"پێویستە بەرخۆدانی ئێکۆلۆژی و ژینگەپارێزی یەکگرتوانە بێت"

موراد چەپنی پارلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، پێویستە بەرخۆدانی ئێکۆلۆژی لە حەسکیف هەتا چیای کاز یەکگرتوانە بێت و وتی، ئەم بەرخودانە هاوکات تێکۆشانە لە دژی شەڕ.

ماوەیەکە کۆمپانیایەکی کانادایی لە چیای کاز دەستی بە گەڕان بە دواى زێڕدا بە ماددەى ژەهراوی سیانوور کردووە. ئەوەش لە نێوی رای گشتیدا ناڕەزایەتییەکى گەورەى لێکەوتووەتەوە.

موراد چەپنی جێگری هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە و بەپرسیاری دۆسیەی ئێکۆلۆژی و پارلەمانتاری ئیزمیری هەدەپە رایگەیاند، هێرشی دژ بە سروشت لە تورکیا و کوردستان بەشێکە لە مۆدێلی ئابووری و سیاسیی ئاکەپە. چەپنی راشیگەیاند، ئاکەپە ماوەیەک لەوە پێش رایگەیاندبوو، کە وەکوو کۆمپانیایەک وڵات بەڕێوە دەبات و ئێستاش ئەوە دەکات و بەوەش پەسنی خۆی دەدات و شانازیى پێوە دەکات.

چەپنی رایگەیاند، لە ماوەی ١٧ ساڵ لە دەسەڵاتی ئاکەپە دا سەرچاوە سروشتییەکان بێ کونترۆڵ تاڵان کراون و وتی، "هاوکات لە حەسکیف، چیای کاز، رێگاى سەوز لە دەریاى رەش، پرۆژەی وێستگەى بەرهەمێنانی وزە لە زەوی (JES) لە ئایدن و پرۆژەکانى تری ناوەندی هایدرۆئاوی (HES) نیشانەى ئەوەن، تاڵانکردنى سروشت گەیشتووەتە بەرزترین ئاست".

موردا چەپنی پەرلەمانتاری هەدەپە وتیشی، تاڵانکردنى حەسکێف نابێت بە تەنها لە چوراچێوەى تاڵانکردنى سروشت دا لێکبدرێتەوە و ئەوەشی وت "لە حەسکێف هاوکات هێرشێکى بەرفراوان دەکرێتە سەر مرۆڤایەتی و کەلەپووری مێژوویی و ئەوەش لایەنی سیاسی و شەڕیشی تێدایە".

باسی ئەوەشیکرد "دەوڵەت لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دا دارستانەکان بە بیانوی ئەمنی و بە ئەنقەست دەسوتێنێت. ئەو کاتە ئێمەى پەرلەمانتارانی هەدەپە هەوڵماندا بڕۆین بۆ دێرسیم و ئاگری دارستانەکان بکوژێنینەوە، بەڵام دەوڵەت نەک تەنها یارمەتیی نەداین بۆ ئەوەى ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵکو نەیهێشت بڕۆینە ئەو ناوچەیە و ئێستاش لە حەسکیف و شرنەخ هەر هەمان ئاگرتێبەردان و کاولکاری بەڕێوەدەبات".

چەپنی ئەوەشی رایگەیاند، لە کوردستان ئاگرتێبەردانى دارستانەکان و گەڕان بە دواى کانەکان و... هتد. بە ئیدعای ئەمنیەوە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن و وتی، "بەنداوی حەسکیف هەم بە بیانووی ئەمنی و هەمیش وەک چەکێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاو بە کاری دەهێنێت و بۆ ئەوە ئامادە دەکرێت. "

پارلەمانتاری هەدەپە سەرنجی خستە سەر تێکۆشانیان لە دژی تاڵانکردنی سروشت و وتی، " تێکۆشانی ئێمە لەو ئاستەدا نییە، کە ئێمە دەمانەوێت. سەرەڕای ئەوەش دەزانین، کە دەبێت تێکۆشانی خۆمان بۆ ژینگە لە کوردستان هەتا دەریای رەش و ئیجە بکەینە یەک و بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین."

ژ.ت