ڕۆڵی ئەڵمانیا لە کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا خرایە ڕۆژەڤی پەرلەمانی ئەڵمانیاوە

فراکسیۆنی پارتی چەپ لە پەرلەمانی فیدراڵ، لێپرسینەوەی لە حکومەتی مێرکل دەستپێکرد لەبارەی ئەو گازە ئەڵمانییانەی ئاشکرا بوون لە دێرسیم بەکارهێنران و فڕۆکە جەنگییانەی کە بە 'HE111 Heinkel' ناسراو بوون، لە ساڵی ١٩٣٧ فرۆشراون.

لە مانگی ئایاردا لە رۆژنامەی دێرسیم، حوسنو گوربەی و مەحسون گول خۆیان گەیاندە چەند بەڵگەنامەیەک کە ئیمزای مستەفا کەمالی لەسەرە و نیشان دەدات، ئەو گازە ژەهراوییانەی کە لە سەردەمی قڕکرنی دێرسیم بەکارهاتوون، لە ئەڵمانیای نازی وەریگرتوون. دواتر لە رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا لێکۆلینەوەیەکی بەرفراوانی لەوبارەیەوە بڵاوکرایەوە.

هەم لە قسەی زوڵملێکراوان و هەم لە گێڕانەوەی ئەو بەرپرسە تورکانەی کە لە کۆمەڵکوژییەکەدا بەشدار بوون، زانراوە کە لە دێرسیم گازی ژەهراوی بەکارهێنراوە. بەپێی ئەو بەڵگەیەی کە دوای چەندین ساڵ ئاشکرا بووە، حکومەتی تورکی ئەو سەردەمە کە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٣٣-١٩٤٥دا حوکمی کردووە، ٢٠ تۆن گازی ژەهراوی (Chloracetophenon) و دەزگای ئۆتۆماتیکی تایبەت بەو گازەی لە رژێمی نازی وەرگرتووە بۆ ئەوەی بکرێتە ناو تەقەمەنییەکان.

مستەفا کەمال لە ٧ی ئابی ١٩٣٧/١٦ی گەلاوێژدا لەژێر ئەو بەڵگەیەدا ئیمزای کردووە کە بۆ کڕینی کەرەستەکانی شەڕ و قڕکردن لەگەڵ ئەڵمانیا نووسراوە. هەروەها بەپێی ئەو بەڵگانەی کە مۆری وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ئەنقەرەی لەژێر بوون، دەوڵەتی تورک بۆ بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لە ساڵی ١٩٣٧ فڕۆکەی شەڕکەری بەناوی (Marten) لە ئەمریکا وەرگرتووە.

پارتی چەپی ئەلمانی کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی ئەڵمانیایە، هاوکاریکردنی ئەڵمانیای لە تاوانی دێرسیم خستە ڕۆژەڤی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، بە هەوڵدانی هەریەک لە پەرلەمانتارانی پارتی چەپ بەناوی (Ulla Jelpke, Dr. Andre Hahn, Gokay Akbûlût, Christine Buchholz, Heike Haensel, Andrej Hunko, Amira Mohamed Ali, Niema Movassat, Dr. Alexander S. Neu, Petra Pau, Martina Renner, Kersten Steinke, Friedrich Straetmanns, Dr. Kirsten Tackmann) لەبارەی بابەتەکەوە یاداشت ئامادەکراو و پێشکەشی پەرلەمان کرا.

لە یاداشتەکەدا لەبارەی گازە ژەهراوییەکانی ئەڵمانیا کە لە دێرسیم بەکارهاتوون، پرسیاری زۆر لە حکومەتی فیدراڵ کراوە کە ئەنگێلا مێرکل سەرۆکایەتی دەکات. لە یاداشتەکەدا کە ١ی تەمووزی ٢٠١٩/١٠ی پووشپەڕ پێشکەش کراوە، پەرلەمانتاران پرسیاری ئەوەیان کردووە کە "ئاخۆ حکومەتی فیدراڵ لەبارەی بەڵگەکان هیچ زانیارییەکی هەیە؟" و داوای وەڵامێکی بەرفراوانیان کردووە.

نوێنەران ئەوەشیان پرسییوە کە ئاخۆ بەڵگەکان لەلایەن مێژوونووسانەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە یان نا، ئەو گازە ژەهراوییانەی کە بەکارهێنراون لەلایەن کامە کۆمپانیاوە ئامادە کراون و بە ئایا بە مۆڵەتی رژێم نێردراوە یان نا؟

لە یاداشتەکەدا پرسیاری دە پەرلەمانتار سەرنجی راکێشاوەتە سەر بەڵگەیەکی ئەرشیڤی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا کە نیشان دەدات لە ساڵی ١٩٣٧ فڕۆکەی شەڕکەر بە ناوی  'HE111 Heinkel' بەتورکیا فرۆشراوە. پەرلەمانتاران لە حکومەتی فیدراڵیان پرسیوە، ئایا ئەوان ئاگاداری ئەو بەڵگەیەن یان نا. پەرلەمانتاران راشیانگەیاند، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، ئەوکاتە دەبێت ئاشکرا بکرێت کە لە چ هەلومەرجێکدا دراوە بە تورکیا.

پێشبینی دەکرێت کە حکومەت لە رۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی نووسراو وەڵامی یاداشتەکەی پەرلەمانتارانی پارتی چەپ بداتەوە.

ک-ش