چارەنووسی نادیاری تەرمی شەهیدانی سێدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دوو هەفتە بەسەر لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی کورد ڕامین حسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی تێپەڕبووە، بەڵام تائیستا هیچ زانیارییەک لەسرتەرمەکانیان یا خود گۆڕەکانیان بەردەست نەکەوتووە.

ڕۆژی ٨ئەیلول/١٧ی خەرمانان، سێ زیندانی سیاسی کورد ڕامین حسێن پەناهی ، زانیار و لوقمان مورادی لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دران، هەرچەند ڕۆژێک دوای لەسێدارەدانی ئەو چالاکە کوردانە ڕاگەیەندرا، کە بنەماڵەکانیان توانیویانە چاویان بە تەرمی ڕۆڵەکانیان لە ساردخانەی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران بکەوێت، بەڵام لە پاش ئەو ڕۆژەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی تەرمەکان یان گۆڕەکانی ئەو شەهیدانە بە بنەماڵەکانیان ڕانەگەیەندراوە.

کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەڵێن، کە ڕژیمی ئێران تەرمەکانی بێسەروشوێن کردووە، چونکە لە تەرمەکانیشیان دەترسێت.

ئەو ڕەفتارە دژەمرۆییانەیەی ڕژیمی ئێران بەرامبەر بەو تەرمانە تووڕەیی ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەدوواوە بوو.

هەروەها تەرمی کەمال ئەحمەدی نەژاد، زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کورد کە ڕۆژێک دوای ئەو سێ لاوە کوردە لە سێدارەدرا هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی ٨ی ئەیلول/١٧ی خەرمانان، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ، سێ زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی ڕامین حسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی لەسێدارەدران، هەروەها دوو ڕۆژ داوی ئەوە لە بەندیخانەی شاری میان دووئاو-ی تەبرێز کەماڵ ئەحەمەدی چالاکێکی دیکەی رخەلکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە درا.

ک-ش