چالاکیەکانی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چالاکیەک بۆ ڕسواکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا. لە چالاکیەکەدا چەندین هاوڵاتی وڵاتی چیلیش بەشدار بوون.

کوردستانیان و لایەنگرانیان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا هەموو شەوێک لە شەقامەکانن و داگیرکاریەکە شەرمەزار دەکەن.

لە چالاکیەدا ئایشە گوکتەپە بە ناوی ئەنجومەنی ژنانی ئامارا قسەی کرد و باسی لە تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرد کە لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات و تاوانەکانی شەرمەزار کرد.

هەروها لە چالاکیەکەدا بانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورۆپا  کرا کە لە دژی گەلی کورد چەکی کیمیایی بەکار دەهێنرێت و داوایان لێ کرا کە فشارەکانیان بۆسەر دەوڵەتی تورک زیاد بکەن.

گەنجانی چیلیش لە چالاکیەکەدا پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی رۆژئاوای کوردستان نیشاندا و پەیامی خۆیان بۆ پشتیوانی لە گەلی ستەملێکراوی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دووپات کردەوە.

چارلیس کاپۆس ڤێگاسی چیلی لە چالاکیەکەدا پەیامێکی بڵا کردەوە و ڕایگەیاند کە دوژمنی هاوبەشی گەلان فاشیست و دیکتاتۆرن و وتی: بۆ دواڕۆژێکی گەشی گەلان بە گشتی، ئێمەش لەگەڵ گەلی کورد خەباتێکی هاوبەش دەکەین.

بەشداربوویەکی تری چالاکیەکە بە ناوی جۆرج کانتریرەسی خەڵکی چیلی لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی هەواڵی فورت وتی: بە دەیان ساڵە ئێمە پشتیوانی گەلی کورد دەکەین بۆ ئەوەی بگەن بە مافەکانیان و دەوڵەتی خۆیان دامەزرێنن. ئێمە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکین بۆ سەر گەلی کورد و پشتیوانیان لێ دەکەن.

بەشداربوویەکی تری چالاکیەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان خەباتی گەلی کورد وەک خەباتی خۆیان دەبینین و وتی: ئێمە و ئەوانیش بۆ ژیانێکی هاوبەش و سۆسیالیست خەبات دەکەین. بۆیە دەبێت بە یەکەوە خەبات بگێرین.

ف.ق