ڕاگەیەندراوی دەستەی کەمپینی ”لە باشورەوە بۆ ڕۆژئاوای نیشتیمان“

ڕاگەیەندراوی دەستەی کەمپینی”لە باشورەوە بۆ ڕۆژئاوای نیشتیمان“ لەبارەی ڕێگریەکانی ئاسایشی سلێمانی لە کەمپینەکەیان.

ئاسایشی گشتیی لە شاری سلێمانی ڕێگری لە کۆکردنەوەی هاوکاری کرد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کە دەستەی کەمپینی ”لە باشورەوە بۆ ڕۆژئاوای نیشتیمان“ لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی ڕێکیخستبوو. لەسەر ئەوەش دەستەکە ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتیی بڵاوکردوەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

ئێمە وەک کۆمەڵێک هاووڵاتیی شاری سلێمانی، لە سۆنگەی هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان و دوای گرتنەبەری تەواوی ڕێکارە یاساییەکان بۆ ڕێکخستنی کەمپینێک بە ناوی ''لە باشوورەوە بۆ ڕۆژئاوای نیشتمان''، بۆ کۆکردنەوەی دەرمان و داهات بۆ هاونیشتمانییانمان لە ڕۆژئاوا، بە نووسراو و ڕێگەپێدانی هەر یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتیی وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگای سلێمانی و خودی پارێزگاری سلێمانی، پلانمان بوو لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە)، کەمپینەکە دەست پێ بکەین

سەرەڕای ئەوەی نووسراو و ڕێگەپێدانەکان وێنەیان بۆ ئاسایشی گشتی و ناوشاری سلێمانی چووبوو، بەڵام ئەوان بە پاساوی خۆیان ڕەتیان کردەوە و لە ئانوساتی دەستکردن بە کارەکانی کەمپینەکە، ڕێگرییان کرد لە سەهۆڵەکە بکرێت و پێشنیاری شوێنی تریان دا، کە لەگەڵ ئامانجەکانی ئێمەدا یەکیان نەدەگرتەوە.

لەگەڵ ئەوەی بێگومان دەزانین لە ئێستادا هاونیشتمانییانمان لە ڕۆژئاوا پێویستییەکی زۆریان بەو پێداویستییانە هەیە و گرنگە و زەرورەتە لە هەرێمێکی نیمچەسەربەخۆی وەک ئێمەوە بۆیان دابین بکرێت، ئەوەی ئێمە لەم پرۆسەیەدا بۆمان گرنگ بوو، بەردەوامیدان بوو بەو هاوپشتییەی خەریکە لە باشوور دروست دەبێت، هەروەها بۆ دروستکردنی ئیرادەیەکی یەکگرتوو لە نێوان پارچە جیاوازەکانمان تا بتوانین لە داهاتوودا بەرهەمی بچنینەوە

هەر بۆیە پێمان وایە بە دروستکردنی بەربەست و گواستنەوەی کەمپینەکە بۆ شوێنانێک کە لە فەزای گشتییەوە دوورن، وا دەکات لە دیدگا دوورمەوداکانمان بۆ ئەم کارە دوور بکەوینەوە و ئەو ئامانجانە نەپێکین کە بۆ هەموان ڕوونن.

لێرەوە ڕای دەگەیەنین: ئەم کەمپینە بەم جۆرەی ئاسایشی سلێمانی پێشنیاری کردووە، هەرگیز پێمان باش نییە، هەر بۆیە بە فۆرم و شێوازی تر لە هاوپشتیمان بۆ ڕۆژئاوا بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین بە هەمان ئیرادەی هاونیشتمانییانمان لەوێ، بونیادی ئیرادەمان لە باشوور بنێینەوە.

سوپاس بۆ بەدەنگەوەهاتنی هەموان

دەستەی کەمپینی لە باشوورەوە بۆ ڕۆژئاوای نیشتمان

هـ.هـ.