چالاکیى مانگرتن لە خواردن لە تۆرۆنتۆ و گراتس کۆتایى پێهات

چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری تۆرۆنتۆی کانادا و لە شاری گراتسی نەمسا کۆتایى پێهات.

تۆرۆنتۆ

چالاکیى مانگرتن لە خواردن رۆژی یەکشەممە لە شاری تۆرۆنتۆی کانادا دەستیپێکردبوو. چالاکییەکە بە زۆری بە بەشداریى ژنان بەڕێوەچو. چالاکییەکە دوێنێ ئێوارە کۆتایى پێهات.

 

ئۆلاجای ئایدۆغدو یەکێک لە بەشداربوانى چالاکییەکە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، بۆ ئەوەى دەنگی لەیلا گیوڤەن لە دژی گۆشەگیری بگاتە راى گشتى و بە جیهاندا بڵاوبێتەوە، بەشداریى لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندا کردووە.

جەیهان یڵمازیش رایگەیاند "گەلی کورد بۆ ئەوەى بتوانێت لەسەر خاکى خۆی بژی باجێکى زۆری داوە و هێشتاش بەردەوامە لە باجدان. بێدەنگیى حکومەتەکان بەرامبەر بە چالاکییە دیموکراتیکەکان دەبێتە هۆی ئەوە کە هاواری گەلی کورد گەورەتر بێت".

گراتس

چالاکیى مانگرتن لە خواردن لە شاری گراتسی نەمسا ئێوارەى دوێنێ کۆتایى پێهات. رێکخستنى گەنجانی گراتس سەردانى چالاکوانەکانیان کرد و پشتیوانى خۆیان بۆ چالاکییەکە خستەڕوو.

خالیس سەڤەر هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە نەمسا وتەیەکى پێشکەشکرد و سڵاوى بۆ بەرخودانى هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ لەیلا گیوڤەن نارد.

ر.م