چیرۆکی گەریلایەکی قەناس بە دەست لە کەرکووک

شەڕڤانی ئازادی بێریتان وڵات لە رۆژئاوی کوردستان لە دایکبوو. لە شەڕی دژی داعش بە قەناسەکەی لە کەرکوک خاون ڕۆڵێکی گەورە بوو. لە باکوری کوردستان شەهید بوو.

چەتەکانی داعش لە درەنگانێکی شەوی ٢٦ تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ / ٦ی گەڵاڕێزان لە سەنگەرەکانی شەڕەوە  دزەیان کرد بۆ ناو ناوەندی  شاری کەرکووک و لەگەڵ کاتژمێر بوو بە ٣ی شەو لە هەموو شوێنکی کەرکووک دەنگی تەقە و هاوار بەرز بوویەوە. ئیمەش وەک تیمی ڕۆژنامەوانیی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەو شەوە لە کەرکووک بووین. ئەو کاتە ئێمەش لە شوێنەکەى خۆماندا لە نزیک قەڵاى کەرکووک بە دەنگی  تەقە و چەک خەبەرمان بوویەوە. چەتەکانی داعش خۆیان خزاندبووە ناو هۆتیل کەرکووک لە ناو بازاڕی مەجدیە، کە دەکاتە ناوەندی سەنتەری شاری کەرکووک. هاوکات دەکەوێتە بەرامبەری قەڵای کەرکوک، ئیمە بە حوکمی ئەوەی، کە لە ڕووداوەکە نزێک بووین یەکەم تیمی ڕاگەیاندن بووین، کە خۆمان گەیاندە شوینکە. کاتێک نزیک بووینەوە لە پۆلیسەکانمان پرسی چی روویداوە؟ وتیان داعشێکی زۆر هاتوونەتە ناو کەرکوکەوە. لێرەش هەن، بەڵام نازانین لە کوێن، بە قەناس تەقەمان لێ دەکەن وچەند هاوڕێیەکیان شەهید کردوین،بە هەر حاڵ داوای مۆڵەتمان لێکردن، کە بچین بۆ سەر قەڵاکە لەبەر ئەوەی شوێنکی بڵند بوو هەموو کەرکووکی لێوە دیار بوو. ڕێگەیان پێداین، بەڵام وتیان زۆر ئاگادار بن بە قەناس تەقەتان لێ دەکەن.

لە هەموو شوێنکی کەرکووک دەنگی تەق دەبیسترا

لە هەموو شوێنکی کەرکووک دەنگی تەقە دەبیسترا. پێیان ڕاگەیاندین داعش گەڕەکەکانی ئیسرا، مەقفودین، حەی واست، حەی عەسکەری و چەند گەڕەکێکی تریان داگیرکردووە، ئەو دەنگۆیانە بڵاو بوونەوە و کەرکووکییەکان هەستیان بە مەترسی کرد و زانییان دۆخەکە بە ئاسانی بە هێزە ئەمنیەکان کۆنترۆڵ ناکرێت. وەک ئەرکێکی خۆ پاراستن هە زاران کەس چەکیان کردە شانیان بە ناو شاردا بڵاو بوونەوە. شەڕ درێژەی کێشا، ئێمە چاودێریی ئەو هۆتێلە بازاڕی مەجدیەمان دکرد، کەو ژمارەیەک چەتەی داعش خۆیان تیادا جێگیرکردبوو. دیار بوو شارەزاییەکی زۆریان هەبوو لە چەکی قەناس، بە داخەوە خەڵکێکی زۆریان بریندار و شەهید کرد لەو کەسە خۆ بەخشانە، کە هاتبوون بۆ بەرەنگار بوونەوە، بەمشێوەیە تاکو ڕۆژ بوویەوە بە بەردەوامی شەڕ هەبوو.

 دواتر لەلایەن فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە داوا لە هێزی گەریلا کرا کە تیمە قەناس بە دەستەکانیان بنێرن بۆ ئەو شەڕە. ئەو کاتە هێزی گەریلا لە سەنگەرەکانی شەڕی کەرکووک بوون، بۆیە نزیک کاتژمیر ٨ی بەیانی تیمەکانی گەریلا گەیشتنە ناو کەرکووک. کاتێک گەل هێزی گەریلای بینی پێشوازییەکی گەرمیان لێکردن. هەر کەسەوە لە شوێنى خۆیەوە هاواری دەکرد: "هەڤاڵ بە خێر بێن، بژی پەک، بژی گەریلا، بەخوا بەس گەریلا تەواوە" ئەمجۆرە قسە و دروشمانەیان دووبارە و دووبارە دەوتەوە و ورەی گەل زۆر بەرز بوویەوە.

پیاوەکان بیرتانیان بێنی غروری پیاوەتیان بەرز بەرز بوویەوە

تێمەکانی گەریلا لە کەرکووک بڵابوونەوە بۆ ئەوەی بچن شەڕی کۆڵان بە کۆڵان و قەناس لە دژی چەتاکانی داعش بکەن. تیمێک لەو هێزەى گەریلا نێردرا بۆ سەر قەڵای کەرکووک. لە بەر ئەوەی قەڵای  کەرکووک  جێگەیەکی ستراتیجی بوو لە ڕووی سەربازییەوە باڵادەستى و زاڵبوونێکى تەواوی بە سەر تەواوی بازاڕی مەجدیە و ئەو هۆتێلەدا هەبوو، کە چەتەکانی داعش خۆیان لێ حەشاردابوو.

 ئەو تیمەی گەریلا پێکهاتبوون لە ٣ هەڤاڵ، کە ٢ هەڤاڵیان پیاو بوون و یەکێکیشیان ژن بوو. ئەو هەڤاڵە ژنە ناوی بێریتان وڵات بوو گەنجێکی بە سەلیقە و بەتوانا دیار بوو. تەمەنێکی گەنجی هەبوو خەڵکی شاری دربە سپیی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، پێشمەرگە و خۆبەخشیکی زۆر لەسەر قەڵای کەرکووک کۆ ببوونەوە. کاتێک ئەو گروپەی هەڤاڵانیان بینی بە تایبەت کاتێک چاویان بە بێریتان کەوت ورەیان زۆر بەرز بوویەوە و زۆر هێزیان لەوهەڤاڵە ژنە وەرگرت، کە لە ناو ئەو سەدان پێاودا بوو، پیاوەکانیش غروری پیاوەتی گرتنی و ورەیان زۆرتر بەرز بوویەوە.

تا هەدەفی نەبینیایە تەقەی نەدەکرد

بێریتان لەگەڵ ئەوەی پێشوازییەکی زۆری لێکرا و خەڵک زۆر ستایشیان کرد، بەڵام ئەو زۆر دڵی لەلای ئەو پێدا هەڵدانە نەبوو، بەڵکو بە دوای شوێنکی گونجاودا دەگەڕا بۆ ئەوەی دووژمنەکانی بکاتە هەدەف، منیش لەگەڵی ڕۆێشم بۆ ئەوەی دیمەن و وێنەی بگرم بۆ ڕاپۆرتەکەم لەسەر شەڕی کەرکووک. من زۆر پەلەم بوو بۆ ئەوەی لە کاتى تەقەدا ڤیدیۆی بگرم، بەڵام ئەو زۆر لەسەر خۆ بوو، بە وریاییەوە هەنگاوی دەنا، چاوی خستبووە سەر دووربینی قەناسەکەی و بە دوای دوژمنەکانیدا دەگەڕا هیچ فیشەکێکی بە بەلاش نەدەتەقاند تاکو هەدەفی نەبینیایە. شەڕ بەردوامبوو تاکو ئێوارەى ئەو رۆژە و کۆتییان بەو چەتانە هێنا، کە دزەیان کردبووە ناو کەرکووکەوە.

رێکخستنی مەراسیمێكی شایستە لە دڵی کەرکووکییەکان دا ماوەتەوە

بێریتان لە ڕۆژئاوی کوردستان بەشداریی ڕیزەکانی گەریلا ببوو. لە کەرکووک و گەرمیان تێکۆشانێکی مەزنی کرد. لە باکوری کوردستان شەهید بوو.  دەربارەی شەهیدبوونی بێریتان وڵات، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رۆژی پێنجشەممە و ١٥ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ٢٥ی جۆزەردان هەواڵی شەهیدبوونی بێریتان وڵاتی بڵاوکردەوە.

بەپێى راگەیاندراوەکەى هەپەگە، رۆژی ١٦ی نیسانی ٢٠١٩/ ٢٧ی نەورۆز لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەر ناوچەی شەهید دیانا لە هەرێمی بەستای شڕنەخ لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیدا دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی بێریتان وڵات و هێڤی ڤیان شەهید بوون.

هەواڵی شەهیدبوونی بێریتان و هەڤاڵەکانی بۆ کەرکووکییەکان و ئەوانەی ئازایەتی و لێهاتوویى ئەو هەڤاڵەیان بینی بوو جێگای خەمێکی گەورە بوو و پێی دڵتەنگ بوون. من دڵنیام ئەگەر شاری کەرکووک لە دۆخێکی ئاسایدا بوایە و  وەک ئێستا بە سەربازی بەڕێوە نەبرایە، ئەوا کەرکووکییەکان مەراسیمێکی زۆر گەورەیان بۆ بێریتان رێکدەخست. خەڵکی کەرکووک ئەویان هەر لە دڵدا ماوە، گەرچی لە ئێستادا ناتوانن مەراسیمێکی شیاو و بەرز بۆ یادی ئەو شەهیدەى کوردستان دروست بکەن.

ر.م