"پەکەکە تەڤگەری باشووری کورستانیشە و بەرەنگاری داگیرکاری دەبێتەوە"

عەگید کەلاری یەک لە فەرماندەکانی 'هەپەگە' رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هەم باشووری کوردستان داگیر بکات و هەم پەیوەندیی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپچڕێنێت. کەلاری بانگی لە ڕۆشنبیران و گەنجان و پێشمەرگە کرد کە خۆیان بخەنە بەرەی گەریلاوە.

عەگید کەلاری یەک لە فەرماندەکانی هەپەگە دەربارەی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان، نزیکایەتی هەندێک لە بەرپرسانی حکومەتی باشوور، هەڵوێستی گەل و بەرخۆدانەکانی گەریلا لە دژی داگیرکاریی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

 

گەریلا لە بەهارەوە باشووری کوردستان لە داگیرکاریی تورکیا دەپارێزێت

فەرماندە عەگید کەلاری دەستنیشانی کرد، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان ئەوەیە تەواوی باشووری کوردستان داگیر بکات و بۆ ئەوەش پەکەکە وەک بەهانە نیشان دەدات.

کەلاری ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی ئاشکرا بەدەرکەوت و وتیشی "لە بەهارەوە هەتا ئێستا دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی برادۆست و بادینان بەردەوامیی پێداوە، هەڤاڵانی ئێمەش لە هەرێمی بادینان و خواکورک، لە دژی داگیرکاری بەرخۆدان دەکەن. لە ڕاستیدا هەڤاڵانمان لە بەهارەوە، لە دژی داگیرکاریی تورکیا، باشووری کوردستان دەپارێزن".

ئەگەر تورکیا نەبوایە ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان سەردەکەوت

عەگید کەلاریی ڕوونیکردەوە، ئاکەپە هاتووەتە سەر خەتی مەهەپە و مەهەپەش حزبێکی فاشیستە و هیچ شتێک بەناوی کورد پەسەند ناکات و وتیشی "ئێستا ئیتر لە نێوان ئاکەپە و مەهەپەدا، هیچ جیاوازییەک نییە. تەنانەت پێکەوە و بە یەک هاوپەیمانیی بەشداریی دوایین هەڵبژاردنەکانیان کرد. مەهەپە هیچ شتێک لەسەر ناوی کوردان پەسەند ناکات و لە ڕاستیدا ئاکەپەش وەهایە. گەلی کورد لە باشووری کوردستان ڕیفراندۆمی کرد، بەڵام تورکیا ئەو ڕیفراندۆمەی پەسەند نەکرد و دژایەتیشی کرد. ئەگەر تورکیا نەبوایە، ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان سەردەکەوت. ئەوانەی زۆر بە تووندی دژ بە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان وەستانەوە، ئاکەپە و مەهەپە بوون. ئەو دەستکەوتانەشی کە لە باشووری کوردستان بەدەستهاتوون پەسەندی ناکەن. هەوڵی ئەوان بۆ ئەوەیە باشووری کوردستان زیاتر لاواز بکەن. بۆ ئەوەش پەکەکە وەک بەهانە نیشان دەدەن. دەبێت هەموو کەس ئەو ڕاستییە بزانێت. پێویستە هەموو کەسێک ڕاستی ئاکەپە و مەهەپە بزانێت و پەی بە ئامانجی داگیرکەرانەی ئەوان ببات، ئەوکات دەبێت لە دژی ئەو ئامانجانە بوەستنەوە. دەبێت زیاتر و باشتر پشتگیریی لە هەڤاڵان بکەن. گرنگە گەنجان و ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان پشتیوانی لە بەرخۆدانی هەڤاڵان بکەن لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا. داواکاریی ئێمەش لە گەل ئەوەیە ئاگایان لە پیلانی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا هەبێت و لە دژی ئەوەش پشتگیریی بدەن بە گەریلا".

پەکەکە تەڤگەری باشووری کوردستانیشە

فەرماندە عەگید کەلاری ئەوەشى وت، پەکەکە تەڤگەرێکی کوردستانییە و لەبەر ئەوەشە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بوونی هەیە و وتیشی "کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە پەکەکە لە هەمان کاتدا تەڤگەرێکی باشووری کوردستانیشە. هەڤاڵان بەشدارییان لە شەڕی جەلەولادا کرد و بۆ ئازادکردنی جەلەولا لەدەستی چەتەکانی داعش، هەڤاڵان شەڕیان کرد. لە کەرکوکیش لە دژی داعش شەڕیان کرد و تەنانەت هەڤاڵانمان شەهیدیان دا. لە شەنگال هەڤاڵان لە دژی داعش شەڕیان کرد. ئێستاش بەرخۆدان بەردەوامیی هەیە بۆ گەلی باشووری کوردستان و پاراستنی باشووری کوردستان. واتە پەکەکە لەهەمان کاتدا بزووتنەوەیەکی باشووری کوردستانیشە. پەکەکە تەنها هی باکووری کوردستان نییە، بەڵکو هی باشووری کوردستانیشە. نابێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە پەکەکە تەڤگەرێکی باشووری کوردستانیشە، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە، کە هەرکاتێک هێرش لەسەر باشووری کوردستان هەبووە، پەکەکە باشووری کوردستانی لەو هێرشانە پاراستووە، بۆیە پەکەکە تەڤگەرێکی باشووری کوردستانیشە".

شەڕی قەندیل شەڕی پاراستنی تەواوی باشووری کوردستانە

عەگید کەلاری جەختی لەوەش کردەوە، ئەوەی پێش ئێستا هێرشی دەکردە سەر باشووری کوردستان داعش بوو، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورکیایە کە هێرشی داگیرکاریی دەکات و وتیشی "لە ڕاستیدا داعش و تورکیا تەواوکەریی یەکترن. پێویستە ئەو ڕاستیە بزانرێت و بەو شێوەیە لە شەڕی قەندیل تێبگەین. شەڕی قەندیل شەڕی پاراستنی تەواوی باشووری کوردستانە. لەبەرئەوە دەبێت مەسەلەکە وەک خۆی شرۆڤەی بۆ بکرێت. نیشاندانی پەکەکە وەک داگیرکەر، خزمەت بە داگیرکەران دەکات. ئیستا هەندێک دەنگی جیاواز دەرکەوتوون کە پەکەکە وەک داگیرکەر نیشان دەدەن، بەڵام فڕیان بەسەر ڕاستیەوە نییە. ئێمەش خەڵکی باشووری کوردستانین، چۆن دەبێت کە ئێمە داگیرکەر بین؟ ئێمە کوێمان داگیرکردووە؟ کاتێک کەسێک لە ولاتی خۆیدا بێت و ولاتی خۆی بپارێزێت، داخۆ چۆن دەبێتە داگیرکەر؟ سووپای تورکیا هاتووەتە نێو خاکی باشووری کوردستان، ئێمەش لە دژی ئەو سووپایە شەڕ دەکەین و بەرخۆدان دەکەین. چۆن دەبێت کە ئێمە داگیرکەر بین؟ لەبەرئەوە گوتەی وەها دوورە لە ڕاستییەوە و خزمەتیشە بە داگیرکەران، خزمەتە بە تورکیا. جا لەبەر ئەوە دەبێت گەلەکەمان بەم ڕاستییانە بزانن و پێویستە بە شێوەیەکی بەهێز لە دژی ئەو لێدوان و ڕاگەیەندراوانە بوەستنەوە. کاتێک تۆ بێیت و ناوی داگیرکەر لە هێزێک بنێیت کە بە بەرخۆدانی خۆی باشووری کوردستان دەپارێزێت، ئەمە بە مانای چی دێت؟ ئەمە بە مانای ئەوە دێت خزمەت بە داگیرکەرانی تورکیا دەکەن. پەکەکە داگیرکار نییە، بەڵکو پەکەکە هێزێکی باشووری کوردستانە. بۆ پاراستنی باشووری کوردستانیش ئێمە ئامادەین گیانی خۆمان فیدا بکەین و ئەوەشمان کردووە".

یەک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا پچڕاندنی پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە

فەرماندە عەگید کەلاری ئەوەشى خستەڕوو، دەوڵەتی تورکیا چەندین ئامانجی هەیە لە داگیرکردنی باشووری کوردستان و روونیشیکردەوە "یەک لە ئامانجەکانیان ئەوەیە بە کەوتنە ناو خاکی باشووری کوردستان، سنووری نێوان باشووری کوردستان و ئێران دابخەن. هەروەها دەیانەوێت شارەکانی کەرکوک و موسڵیش داگیر بکەن. بۆ ئەو ئامانجانەی خۆیشی پەکەکە دەکاتە بەهانە. ئەو پیلانانەی تورکیا ئاشکران و هەمووانیش ئەوە دەزانن".

گەلی باشوور دەبێت سەرهەڵدان بکات

عەگید کەلاری دەستنیشانیشی کرد، لە دژی ئەم داگیرکارییە دەبێت گەلەکەمان لە باشووری کوردستان سەرهەڵدان بکەن و وتیشی "گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، لە ئیستادا بێ هەڵویست نین. بە تایبەتی هاتنی گەنجان بۆ قەندیل شتێکی پیرۆزە و زۆر باشە. پێویستە هەڵویستێکی باشتر نیشان بدرێت و تەواوی گەلی باشووری کوردستان ببنە قەڵغانی زیندوو. هەر وەک چۆن گەنجان بە شێوەی قەڵغانی زیندوو قەندیل دەپارێزن، ئاوەهاش پێویستە گەلەکەمان بەشێوەی قەڵغانی زیندوو هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. بڕژێنە سەر شەقامەکان و ڕاپەڕن و سەرهەڵدان بکەن. دەبێت هەموو ڕۆژێک چالاکی ئەنجام بدرێن. لەبەر ئەوەی داگیرکاریی ئەمجارە جیاوازە. داگیرکاریی ئەمجارە دەیەوێت سنووری باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابخات. هێرش لەسەر برادۆست بە مانای داخستنی سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێت. لەبەرئەوە دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو هێرشانە پەسەند نەکرێن و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بکەوێتە ناو مەسەلەکەوە و خاوەنی هەڵوێست بن. واتە هاتنی تورکیا بە بەهانەی پەکەکە بۆ ئامانجی جیاواز و گەورەترە. دەبێت گەلەکەمان باش بەو ڕاستییە بزانن".

بانگەواز بۆ گەنجان و ڕۆشنبیران

فەرماندە عەگید کەلاری جەختی لەوە کردەوە، دەبێت گەل بە شێوەیەکی زانایانە و هۆشیارانە بجوڵێنەوە و بە بەردەوامیی لەناو چالاکیدا بن، وتیشی "گەلی باشووری کوردستانیش ڕۆڵی هەیە. بە تایبەتی گەنجان و ڕۆشنبیران، دەبێت هەڵوێستی خۆیان بەهێز بکەن. نەک تەنها قەندیل، بەڵکو دەبێت بڕۆنە برادۆستیش. بەو شێوەیەش دەتوانرێت باشووری کوردستان بپارێزرێت. گەریلا بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەستێت و بۆ پێشگرتن لە داگیرکاریی سەر باشووری کوردستان ئامادەن فیداکارییەکی گەورەتریش بکەن. گەریلا هێزێکی نەتەوەییە، هەر دەڤەرێکی کوردستانی پێویستی پێی هەبێت، گەریلا لەوێیە. نەک تەنها جەلەولا، بەڵکو ئەگەر پێویست بکات، ئێمە لە کرماشانیش دەبین. لە ئورمیەش دەبین. پێویست بکات ئێمە لە عەفرینیش دەبین. هەر دەڤەرێکی کوردستان پیویستی بە ئێمە بێت، ئێمە لەوێ دەبین. دەبێت هەموو کەس بەم شێوەیە لە گەریلا تێبگات و هەپەگە بەو شێوەیە بناسێت. هەپەگە وەک لە ناوەکەیەدا دیارە  'هێزەکانی پاراستنی گەل' لە هەر کوێیەک گەلی کوردستان پیویستی بە گەریلا هەبێت، گەریلا لەوێن. هەر لەبەرئەوەشە کە ئێستا لە باشووری کوردستانن. هەبوونی گەریلا لەسەر ئەم بنەمایەیە. هەبوونی گەریلا بۆ پاراستنی باشووری کوردستانە. هەر وەک چۆن لە باکووری کوردستان ئەرکی پاراستنی گەل بەجێدەهێنێت، بەهەمان شێوەش لە باشووری کوردستانیش بە بێ جیاوازی ئەرکی پاراستنی خاک و گەل جێبەجێ دەکات. پێناسەکردنی گەریلا بە هەر شێوازێکی تر، دوورە لە ڕاستییەوە. پێناسەکردنی گەریلا وەک داگیرکار، تەنها و تەنها خزمەت بە داگیرکەر دەکات. ئێمە ئەوە بە ڕاست نابینین، لەبەرئەوە دەبێت ئەو نزیکایەتییە سەرڕاست بکرێتەوە".

دەبێت پێشمەرگەش لەگەڵ گەریلا دژ بە داگیرکاریی بەرخۆدان بکات

فەرماندە عەگید کەلاری ئاماژەی بە گرنگیی بەرخۆدانی گەریلا کرد و وتی "ئەو کەسانەی خۆیان بە پێشمەرگە دەزانن، هەر وەک چۆن لە جەلەولا، کەرکوک و شەنگال، شانبەشانی هەڤاڵان دژ بە داعش شەڕیان کرد، دەبێت ئاوەهاش لە ئێستادا دژ بە داگیرکاریی تورکیا شان بەشانی گەریلا شەڕ بکەن. لەبەرئەوەی داگیرکاریی ئێستای تورکیا زۆر جیاوازە. پێویستە خەتی مەهەپە باش بزانرێت. خەتی مەهەپە خەتێکی داگیرکەر، فاشیست، نکۆڵیکەری کوردانە. ئەگەر تورکیا نەبوایە ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان سەردەکەوت. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت".

لەکۆتایی قسەکانیدا، فەرماندە عەگید کەلاری بانگی لە گەلی کورد کرد و وتی "ئێمە بانگ لە گەلەکەمان دەکەین کە چالاکی ئەنجام بدەن و بانگ لە پێشمەرگەش دەکەین کە لەگەڵ گەریلا و هەڤاڵانی دی لە سەنگەری بەرخۆداندا بن. بانگ لە گەنجان دەکەین کە چالاکییەکەیان بەهێزتر بکەن. تەنها لە قەندیل نەمێننەوە و بەرەو برادۆستیش بەڕێ بکەون. با لە خواکورکیش هەبن. با لە هەرێمی بادینانیش هەبن. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە کار و تێکۆشانی گەنجان بە کەم نابینین و دەستخۆشییان لێ دەکەین، بەڵام دەبێت بگاتە ئەو ئاستەی کە بتوانن پێش لە هێرشە داگیرکارییەکان بگرن. ئێمە دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانەش دەکەین کە بەشداری چالاکییەکە بوون. لە دەستخۆشیش زیاتر، ئەوە ئەرکی ئەوان بە خۆیانە. ئەو ئەرکەش ئەرکی وڵاتپارێزییە و بەجێی دەهێنن. گرنگە مرۆڤ لە هەمبەر داگیرکاریی هۆشیار بێت. لە دژی داگیرکاریی هەرچیەکییان لەدەست بێت، دەبێت درێغی نەکەن".

ر.م