پەرلەمانی عێراق هەردوو خاڵی گومرگی کەرکووکی هەڵوەشاندەوە

پەڕلەمانی عێراق  بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەردوو خاڵی گومرگی نێوان کەرکووک و شارەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا ئەمڕۆ (۲۱ی تشرینی دووه‌م\٣٠ی گه‌ڵاڕێزان) په‌رله‌مانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەردوو خاڵی گومرگی نێوان کەرکووک - سلێمانی و کەرکووک - هەولێر بە هۆکاری ئەوەی لە دەرەوەی چاودێریی په‌رله‌مانن.

هەردوو خاڵە گومرگییەکە لە سەرەتای مانگی تەمووزی ٢٠١٨ بە ڕێكکەوتنێک لە نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراق كرابوونه‌وه‌ و بەشێک لە داهاتی خاڵە گومرگییەکان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. كردنه‌وه‌ی ئه‌و ٢ خاڵه‌ گومرگییه‌ بەشێوەیەکی به‌رچاو کریگەری له‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی كه‌ركووك كردبوو، نرخی کاڵا و شمەک لە بازارەکاندا بەرزبووبوویه‌وه، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی دانیشتوانی كه‌ركووكی لێكه‌وتبووه‌وه‌.

ڕێبوار تەها ئەندامی په‌رله‌مانی عێراق بە ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: «پاش هەوڵەکانمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نادرووستەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق، خۆشبەختانە توانیمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کارکردن بە هەموو ئەو بڕیارانە ڕابگرین کە لە ڕێكه‌وتی ١ی ته‌مووزی ٢٠١٨ تا ٢٤ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٨ ده‌رچوون. لەنێویشیاندا بڕیاری دانانی خاڵە گومرگییەکانی نێوان کەرکووک و شارەکانی هەرێم.»

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتیشی، هاوڕابوونی نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک لەسەر پرسی لابردنی خاڵە گومرگییەکان ئەنجامێکی باشی هەبوو بۆ كه‌ركووكییه‌كان.



s.m