پەروین بوڵدان: کاری یەکەممان تێکشاندنى گۆشەگیرییە

پەروین بوڵدان لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپەدا رایگەیاند "یەکەم کارمان لەگەڵ هەڵبژاردندا تێکشکاندنى گۆشەگیرییە. بەرامبەر ئەو کەسانەى بە جەستەى خۆیان مانگرتن ئەنجام دەدەن، ئەرکی بەهێزکردنى بەرخودان و تێکۆشانەکەیان دەکەوێتە سەرشانمان".

ئەنجوومەنى ژنانى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەى رۆژەڤى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان، گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن لە ناوەندى هەدەپە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى هەدەپە لەبارەی ئازادکردنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە لە ٨٠هەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا وتى "دوێنێ لە زیندان هاتە دەرەوە و لە بریى ئەوەى پێبکەنێت لە ماڵەوە گریا و وتى 'من هەموو مەعنەویاتی خۆم لە زیندان بە جێهێشت. هاوڕێیانم لەوێ مانەوە و من هاتمە دەرەوە. دڵ و هۆشی ئێمە خاوەنداریکردنە لە هەڤاڵانمان'. پێویستە ئێمە لەگەڵیان بین و دەنگیان لە دەرەوە بە هەموو شوێنێک بگەیەنین و بڵاوى بکەینەوە. کاری سەرەکیمان لەگەڵ هەڵبژاردندا تێکشکاندنى گۆشەگیرییە. ئەوان جەستەی خۆیان خستووەتە ژێر مانگرتنەوە و ئەوەشى کە ئێمە دەتوانین ئەنجامى بدەین، ئەوەیە کە بەرخودانەکەیان گەورە بکەین".

بوڵدان راشیگەیاند، داواى سەرەکییان نەهێشتنى گۆشەگیریی سەر ئۆجالانە و وتیشی "ئێمە دەزانین گۆشەگیری چ مانایەکى هەیە. ٢٠ ساڵە گۆشەگیری بەردەوامیى هەیە. هەر چەند جار نا جارێک بەڕێز ئۆجالان گۆشەگیرییەکەى شکاندبێت و هاتن و رۆیشتنى شاندنەکانیش لە دۆخی گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی بووبووە "شێوەى بەڕێوەبەری"، بەڵام رێگریکردن لە چاوپێکەوتنى بنەماڵەکان و پارێزەرەکان مانای ئەوەیە، کە گۆشەگیری قورستر کراوە. بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لە ئێستا بە دواوە ئێمە لە هەموو شوێنێک زۆر زیاتر لە پێشتر باسی گۆشەگیری دەکەین و بێدەنگ نابین".

ر.م