چالاکوانی کاروباری ژنان: هاوسەرگیری دەروەی دادگا هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەیە

هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا چالاکوانی کاروباری ژنانی نیگەران کردووە و دەلێن: ژنان زەرەرمەندی یەکەمی هاوسەرگیری دەروەی دادگان چونکە لە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا ژنان هەموو مافێکیان دەفەوتێت.

چالاکوان و پارێزەرێکی کاروباری ژنان دەلێت: هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا هۆکارێکی سەرکییە بۆ جیابوونەوە چونکە زۆربەی ئەوانەی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا ئەنجامدەدەن هاوسەرگیری دووەمیانە یان کچەکە تەمەنی یاسای تێپەر نەکردووە.

ئەگەر چی بەپێی یاسا پێویستە پرۆسەی هاوسەرگیری سەرەتا لە دادگا ئەنجام بدرێت پاشان لەلای مامۆستای ئاینیی، بەڵام تا ئێستا لە شاری کەرکوک هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا بەردەوامی هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانەی، كە بڵاوکراونەتەوە لەلایەن دادگاوە تەنها لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ١٢٢٤ حاڵەتی هاوسەرگیری هەبووە لە شاری کەرکووک لەو رێژەیەش ١٩٨ حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیریان ئەنجامداوە و لەو ژمارەیەش ١٥٧ حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگا جیابوونەتەوە تەنها ٢٩ حاڵەتیان لە دادگا جیابوونەوەیان ئەنجامداوە.

ئەژی عەلی محەمەد توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی مافپارێزی ژنانە دەربارەی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا و لێکەوتە خراپەکانی بۆ ژنان، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: ''بەڕاستی کارەساتە بۆ ژنان کاتێک لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن چونکە هەموو مافێکیان دەفەوتێت و ئەو ژنە کاتێک منداڵی دەبێت ناتوانێت ناسنامە بۆ منداڵەکەی دەربکات کاتێکیش ئەو منداڵە بچێتە قوتابخانە ئەوە بێ ناسنامە قەبوولی ناکەن."

هەروەها ئەژی عەلی ووتی: "لەکاتی جیابوونەوەی دوو هاوسەر مافەکانی ژنان هەمووی دەفەوتێت چونکە ناتوانین لە دادگا داکۆکی لە مافی ژنەکە بکەین بەبێ بوونی رێکەوتنامەی هاوسەرگیری(عقد زواج)، بەبێ بوونی رێکەوتنامەی هاوسەرگیری ناتوانین لە دادگا پارە لە پیاوەکە بستەنین بۆ قەرەبوو کردنەوەی ژن و منداڵەکەی."

هەروەها ئەژی عەلی ووتیشی: "بەبێ بوونی رێکەوتنامەی هاوسەرگیری(عقد زواج) دادوەر ناتوانێت بەهیچ شێوەیەک پشتگیری ژنان بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، بەبێ بوونی رێکەوتنامەی هاوسەرگیری(عقد زواج) پیاوان دەتوانن لە شارەکانی دیکەی هاوسەرگیری بکەن بەبێ ئەوەی دادگا ئاگادربێت کە ئەم پیاوە هاوسەری هەیە و رێگە نەدات جارێکی دیکە هاوسەرگیری ئەنجام بدات."

هەروەها ژیار سەڵاح توێژەرێکی کۆمەڵایەتییە لە رێکخراوی هیوای عیراقی بۆ مافەکانی ژنان سەبارەت بەبابەتی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا و لێکەوتە خراپەکانی بۆ ژنان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو رێکخراوی هیوای عیراقی بە بەردەوام سیمینارمان ئەنجامداوە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کچان سەبارەت بە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا کە چۆن لێکەوتی خراپی لێدەکەوێتەوە."

هەروەها ژیار سەڵاح ووتیشی: "یەکێک لە لێکەوتە خراپەکانی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا ئەوەیە کە ژنان لەکاتی جیابوونەوەدا هەموو مافەکانیان دەفەوتێت، ئێمە وەکو رێکخراوی هیوای عیراقی بۆ مافەکانی ژنان لە ماوەی دوو مانگدا نزیکەی ٢٠ حاڵەتی لەم جۆرەمان بۆ دێت کە ئەو ژنە لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری ئەنجامداوە، ئێمەش هەوڵ دەدەین مافی ئەو ژنە نەفەوتێت بەڕاستی زۆر زەحمەتە بتوانین مافی تەواوی ئەو ژنە بستەنین."

ئاهەنگ ئەنوەر پارێزەرێکی یاساییە سەبارەت بە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا و لێکەوتە خراپەکانی بۆ ژنان لەلایەنی یاسایەوە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "کاتێک ژنێک لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری ئەنجام دەدات پاشان هەوڵی تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکەی بدات لە دادگا پێویستە دوو کەس ئامادەبن بۆ ئەوەی شایەدی بدەن لەسەر هاوسەرگیری ئەو کەسە بەڵام بەمەرجێک پیاوەکە نکۆلی لەم هاوسەرگیریە نەکات، هاوسەرگیری دەرەوەی یاسا لێکەوتی خراپی زۆر دەبێت."

هەروەها پاریزەر. ئاهەنگ ئەنوەر ڕاشیگەیاند: "ژنان زەرەرمەندی یەکەمی هاوسەرگی دەروەی دادگان چونکە مارەکردن لەلایەی مامۆستای ئاینی دانپێنراو نیە لەلایەن دادگا ئەمەش مافی ئەو ژنە دەفەوتێت لەکاتی جیابوونەوە، هەروەها کاتێک ئەو ژنە مندالی دەبێت بەشیوەیەکی فەرمی هاوسەری نیە بۆیە کێشە دروستکردنی بەڵگەنامە بۆ ئەو منداڵە دروست دەبێت."

لە کۆتایدا پارێزەر. ئاهەنگ ئەنوەر ووتی: "هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا هۆکارێکی سەرکییە بۆ جیابوونەوە دوو هاوسەر چونکە زۆربەی ئەوانەی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا ئەنجامدەدەن هاوسەرگیری دووەمیانە یان کچەکە تەمەنی بچوکە و تەمەنی یاسای تێپەر نەکردووە بۆ هاوسەرگیری کردن، وە  زەرەرمەندی یەکەمی ئەم پرۆسەیە ژنانن."

ف.ق