پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لە ١٠٠%ی دەنگەکان بە دەست هەژمار بکرێتەوه‌

ئه‌مڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی ١٧٣ پەرلەمانتار كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئەنجامدا و خوێندنەوەی بۆ بڕگەکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان كرد و دواتریش بەکۆی دەنگی ئەندامان پەسەند کرا.

بەپێی هەمواری یاساکە، تەواوی دەنگەکانی هه‌ڵبژاردنی عێراق (١٠٠%ی دەنگەکان) بەدەست هه‌ژمار دەکرێنه‌وە. هەروەها کارەکانی كۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش هەڵپەسێردرا و کارەکانی كۆمسیۆن به‌ نۆ دادوەر سپێردران.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر ئەوەی کە پشت بە ڕاسپاردەکانی لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ببەسترێت سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

بڕیاره‌ یاساكه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و سەرۆکایەتی کۆمار ناتوانێت رێگری بکات لە جێبەجێکردنی یان ڕەتکردنەوەی.

ده‌قی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣:

مادەی یەکەم: مادەی ٣٨ لە یاسای ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣ رەتدەکرێتەوە و ئەم بڕگەیە جێگەی دەگرێتەوە «كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەندە بە دووبارەکردنەوەی هه‌ژماری دەستی تەواوی دەنگی وێستگەکان لە سەرانسەری عێراق و بە ئامادەبوونی نوێنەری کیانە سیاسییەکان، هەروەها کارنەکردن بە ئامێری ئەلیکترۆنی ژماردنی دەنگەکان، كاركردن بە هه‌ژماری دەستی، هەروەها جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان سەرجەم ئەو وێستگانە دەگرێتەوە کە دەنگەکانیان رەتکراوەتەوە.»

ماددەی دووەم: پێویستە كۆمسیۆن پڕۆسەی وردبینی کارتی دەنگدان بکات لەگەڵ راپۆرتی ئەلیکترۆنی تایبەت بە بارکۆدی کارتەکانی دەنگدان و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدات.

مادەی سێیەم: جگە لە دەنگدانی سیستمی کۆتا، ئەنجامی تەواوی وێستگەکانی دەنگدانی دەرەوە و جوڵەی دانیشتوانی هەریەکە لە پارێزگه‌کانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە و هەڵبژاردنەکانی ئاوارەکان و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێنرێتەوە.

مادەی چوارەم: ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ٩ دادوەر بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەنجومەنی كۆمسیاران رادەسپێرێت و سەرجەم دەسەڵاتەکانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی دەبێت و لەبری ئەندامانی ئێستای ئەو ئەنجومەنە و هەروەها لە هەر پارێزگایەکیش، دادوەرێک دەستبەکار دەبێت بۆ شوێنگرتنەوەی بەڕێوەبەری ئێستای لقەکانی کۆمسیۆن، ئەرکی ئەو دادوەرانە دوای ئەوە تەواو دەبێت کە دادگه‌ی باڵای فیدراڵی، هەروەک ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەری ئۆفیسی پارێزگه‌کانی كۆمسیۆن کارەکانیان رادەگیرێت، تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوە لە ساختەکارییەکان کە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی پێداوە.

ماددەی پێنجەم: بڕگەکانی ئەم یاسایە بەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ دەکرێت.

ماددەی شەشەم: کار بەهیچ دەقێکی یاسایی ناکرێ کە پێچەوانەی بڕگەکانی ئەم یاسایە بێت.

ماددەی حەوته‌م: ئەم یاسایه‌ لە ڕۆژی دەنگدان لەسەری دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هۆکاری دەرچواندنی ئەم یاسایە بۆ بەرقەرارکردنی شەفافیەت لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پارێزگاریی لە سیسته‌می دیموکراتی لە عێراق و پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانه‌، کە متمانە و پاکی بۆ هەڵبژاردنەکان و دادپەروەیی بگەڕێنێتەوە و کارنەکردن بە ئامێری خێرا راگەیاندنی ئەلیکترۆنیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە بووە هۆی دەرنەکەوتنی ئەنجامەکان بەشێوەیەکی راستەقینە و ئەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان.

s.m