چەتەکانى تورکیا لە ئەڵمانیا تەنها لەبەر سەرپێچیى یاسایى دادگایى دەکرێن، نەک تاوانى سیاسی

گروپی چەتەگەریى "عوسمانییەکانى ئەڵمانیا"، کە بۆ رژێمەکەى ئەردۆغان کار دەکەن ٨ بەڕێوەبەر و ئەندامیان لە شتوتگارت دەستگیرکراوە. سەرباری ئاشکرابوونى تاوانە سیاسییەکانى ئەو گروپە، لە ئێستادا تەنها لەبەر سەرپێچیى یاسایى دادگایى دەکرێن.

گروپی چەتەگەریى "عوسمانییەکانى ئەڵمانیا" بە پشتیوانى دەسەڵاتى ئاکەپە لە ساڵی ٢٠١٤دا بە ناوی یانەی بۆکسێن-ەوە دامەزرابوو. بەڕێوەبەرانی ئەو گروپە چەتەیە لە مانگی ئاداری رابردووە لە دادگای ئەیالەتى شتوتگارت دادگایى دەکرێت.

دوای ئاشکرابوونى کارە تاوانکارییەکانى ئەو گروپە چەتەگەرییە و ئاشکرابوونى ئامادەکارییان بۆ تیرۆرکردنى ئەندامانى ئۆپۆزسیۆنى رژێمەکەى ئەردۆغان، سەرەک چەتەى ئەو گروپە لەسەر تاوانکاری، هەوڵی تیرۆر و رفاندن، پەلاماردان، بریندارکردنى خەڵک و "کرێکاری سێکسی" لە دادگاى شتوتگارت دادگایى دەکرا.

ئێستاش بەپێى هەواڵێکى رۆژنامەى شتوتگارت هەواڵ (Stuttgarter Nachrichten) ئەو دادوەرانەى کە دۆسیەکە و دانیشتنەکانى دادگاکە بەڕێوەدەبەن ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەن سزای زیندانیکردن بۆ ٨ چەتە دەستگیرکراوەکەى عوسمانییەکانى ئەڵمانیا دەربکەن و دۆسیەکە یەکلایى بکەنەوە، بەڵام هاوکات هەوڵیش دەدەن هێرشی ساڵی ٢٠١٦ لە شاری لودویگسبورگ لە دژی کوردان و ئەندامبوونی ئەو چەتانە لە گروپی چەتەگەریى عوسمانییەکانى ئەڵمانیادا وەک تاوانى سیاسی ئەژمار نەکەن بۆیان و تەنها وەک سەرپێچیى یاسایى و ئاسایى مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانەدا بکەن.

داوا دەکرێت لەوەند ئوزوندال سەرەکى ئەو گروپە چەتەگەرییە لە شتوتگارت بۆ ماوەی ٧ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانى بکرێت. یەکێک لە تاوانەکانى ئوزوندال ئەوەیە کە "گوشاری لە هاوڕێ کچەکانى کردووە تاوەکو وەک کۆیلەى سێکسی کاری بۆ بکەن".

هەروەها داوا دەکرێت سزای ٣ بۆ ساڵ زیندانیکردن بەسەر سەلجوق شاهین یەکێکى تر لە سەرەک چەتەکانی ئەو گروپە چەتەگەرییەدا بسەپێنرێت.

سەرەک چەتەیەکیان رایکردووەتەوە بۆ تورکیا

محەمەد باگجی یەکێک لە سەرەک چەتەکانى ئەو گروپە چەتەگەرییە، کە خۆی بە "سەرکردەى جیهانیى عوسمانییەکانى ئەڵمانیا" راگەیاندووە، بەپێى ژمارەیەک وێنە دەرکەوتووە، کە لە کۆشکەکەى ئەردۆغاندا پێشوازیى لێکراوە. دەوترێت لە داداگاکەدا داوا کراوە سزای ساڵێک و ٦ مانگ زیندانیکردن بۆ ئەو سەرەک چەتەیەش دەربکرێت.

مستەفا کلنج سەرەک چەتەیەکى تری ئەو گروپە چەتەگەرییە و تاوانبارێکى ئەو دۆسیەیە. لەبەر ئەوەى رایکردووەتەوە بۆ تورکیا بڕیاری لەسەر دەرناکرێت.

ئێستا ئەوە ئاشکرابووە، مستەفا کلنچ لە ئیزمیرە و داواى لێکرابوو لە رێگەى کۆنسوڵخانەى ئەڵمانیاوە لە ئیزمیر وتەى لێوەربگیرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو داوایە هیچ ئەنجامێکى نەبووە.

ئەو چەتانەى کە لە شتوتگارت دادگایى دەکرێن، هەموو ئەو تاوانانەى کە داواکارى گشتى بەسەریاندا ساغی کردووەتەوە، خستوویانەتە سەر کلنچ.

چاوەڕێ دەکرێت دادوەرەکانى ئەو دادگایە لە رۆژی ٢٥ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨دا دوا بڕیاری خۆیان لەبارەى تاونبارانی ئەو گروپە چەتەگەرییەوە ئاشکرا بکەن.

ر.م