پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەم لە فریبۆرگی سویسرا ئیدانەکرا

پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیى ٩ی تشرینى یەکەم لە شاری فریبۆرگی سویسرا ئیدانەکرا. کوردستانیان و دۆستەکانیان بە بۆنەى ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیی ٩ی تشرینى یەکەم رێپێوانێکى بە مەشخەڵیان بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕییەکە ئەنجامدا.

جەماوەری گەل لە بەردەم وێستگەى ناوەندیى ترەن بە مەشخەڵان دەستیان بە رێپێوانکرد و پۆستەری "ئازادی بۆ ئۆجالان، پێگە بۆ کوردستان"یان بەرزکردەوە. چالاکوانەکان وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان بەرز کردەوە و دروشمی "تیرۆریست تورکیا، کوژەر ئەردۆغان"یان دەوتەوە.

لە کاتى رێپێوانەکەدا بە ناوی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردەوە لە گۆڕەپانی ژۆرژیس – پیتۆن راگەیاندراو بڵاوکرایەوە و وتە پێشکەش کرا. چالاکوانەکان گۆشەگیریى قورسیان ئیدانەکرد و رایانگەیاند "تاوەکو لە دۆخی ئۆجالان ئاگادار نەبینەوە و رێبەرەکەمان ئازاد نەبێت، ئێمە بە بەردەوامی درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین".

هەروەها داواى بەشداریکردن کرا بۆ چالاکیی ئیدانەکردنى پیلانگێڕی ٩ی تشرینى یەکەم کە لە شاری ستراسبۆرگ و لە بەردەم بینای دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپادا بەڕێوەدەچێت.

ر.م