پەرلەمانتارێکى ئەڵمانی: ئەڵمانیا لە دێرسیمەوە تا هەڵەبجە هاوبەشی تاوانەکانی دژ بە کوردستانە

یەلپکە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت، ئەڵمانیا لە دێرسیمەوە بۆ هەڵەبجە، هاوبەشی هەموو تاوانە ئەنجامدراوەکانى سەر کوردستانە.

لەبارەی ئەو بەڵگانەوە، کە دەیسەلمێنن لە کۆمەڵکوژیی دێرسیم دا گازی ئەڵمانی بەکارهاتووە، حکومەتی بەرلین وتی، 'ئێمە نازانین'. یەلپکە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت، ئەڵمانیا لە دێرسیمەوە بۆ هەڵەبجە، هاوبەشی هەموو تاوانە ئەنجامدراوەکانى سەر کوردستانە.

رۆژنامەی دێرسیم لە مانگی ئایاردا بەڵگەیەکی بە ئیمزای مستەفا کەمال ئەتاتورک بڵاوکردبووەوە، کە لەو بەڵگەدا ئاشکرا بووە دەوڵەتی تورک ئەو گازە ژەهراوییانەی کە لە کۆمەڵکوژکردنی دێرسیم دا بەکاری هێنابوون لە ئەڵمانیای نازی وەریگرتوون. دواتر ڕۆژنامەکانی یەنی ئۆزگیور پۆلەتیکا و یونگ ڤێڵت، کە لە ئەڵمانیا بڵاو دەکرێنەوە لێکۆلینەوەی بەرفراوانیان لەو بارەیەوە کرد و زانیاری گرنگیان ئاشکرا کردبوو.

هاوکاریی ئەڵمانیا لە تاوانی کۆمەڵکوژکردنی دێرسیم، کە لە ساڵی ١٩٣٧ دەستیپێکرد و ساڵی ١٩٣٨ کۆتایی هات، بە هەوڵی پارتی چەپ لە سەرەتای مانگی تەمووزدا کەوتبووە بەرنامەی کاری پەرلەمانی فیدراڵەوە.

بە هەوڵی هەریەک لە پەرلەمانتاران ئولا یەلپکە، د. ئاندرێ هان و گۆکبای ئاکبولوت لە فراکسیۆنی پارتی چەپ، یاداشتێک پێشکەشی پەرلەمانی فیدراڵ کرابوو و هاوکاریکردنی ئەڵمانیای نازی بە گازی ژەهراوی بۆ ڕژێمی ئەنقەرە ئاشکرا کردبوو.

وەڵامی 'لە ئازارەکانیان تێدەگەین، بەڵام کێشەی ئێمە نییە'

پەرلەمانتاران لە یاداشتەکەیاندا پرسیاریان لە حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی ئەنگێلا مێرکل کرد و ویستیان وەڵامیان بدرێتەوە. لەبارەی گازە ژەهراوییەکانی ئەڵمانیا، کە لە دێرسیم بەکاریان هێناوە، چەندین پرسیاری فراوانیان ئاراستە کرد.

حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٩ / ٢٤ی پووشپەڕ وەڵامی بۆ پەرلەمانتارەکانی ناردوەەتەوە بۆ پەرلەمان. لە وەڵامەکەدا کە وێنەیەکی گەیشتووەتە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەوە دەبینرێت، کە حکومەتی بەرلین خۆی لە وەڵامدانەوەی چەندین پرسیارێکى پارتی چەپ دزیوەتەوە.

پەرلەمانتاران لە یاداشتەکەدا ڕایانگەیاندووە: "بەڵگەکە بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵ، کە لەبارەی کۆمەڵکوژیی لە دێرسیم کارێکی سیاسی و مێژوویی ئەنجام بدات." ئیدارەی بەرلین لەبارەی ئەو بۆچوونەوە بۆ جاری دووەم ئەم لێکدانەوەیە خستەڕوو: "حکومەتی فیدراڵ لە ئازاری قوربانیان و کەسوکارەکانیان تێدەگات. بەڵام دەبێت کاری سیاسی و مێژوویی لە تورکیا بکرێت." حکومەت هەمان لێکدانەوەى خۆی لە وەڵامی مانگی نیسانیشدا خستبووەڕوو.

لە وەڵامەکەدا ڕاگەیاندراوە، حکومەتی ئەڵمانیا، ئاگاداری ئەو هەواڵانەیە کە لەبارەی بەڵگە نوێیەکانەوە بڵاوکراونەتەوە و بۆ ئەو بەڵگانەی ئەمدواییە، کە دەیسەلمێنێت لە دێرسیم گازی نازییەکان بەکارهێنراوە وتراوە: "جگە لە هەواڵەکانی میدیا، زانیاری فراوانتر لای ئێمە نییە. لێکۆلینەوە و لێکدانەوەی بەڵگەکان بە شێوەیەکی بێلایەنانە، تەنها دەکرێت بە کارێکی زانستی ئەنجام بدرێن".

هەروەها حکومەتی مێرکل ڕایگەیاند، ئامادەی هاوکارییە بۆ کارێک، کە لە تورکیا لەبارەی ئەو ڕووداوانەی دێرسیم ئەنجام بدرێن و بەشی ئەڵمانیای ئەو سەردەمە لێکۆلینەوە بکات.

پرسیارەکانی؛ ئەو گازە ژەهراوییانەی لە دێرسیم بەکار هێنراون لە لایەن کام کۆمپانیاوە بەرهەم هێنراون؟ ڕژێمی ئەو سەردەمە فرۆشتنەکەی پەسەند کردووە یان نا؟ لە ساڵی ١٩٣٧دا فڕۆکە شەڕکەرەکانی جۆری (Heinkel He111) بە تورکیا فرۆشران یان نا؟ و چەندین پرسیاری دیکە بێ وەڵام ماونەتەوە.

'لەبیریان چووە، کە ٢٠٠ هەزار دێرسیمی لێرە دەژین'

ئولا یەلپکە پەرلەمانتاری پارتی چەپ لەبارەی ڕاگەیاندراوی "دەبێت کار لەبارەی دێرسیمی ساڵی ١٩٣٨ لە تورکیا بکرێت" ناڕەزایی نیشان دا و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، کاریگەری و شوێنەواری کۆمەڵکوژکردن و کۆچبەرکردنی ئەو کاتەی دێرسیم تا ئێستاش بەدرەوامە.

ئولا یەلپکە ڕاشیگەیاند، وتنی 'حکومەتی ئەڵمانیا لە ئازاری دێرسیمییەکان تێدەگات' ئەرێنییە و ئاماژەی بەوە کرد، بەڵام بابەتەکە تەنها هی تورکیا نییە، لە هەمان کاتدا هی ئەڵمانیاشە.

ئەو سیاسەتمەدارە خاوەن ئەزموونەى پارتی چەپ بانگەوازی بۆ حکومەت ئەمەیە: "دوو، سێ نەوە، کە ٢٠٠ هەزار دێرسیمین، لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دەژین. لەبەر ئەوەش دەبێت مۆنۆمێنت و پرۆژەکانی پەیوەندیدار بە گێڕانەوە و خستنەڕووی رووداوەکانى دێرسیم لێرەش بوونیان هەبێت".

ئولا یەلپکە ئاماژەى بەوەکرد، لە بەڵگەکاندا ئاشکرا دەبێت کە ئەو گازانەی لە دێرسیم بەکار هێنراون لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکی ئەو سەردەمە مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لە ئەڵمانیا دەستخراون و تی: "هەروەها لە فڕۆکەکانی جۆری 'Heinkel He111' کە لە لایەن ئەڵمانیاوە دروستکراون بۆمبی گازی بەسەر خەڵکى دێرسیمدا بارێنراوە. هەموو بەڵگە و زانیارییەکان ئەوە دەسەلمێنن، لە دێرسیمەوە تا هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ و ئەو هێرشانەى بە گازی کیمیاوی ئەنجامدراون و ئەو تاوانانەی دژی کورد ئەنجامدراون، هەموو بە گازی ئەڵمانی ئەنجامدراون، گازی ئەڵمانی لە خزمەتی بکوژەکاندا بووە".

ژ.ت