پێش ئەوەى ئەردۆغان بگاتە ئەڵمانیا، بەرلین باجێکى تری بە تورکیا دا

سبەی سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا دەستپێدەکات. حکومەتى ئەڵمانیا پێش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ وڵاتەکەى ٢١٥ ملیۆن یورۆی لە چوارچێوەى رێککەوتنى کۆچبەراندا دەدا بە تورکیا. ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا ئامادە نەبوو ئەو بڕە پارەیە بدات بە تورکیا.

یەکێتیى ئەوروپا لە مانگى ئاداری ٢٠١٦دا لەگەڵ رژێمی ئەنقەرە رێککەوتنى کۆچبەرانى بە دەستپێشخەریى ئەڵمانیا واژۆکردبوو. بەپێى رێککەوتنەکە دەبێت ٣ ملیۆن کۆچبەری سوری، عێراقی و ئەفغانی کە لە تورکیادان و دەیانەوێت بچن بۆ ئەوروپا لە تورکیا نیشتەجێ بکرێن. رژێمى ئەردۆغان پێشتر بۆ ئەو کارە ٦ ملیار یورۆی لە ئەوروپا وەرگرتبوو.

لە مانگى ئاداری ئەمساڵیشدا لە کۆبوونەوەى یەکێتیى ئەوروپادا بڕیاردرابوو لە ماوەیەکى کەمدا ٤ ملیار یورۆى تر بە ئەنقەر بدەن. لە یەکەم قۆناغدا بڕی ٣ ملیار یورۆ لە خەزێنەى یەکێتى ئەوروپا درابوو بە دەوڵەتى تورکیا و ئەوى تریش بەپێى بودجەى وڵاتان، هەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیى ئەوروپا بڕە پارەیەک بدات بە تورکیا.

ئەڵمانیا کە خاوەنى ئابوورییەکى بەهێزە لە ناو یەکێتیى ئەوروپادا ناچار بوو نزیکەى ٥٠٠ ملیۆن یورۆ بدات بە تورکیا. ئەنجوومەنى ئەوروپا لە پاکەتى دووەمدا دەبوایە بڕی ٣ ملیار یورۆی بدایە بە تورکیا، بەڵام وڵاتانی وەک فەرەنسا، نەمسا، سوید، دانیمارک و فینلاندا و ئەڵمانیا رایانگەیاندبوو، رژێمى ئەردۆغان پارەکەى وەرگرتووە و ئەو پرۆژەیەى کە دەبوا جێبەجێى بکردایە، جێبەجێى نەکردووە، بۆیە دژایەتیى بڕیارەکەى یەکێتیى ئەوروپایان کردبوو و ئامادە نەبوو بوون ئەو بڕە پارەیەى بۆیان دانراوە بیدەن بە تورکیا و هەموو ئەو هەوڵانەش بە دەستپێشخەریى ئەڵمانیا ئەنجامدرابوون.

ئەڵمانیا دەستبەرداری پێداگرییەکەى بوو بۆ "چاودێریکردنى پارەکان"

حکومەتەکەى مێرکل دەستبەرداری پێداگرییەکەى بوو لەسەر "چاودێریکردنى پارەکان" و پلانەکەى یەکێتیى ئەوروپاى قبوڵ کرد. ئەو بڕیارەى حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا ٣ رۆژ پێش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا جێگاى سەرنجە.

ئەمڕۆ رۆژنامەى بیلد لە ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، وەزارەتى دارایى فیدراڵ لە چوارچێوى رێککەوتنى کۆچبەراندا پرۆژەى خەرجکردنى بڕی ٢١٥ ملیۆن یورۆی بۆ تورکیا رەوانەى پەرلەمانی فیدرال کرد.

چاوەڕێ دەکرێت پەرلەمانى ئەڵمانیا رەزامەندی بۆ خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە دەرببڕێت. پێشتر بەرپرسانى ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، پاکەتى دووەمی پارەکان بۆ تورکیا خەرج ناکەن تاوەکو تورکیا بەپێى رێککەوتنەکە پرۆژەکان بۆ کۆچبەران لە تورکیا جێبەجێ نەکات و تەنانەت بۆ ئەوەش گوشارێکى زۆریان خستبووە سەر یەکێتیى ئەوروپا، بەڵام ئێستا دەرکەوت تەنها ٣ رۆژ پێش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ بەرلین، ئەڵمانیا پاشگەز بووەتەوە و ئامادەیە ئەو بڕە پارەیە بدات بە تورکیا.

ر.م