پەرلەمانتارانى هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا دەست بە مانگرتن دەکەن

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە و ٩ پەرلەمانتاری تری هەدەپە لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە پەرلەمانی تورکیا دەست بە مانگرتن دەکەن.

لە یەکەم هەنگاودا لە پەرلەمانى تورکیا ١٠ پەرلەمانتاری هەدەپە دەست بە مانگرتن دەکەن، کە یەکێکیان پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە.

چالاکیى مانگرتنى ئەو پەرلەمانتارانە رۆژی سێشەممە و یەکڕاست لە دواى کۆبوونەوەى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا دەستپێدەکات و بۆ ماوەی ٢ رۆژ بەردەوام دەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەو چالاکییەدا لە پەرلەمان، هەموو رێکخستنەکانى هەدەپە لە هەمەوو شارەکاندا بۆ ماوەى ٣ رۆژ دەست دەکەن بە مانگرتن لە خواردن.

بڕیاربوو رێکخستنى شارەکانی هەدەپە لە رۆژی ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دەست بە چالاکیی مانگرتن بکەن، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونى ئامادەکارییەکانەوە سبەی ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دەست بە مانگرتنەکەیان دەکەن.

پەرلەمانتارانى هەدەپەش، ئەوانەى لە هەر شار و بازنەیەکدا هەڵبژێردراون بەشداریى مانگرتنى بازنە و شارەکەی خۆیان دەبن.

ر.م