەناوەندەکانی دەنگداندا.

ک-ش