پەرلەمانتار و گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتیی لیبڕاڵی سوێد فرێدریك مالم ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک ١٥ ساڵە هێرش ده‌كاته سه‌ر باشووری کوردستان به‌ڵام ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییه کە هێزی وشكانی بەکارده‌هێنێت، له‌وانه‌یه پەیوەندی بە هەڵبژاردنی شاره‌وانیی ئیسته‌نبووڵه‌وه هەبێت. مالم گوتی، «له‌م ڕۆژانه‌دا ئاماژەی جیاواز لە تورکیاوە ده‌ردەکەون. لە سیسته‌می قانوونی‌دا چاکسازی دەکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە باشووری کوردستان دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکات. هەردووكی لە هەمان کاتدا ده‌كات. تورکیا لە سووریا خۆی به گرێدراوی ڕووسیا دەبینێت. نازانێت کە لە دژی ڕووسیا و رژێمی ئەسەد چۆن هەڵسوکەوت بکات.»
مالم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له‌وانه‌یه ئەردۆغان هێرش بكاته سەر ڕۆژاڤا. گوتی، «لە سووریا چوار ئەکتەری بەهێز هەن؛ ڕووسیا، ئەمه‌ریکا، ئەسەد و تورکیا. لەبارەی ئاینده‌ی سووریا مشتومڕی تووند له‌نێوانیان هه‌یه. لە ئیدلب سێ ملیۆن کەس هەن. تورکیا ترسی هه‌یه له شەپۆلی کۆچبەران لە ئیدلب. نایەوێت ڕوووسیا و ئەسەد هێرش بكه‌نه سەر ئیدلب.»
«تورکیا دەیەوێت سیسته‌می ڕۆژاڤا له‌ناوببات»
فرێدریك مالم هێمای بۆ ئه‌وه كرد، تا ئەمه‌ریکا لە هەرێمەکە بێت، زەحمەتە تورکیا هێرش بکات. گوتیشی، «تورکیا دەیەوێت سیسته‌می ڕۆژاڤا له‌ناوببات. لەوانەیە هێرش بكاته سەر منبج. پێش هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران/٢ی پووشپەڕ لەوانەیە تورکیا هێرش بكاته سه‌ر ڕۆژاڤا. بۆ ئه‌وه‌ی لە هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ سەرکەوێت، لەوانەیە ئەوە بکات.»
سەرۆکی پارتی لیبڕاڵ یان بیۆرکلوند پێشتر له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا کە لە ڕۆژنامەی «ئێكسپرێسن - Expressen» بڵاوی کردبووەوە ڕایگه‌یاند، پێویستە حکوومەتی سوێدی و جیهان له دژی هەڕەشەکانی تورکیا بوه‌ستنه‌وه و پشتگیری له سیسته‌می خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بکەن لە ڕۆژاڤا.
هه‌ر له لێدوانه‌كه‌یدا، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی سوێد ده‌رباره‌ی کۆتاییهاتنی گۆشەگیریی سه‌ر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گوتی، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام بە واتای ئەوە نییە کە قۆناغێکی نوێی ئاشتی دەستی پێكردووه.
مالم گوتی، «بە ڕای من ئۆجالان کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر لایەنگرەکانییەوە هەیە. بەڵام پێویستە مرۆڤ فاکتەره‌كانی دیکەش ببینێت. گرنگترین فاكته‌ریش ڕێککەوتنی ئەردۆغانه لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی و مەهەپە. ئەوان هه‌رگیز نایانەوێت له‌گه‌ڵ كوردان ده‌ست به قۆناغێکی نوێی ئاشتی بكه‌ن. دووەمیش؛ ئۆجالان کەسایەتییەکی بەهێزە. له‌نێو ڕێكخستنه‌كه‌یدا سەروەرە. بەڵام له‌نێو کوردان‌دا ده‌سته و گرووپی جیاواز هەن. لەوانەیە له‌نێو ئەوانیشدا لایه‌ن و كه‌سانێك هه‌بن کە لەدژی پڕۆسه‌یه‌كی وه‌ها بوه‌ستنه‌وه.»
«قانوونی نوێی دژه‌تیرۆر ڕیسكی هه‌یه»
فرێدریك مالم ده‌رباره‌ی کاریگەریی ئه‌و قانوونه نوێیه‌ی سوێد لە دژی داعش ئامادەی کردووە، بۆ سەر بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی پەکەکە گوتی، «ڕیسکێکی وەها هەیە. هەر بۆیە په‌سه‌ندكردنی ئەو قانوونه دواکەوت. ئێمە لە لایەنێکەوە دەمانەوێت سوێد لە تیرۆر بپارێزین، لەلایەکی دیکەشەوە پێویستە حقووق مسۆگه‌ر بكه‌ین. کێشەکە ئەوەیە یەکێتیی ئەورووپا بە لیستی ڕێكخراوه تیرۆریستییەکاندا ناچێتەوە.»
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتیی لیبڕاڵی سوێد سەرنجی خسته سەر لیستی ڕێكخستنه تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ده‌وڵه‌ته یەکگرتووەکان. گوتی، «دەرخستنی ئەو ڕێکخستنانە له لیستەکە، ئەلتەرناتیڤێکی سیاسییە. بەڵام بۆ پێکهاتنی ئەوە بڕیاری دادگه پێویسته. من هەمیشە بە گومانەوە لەو لیستانەم ڕوانیوه.»
مالم گوتیشی، دوای ئەوەی قانوونه‌كه کەوتە بواری جێبەجێکردن، دادگه بابەتەکە هەڵدەسەنگێنێت. ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن کە کامە ڕێكخستن «ڕێكخستنی تیرۆریستی»یه. برڕیاری سه‌ره‌تای دادگه ده‌بێته نموونه. زه‌حمه‌ته مرۆڤ پێشبینی بکات کە دادگه بڕیارێكی چۆن دەدات. دادگه‌ییكردنی ئەو کەسانەی چوونه‌ته نێو داعش گرنگە.
s.m