ڕای گشتیی کورد و نێچیرڤان بارزانی

نێچیرڤان بارزانی ئێستا دەهۆڵی شەڕ دژ بە پەکەکە لێدەدات، بەڵام سبەی دەهۆڵی شەڕیش لە دژی 'پەدەکە'ش لێدەدات. گەل وتەکانی ئەردۆغان لەبیر ناکات کە ساڵی پار، پاش ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان کردبوونی، با نێچیرڤان بارزانی تۆش ئەوە لە بیر نەکە.

نە ئێمە دەتوانین وەک سەدەی ۲۰هەم لە پرسی کورد بڕوانین و نە دەتوانین وەک پێش جەنگی جیهانی سێیەم کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕوودەدات لە پرسی کورد نزیک ببینەوە. ئەمڕۆ ئیدی وتەی 'جیهان بووەتە گوندێکی بچووک' دەوترێت. لە بارودۆخێکی وەهادا، داخۆ دەتوانین بە شێوەیەکی بەش بەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین نزیک ببینەوە؟. نەخوازەڵا دەتوانین بە شێوەی پارچە پارچە و دابڕاو لە یەکتری لە پرسی کورد بڕوانین؟ چارەسەرکردنی پرسی کورد، بەڵکە لە وڵاتێکی یەکگرتوودا بە دی نەیەت و هەر بەشێک خاوەنی خۆسەرییەکە، بەڵام زۆر لایەن کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە، یەکتر تەواو دەکەن و دەبێت بە تێڕوانینی گشتیی سەیریان بکرێت. ئیدی تەنها بە نزیکایەتی لە یەک بەشی کوردستان، تێکۆشان و دەستکەوتی هەموو بەشەکانی تری کوردستان لاواز دەکات.

  لە ڕاستیدا، ئەگەر ئێمە تەماشای سیاسەتی دەسەڵاتدارێتی ئاکەپە بکەین، تێدەگەین کە دەبێت کورد لە جەنگی جیهانی سێیەمدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەردەوامە، سیاسەتێکی چۆن بەڕێوە ببات. دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپە دەبینێت، کە کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەهێز بوون و ئەوەش کاریگەریی لە هاوسەنگی هێز دەکات لە پاش جەنگی سێیەمی جیهانیی. لەبەرئەوە لە هەر شوێنێک ڕێکخستنبوونێکی کورد، تێکۆشان و دەستکەوتێکی کورد هەبێت، دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپە هێرشی دەکاتە سەر. هاوسەنگییە نوێیەکانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گشتگیرە. واتە هەر بەشێک لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتیی کاریگەریی دەبێت و گشتگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش کاریگەریی لەسەر بارودۆخی هەر بەشێک دەبێت. کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چەند کاریگەرییان هەبێت، بەشەکانیش ئەوەندە ڕەوشیکی ئەرێنی بەدەست دەهێنن. ئەوەش ئاشکرابووە، کە دەوڵەتی تورکیا لە دوژمنایەتیکردنی کورداندا پێشەنگیی دەکات و بە گوێرەی ئەوەش تێکۆشان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان، کاریگەریی لەسەر تەواوی بەشەکانی تری کوردستان دەبێت.

 بەڵام بەرپرسانی سیاسیی لە باشووری کوردستان، بەهۆی ئەوەی، کە بە شێوەیەکی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کاریگەریی خۆیان لەسەر کوردان ورد نابنەوە، خاوەنی تێڕوانینێکی هەڵەن و دەڵێن، کە ڕەوشی باشووری کوردستان و عێراق، تەواوی کیشەکانی کورد دیاری دەکات. یان وەک ئەوەی کوردستان تەنها باشووری کوردستانە دەجوڵێنەوە. هەندێک دەستکەوت کە لە باشووری کوردستاندا بەدەست هاتووە، نابینن کە ئەو دەستکەوتانە لە چی بارودۆخێکی سیاسیدا بەدەست هاتوون. کاریگەریی تێکۆشانی دیموکراتی و ئازادی لە تەواوی کوردستاندا لەسەر بەدەستهێنان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانە نابینن. لەبەرئەوەیە خزمەتی ئەو سیاسەتانە دەکەن کە بۆ خۆی لە دژی ئەو دەستکەوتانەیە. دواین جار نێچیرڤان بارزانی پەکەکەی وەک "داگیرکار" و ئەردۆغان و دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپەی وەک دۆست ناو هێنا و ئەمەش ئەو بارودۆخە بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشان دەدات.

هیچ سەرۆک دەوڵەتێک لە دنیادا کە گرێدراوی بەها دیموکراتیەکان بێت، بەشداری لە مەراسیمی سیستمی نوێی ئەردۆغاندا نەکرد کە وەک پادشا خۆی نیشان دەدا، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەشداریی ئەو مەراسیمەی کرد. نێچیرڤان لەوێ گوێی لە دروشمی ئەردۆغان گرت کە دەیویت 'یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک وڵات و یەک ئاڵا'. بەوەش ئەردۆغان تەواوی جیاوازییەکان بە نەبوو حساب دەکات. ئەردۆغان دەسەڵاتدارێتیی نوێی بە ئامانجی تەواوکردنی پرۆژەی قڕکردن و نکۆڵیکردن لە کوردان و لەناوبردنی تەواوی دەستکەوتەکانی کوردان ساز کردووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش نێچیرڤان بارزانی بەشداریی مەراسیمەکەی کرد و ئەو ئامانجەی پەسەند کرد. ئەوەش بۆ کوردان لە مێژوودا وەک تراژیدیا تۆمار دەکرێت.

حیزب و سیاسەتمەدارانی باشوور بە پێوەرەکانی سەدەی بیستەم دەجوڵێنەوە. ئەو نزیکایەتییە سیاسییە و شێوەی بەڕێوەبەریی و ئەو وتانەی کە لە سەردەمی شەڕی سارددا شێوەی گرتووە، لە دەرەوەی سەردەم ماونەتەوە. هێشتاش بە تێگەشتنی سەپاندنی دەسەڵات 'ئەوتۆریتە' دەڵێن 'من چی دەڵێم با کوردان پەسەندی بکەن'. هەرچەندە هێشتا بە تەواوی نەچەسپاوە، بەڵام کورد لە باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی دیموکراتییانەی هێناوەتە ئاراوە. ئەوەش بە  بەرفراوانی و بە هێزەوە کە گرێدراوی ئازادی ژنانە پێکهاتووە. ئەم شۆڕشە کاریگەری لەسەر هەموو کوردانی جیهان کردووە. سەرەڕای ئەوانەش، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەو شۆڕشە دیموکراتییەدا بە کاریگەر بوون. ئێستا ڕای گشتیی کوردان هەیە، کە پێش ٣٠ هەتا ٤٠ ساڵ پێش ئێستا نەدەبینرا. ئیدی کۆمەڵگای کوردیی کە هەموو شتێکی پەسەند دەکرد نەماوە، بەڵکو ڕاستییەکی گەل هەیە کە خاوەنی پێوەرە. بە گوێرەی ئەو پێوەرانە لێپرسینەوە لە هەڵوێستی تەڤگەری سیاسیی دەکات و هەڵوێست نیشان دەدات.

دروستبوونی ڕای گشتیی کورد، بە مانای ئەوە دێت لایەنە سیاسییە کوردییەکان چیتر کۆمەڵگا لەبەرچاو دەگرن. سیاسەتمەداری کوردیش کە ڕای گشتیی لەبەرچاو ناگرێت، یان ئەوەیە دواکەوتووە یان ئەوەیە کە چاو دەخاتە نێو چاوی گەلەوە و پێیان دەڵێت 'من گوێ لە ئێوە ناگرم'. ئەمە ڕاستییەکە کە ئێستا ڕۆح و شێوەی بیرکردنەوەی ڕای گشتیی کورد و نێچیرڤان بارزانی لەیەکتر جیابوونەتەوە. کۆمەڵگای کوردی و ڕای گشتیی کوردی بەرەو پێشەوە دەچن، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەجێ خۆیدا چەقیوە. وتەکانی زیاتر بە گوێرەی دانوستاندنی ئابورییە وەک ئەوەی بە گوێرەی دیموکراتیی و نەتەوەیی بێت.

ئیبراهیم تاتڵیساس کە لە ئامەد لە تەنیشت ئەردۆغان و مەسعود بارزانییەوە دانیشتبوو، لە کاتی داگیرکردنی عەفریندا، باش دەزانرێت کە چی وتبوو. وەک هەموو دوژمنانی کورد لە تورکیا، ئەو گۆرانییانەی کە بۆ عەفرین-یان وت، پێشتریش بۆ منبج-یان وتبوو. با نێچیرڤان بارزانی بزانێت ئەوانەی ئێستا دەهۆڵی شەڕ لە دژی پەکەکە لێ دەدەن، دەبێت پاشانیش دەهۆڵی شەڕ لە دژ بۆ پەدەکە لێبدەن. گەلی کورد وتەکانی ئەردۆغان لە بیر ناکات کە ساڵی پار، دوای ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان کردبوونی، با نێچیرڤان بارزانیش ئەوە لەبیر نەکات.

سەرەڕای لەبیرکردن، بێهۆشبوون، ئەوە شتێکی زۆر خراپە. لەبەرئەوە وتەی 'لەبیرکردن خیانەتە' وتەیەکی بە واتایە. وەها دەردەکەوێت مرۆڤ چۆن بژی ئاوەهاش بیر دەکاتەوە، نیچیرڤانیش کە لەناو سیستمی سەرمایەداریدا دەژی و بۆ خۆیشی وەک سەرمایەدارێکی نوێ پەیدا بووە، بۆیە زۆر ماددیانە نزیک دەبێتەوە. وەک کەسایەتیی سەرۆکی کۆمپانیایەک، بەڕێوەبەری کارێک یان کەسایەتیی سیاسیی سەرمایەدار، تەنها بیر لە ئەمڕۆ دەکاتەوە. بەڵام بۆ کۆمەڵگا دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەی هەیە. بۆ سەرمایەداریش تەنها ئەو ساتە هەیە کە تێیدا دەژی. بۆیە نێچیرڤان بارزانیش لە مێژووی کورددا، لە ڕاستیی تورکیا ورد نابێتەوە و بۆ بەرژەوەندییە ڕۆژانەییەکانی خۆی پەیوەندیی لەگەڵ تورکیادا دەبەستێت، بەڵام دەبێت ئەوە باش بزانرێت کە کۆمەڵگای کوردیی و ڕای گشتیی کورد ئەو ڕاستییانە بە بیرى دەهێننەوە. هەر بەیادى دەهێننەوە….

سەرچاوە: یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا

ر.م