پەرلەمانتارێکى سوید: دەبێت کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى هەڵوێستى هەبێت

عەلی ئیسباتی پەرلەمانتاری پارتى چەپی سوید سەرنجی خستەر سەر چالاکییەکانى مانگرتن بۆ تێکشاندنی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رایگەیاند، دەبێت کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى لە دژی پێشێلکارییە یاساییەکان هەڵوێستى هەبێت.

ئیسباتی راشیگەیاند، پشتیوانى لە تێکۆشانى هەدەپە و لەیلا گیوڤەن دەکات، کە بۆ مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی ئەنجامى دەدەن و سەرنجیشی خستەسەر چالاکیی مانگرتنی لەیلا گیوڤەن کە ماوەیەکى دوورودرێژە بەردەوامە.

ئیسباتی ئەوەشی وت "لە رووی مافەکانى مرۆڤ و بەها دیموکراتیکەکانەوە ئێمە ئەوە دەبینین، لە تورکیا هەندێک رووداو روودەدەن، کە رێگای بۆ ترس و نیگەرانى کردووەتەوە. هەدەپە بۆ تورکیایەکى دیموکراتیک و مافی پێکهاتەکان تێدەکۆشێت".

ئیسباتی وتیشی، لە ئاستى نێونەتەوەیى و ناوچەیى دەبێت کار بۆ پاراستنى دیموکراسی و مافەکانى مرۆڤ بکرێت بۆ ئەوەش پشتیوانى لە لەیلا گیوڤەن و مانگرووەکانى تر و داواکانیان دەکات.

ئیسباتی ئاماژەى بەوەشکرد، زیندانیکردنى پەرلەمانتاران قبوڵ ناکرێت و داوایکرد، ئەو کەسانەى لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون ئازاد بکرێن.

ر.م