پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەم لە فەرەنسا و نەرویج ئیدانە کرا

لە هەرێمى نۆرماندی لە باشووری فەرەنسا و لە شاری ئۆسلۆی پایتەختى نەرویج گۆشەگیری و پیلانێگڕیى ٩ی تشرینى یەکەم لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیدانە کرا.

لە شاری مۆنتولا ژولی لە ناوچەى نۆرماندی لە باشووری فەرەنسا بە پێشەنگایەتیى ژنان رێپێوانێک رێکخرا و لە رێپێوانەکەدا پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ ئیدانە کرا.

لە رێپێوانەکەدا گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئیدانە کران. دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپا چەند رۆژ لەوە پێش رایگەیاندبوو، لە ئیمراڵی ئەشکەنجە بوونی نییە!.

چالاکییەکە بە بەشداریى نزیکەى ٣٠٠ کەس لە بەردەم وێستگەى ترن دەستیپێکرد و تاوەکو ناوەڕاستى شارەکە بەردەوام بوو.

هاوکات لە شاری مارسیلیای فەرەنسا چالاکییەکى تر بۆ هەمان ئامانج رێکخرا. گەنجانی ئازاد رژانە سەر شەقامەکان و بە ئەنجامدانى چالاکییەک پیلانگێڕیی دژ بە ئۆجالان ئیدانە کرد.

گەنجان لەو چالاکییەدا دروشمی ئازادی بۆ ئۆجالانیان بەرزکردبووە و ناڕەزایەتیى خۆشیان بەرامبەر بە بێدەنگی حکومەتە ئەوروپییەکان لە بەرامبەر گۆشەگیردا خستەڕوو.

هەروەها لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج رێپێوانێک رێکخرا بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ و رێپێوانەکە لە ناوەڕاستى شاری نەرویج تاوەکو بەردەم بیناى پەرلەمانى ئەو وڵاتە بەردەوام بوو.

لە چالاکییەکەدا دۆستە نەرویجییەکانى کورد و کۆمەڵەى سۆملی لاند ئامادە بوون و داواى ئازادییان بۆ ئۆجالان کرد.

ر.م