پەکۆز: ئاشتی لەگەڵ ئۆجالان دروست بەرقەڕار دەبێت

کەمال پەکۆز پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە – HDP) ڕایگەیاند، تا عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە ژێر گۆشەگیریدا بێت، ئاشتی و چارەسەری دروست نابن.

کەمال پەکۆز پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە – HDP) ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە دەزانن، وەک هەر مرۆڤێک مافی ئۆجالانیش هەیە خانەوادە و پارێزەرانی ببینێت.

مازلۆم تونچ، نەورۆز ئویسال، چەنگیز یورەکلی و فایق ئوزگور ئەڕۆڵ پارێزەرانی ئۆجالان ڕۆژی پێنج شەمەی ڕابردوو بە ئارمانجی چاوپێکەوتن لەگەڵ موەکیلەکەیان بۆ ١٤مین جار سەردانی داواکاری گشی کۆماری بورسایان کرد.

ڕێزان ساریجا و نەورۆز ئویسال دوای ٨ ساڵ توانیان لە ٢ی ئایار/١٢بانەمەڕ، ١٢ی حوزەیران/٢٢ی جوزەردان، ١٨ی حوزەیران/٢٨ی جوزەردان و ٧ی ئاب/١٦ی گەلاوێژ چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت. دوای چاوپێکەوتی ٧ی ئاب/١٦ی گەلاوێژ، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک هیچ وڵامێکیان بۆ چاوپێکەوتنی پارێزەران و ئۆجالان نەداوەتەوە. سەردانی خێزانەکانیش بە بیانووی سزای دیسیپلین سێ مانگە ڕەتکراوەتەوە.

کەمال پەکۆز پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەی ئەو پرسەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و ڕایگەیاند، دوای مانگرتن لە خواردن گۆشەگیری شکێنرابوو، بەڵام دوای ئەوەی حکومەت نەیتوانی دەنگی کوردان ببرێت، جارێکی تر دەست بە گۆشەگیری کرا.

پەکۆز وتی، "ڕاست نییە، بوترێت، گۆشەگیری تەنها لەسەر ئۆجالان هەیە. زۆر ئەنجامی گۆشەگیری هەن. دەتوانین لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ئەنجامانە ببینین. کاتێک ڕێزدار ئۆجالان پەیامێکی بڵاوکردەوە، لە تورکیا ئاڵۆزیەکان کەمتر بوونەوە. لە ڕووی ئابوری و سیاسیدا ئارامیەک دروست بوو. بەڵام ئەو ڕێگەیەی ئاکەپە-مەهەپە لەسەری دەڕوون رێگەی ئاشتی و ئارامی کۆمەڵگا نییە."

پۆکەز ڕاشیگەیاند، ئەگەر هەنگاو بنرێت وئەو بەڵێنانەی کە دابوویان ببنە سەر، ئارامیەکی زۆر گەورە دروست دەبێت و ئاماژەی بەوەدا، "بە هۆی ئەو تاوانانەی کە دەسەڵات کردوویەتی و کارە نایاساییەکانی، ئەگەر لەداهاتوودا دەسەڵات بڕووخێت، لە ئێمە باشتر دەزانن تووشی چ ریسکێک دەبنەوە. بەو هۆیەوە هەنگاوەکان دوادەخەن.

کەمال پەکۆز پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەدەنە لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە دەزانن، وەک هەر مرۆڤێک مافی ئۆجالانیش هەیە خانەوادە و پارێزەرانی ببینێت و وتی، "ڕێزدار ئۆجالان گیراوێکی ئاسایی نییە. کاریگەریی لەسەر ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و تورکیا زۆرە. بێ ئۆجالان نە ئاشتی و نە ئارامی دروست دەبن. پێویستە زەمینێک دروستبکرێت، بۆئەوەی ئۆجالان و گەل بتوانن پەیوەندی دروست بکەن. بە هەڵگرتنی گۆشەگیری و ڕێگەدان بە چاوپێکەوتنی ئۆجالان و خێزانەکەی و پارێزەرانی، ئەو زەمینە دروست دەبێت."

ف.ق