پۆلیسی تورک لە پرسوس تەقەى لە پاسی کرێکاران کرد و ٦ کرێکاری بریندارکرد

سەر لەبەیانیى ئەمڕۆ هێزەکانى پۆلیسی تورک لە عەلی گۆر لەناوچەی پرسوسی پارێزگای رحا و لە خاڵی پشکنین دا پاسێکى کرێکارانى کشتوکاڵیان دایە بە دەستڕێژی گولـلە و ٦ کرێکاری ناو پاسەکەیان بریندار کرد.

پۆلیسی دەوڵەتی تورک کاتێک ئۆتۆمبێلی کرێکارانى کشتوکاڵ بە خاڵی پشکنینى عەلی گۆر لە ناوچەى پرسوس لە پارێزگاى رحا تێپەڕی، پاسەکەیان گولـلەبارانکرد. لە گولـلەبارانکردنى پاسەکەدا ٦ کرێکاری کشتوکاڵ کە لەناو پاسەکەدا بوون بریندار بوون.

هۆکاری تەقەى هەڕەمەکیى پۆلیسی دەوڵەتى تورک لە کرێکارانى ناو پاسەکە تا ئێستا روون نەبووەتەوە.

کرێکارە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانى رحا و پرسوس.

ناوی کرێکارە بریندارەکان بریتین لە: حەوا ئالگاج، ئەمینە چالشان، گوڵجان ئەرتاش، ئایسەل گەچیجی، زەهرا کورت و کوبرا کورت.

ر.م