ڕۆڵی پەیمانی لۆزان لە سڕینەوە و نکۆڵیکردنی کوردان

جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان باخچەیەک بوو بۆ گەلان، بەڵام ئەو باخچەیەیان کردە مەزباخانەی گەلان. پەیمانی لۆزان بوو بە هەنگاوی سەرەتای ئەو بارودۆخە. بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخەش، پێویستمان بە گۆڕینی پەیمانی لۆزان هەیە.

لە مێژوودا، کوردستان، چەندین هێرشی هێزە داگیرکەرەکان و هەوڵی حوکمداریی بینیوە. ئەو هەوڵانەی داگیرکاریی و فەرمانڕەوایەتییەش، زیانێکی زۆری بە کوردستان و گەلی کوردستان گەیاندووە. هەندێک جار بە سەرنگومکردن و هەندێک جاری تریش بە لەناوبردن و نکۆڵیکردن، ئەو هەوڵانە دراون. لەبەرئەوە، مێژووی کورد و کوردستان، مێژووی تراژیدیایە.

بێگومان گەلی کوردستان لە دژی ئەو داگیرکاریی و هەوڵی لەناوبردن و نکۆڵیکردنانە وەستاوەتەوە و بە باشی بەرخۆدان و سەرهەڵدانی کردووە. ستەم چەند گەورە بوو، بەرخۆدانیش ئەوەندە گەورە بوو، بەڵام لەناوبردن، نکۆڵیکردن و دابەشکردنی هەرە گەورە لە وڵاتی کوردستان ئەنجام درا. ئەوەش بە پەیمانێکی نێونەتەوەیی دەستیپێکرد کە لە ئاکامدا، پەیمانی لپزانی لێکەوتەوە. ئەو بارودۆخەی کە لۆزان هێنایە ئاراوە، تا ئێستاش بەردەوامە.

 

سیاسەتی ئەوروپا تەنها جینۆسایدی بە سەری کورداندا هێناوە

پەیمانی لۆزان، ڕۆژی ۲۴ی تەموزی ساڵی ۱۹۲۳، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بەسترا. بە پێی بڕیارەکانی نێو ئەو پەیمانە، بۆ یەکەم جار کوردان نکۆڵیان لێکرا، هەروەها کوشتنی کوردانیش بە دەستی کۆماری تورکیا بە نادیدە چاوی لێکرا، نەک هەر ئەوە، بەڵکو کۆماری تورکیا هان درا کە کوردان بکوژێت. ئەوەی کە پەیمانی لۆزان یان سیاسەتی ئەوروپا بەسەر کوردانیدا هێناوە، تەنها جینۆساید، یان پاکتاوی ڕەگەزیی بوو.

بە مانایەکی تر، کورد بە پەیمانی لۆزان، لە دنیای ماددیدا وەک 'روحول قودس' تەماشا کرا و دەست بە لەناوبردنیان کرا. بەڵام خاسیەتی هەرە گرنگی ئەو پەیمانە کە زۆر جار باسی لێوە ناکرێت، ئەوە بوو کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد بە دوژمنی یەکتر. بۆ نموونە، لە تورکیا، کورد و تورک، لە عێراق و سوریا، کورد و عەرەب و لە ئێران، کورد و فارسیان کرد بە دوژمنی یەکتر. چیتر ئەو نەتەوە و گەلانە نەیاندەتوانی پێەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن. لەوەش گرنگتر، بە دروستکردنی چەندین دەوڵەتی جۆراوجۆر بۆ عەرەب، گەلی عەرەبیشیان لەبەر یەک هەڵوەشاند و ئەوەشیان بۆ ئەوە کرد کە دەرگای دەستوەردانی هێزە دەرەکیەکان لەسەریان هەمیشە کراوە بێت.

 

بنەمای ئازارە قورسەکە

پەیمانی لۆزان، لە ۲۳ی تەموزی ساڵی ۱۹۲۳ دا بەسترا. بەڵام بناغەی ەموو ئازارە سەختەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردان، لە کاتی شەڕی پارچەکردن، جەنگی جیهانی یەکەمدا، لە ۱۶ی گوڵانی ساڵی ۱۹۱۶ دایە، کە تێیدا پەیمانی سایکس- بیکۆ بەسترا. پەیمانی لۆزانیش بوو بە کۆتایی ئەو قۆناغە. پەیمانی سایکس-بیکۆ، لەکاتی شەڕدا ئامادە کرا و بەو پەیمانە گەلی کوردستان بەسەر هەر چوار دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، سووریا و عێراقدا دابەش کرا.

تەواوی گەلان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەسەر وڵاتانی زلهێز و براوەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا دابەش کران.

 

کوردان بەشداری کۆنفرانسی لۆزانیان نەکرد و نکۆڵیان لێکرا

پەیمانی لۆزان، ئەو پەیمانە بوو کە تێیدا سنورەکانی تورکیا دەستنیشان کران. هەروەها هەبوونی دەوڵەتی تورکیای هێنایە ئاراوە. ئەو شاندەی کە نوێنەرایەتیی تورکیا دەکرد، و بەڕێوەبەرایەتی لە ئەنقەرە دروست کرد، خۆیان وەک بەڕیوەبەرانی هاوبەشی کورد و تورک نیشان دەدا. بەڵام لە پەیمانی لۆزاندا ناو و شوێنی کوردان نەهێنرا. لە دیدار و دانیشتنەکانی کۆنفرانسی لۆزانیشدا، نوێنەرانی کورد ئامادە نەبوون. سەرەڕای ئەوەی کە دەیانوت 'تورکیا شوێن و واری کورد و تورکە'، و 'هەرچەندە دەیانوت 'دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتی هاوبەشی هەردوو کۆمەڵگای کورد و تورکانە'، بەڵام ئەوە نە لە فەرمیەتدا جێگەی گرت و نە شاندی کوردانیش لە دیدارەکانی کۆنفرانسی لۆزان دا بەشداریان کرد. کوردان نکۆڵیان لێکرا و بەشداری کۆبوونەوە و دیدارەکانی لۆزانیان پێ نەکرا. لە دانیشتنەکانی لۆزانیشدا کوردان بە نەبوو، تەماشا کران.

 

لە ڕێگای کۆمەڵکوژیەوە کۆمەڵگای کوردیی بێدەنگ کران

ئەو لایەنانەی کە لەسەر کوردستان تێکۆشانێکی سەختیان ئەنجام دا و ڕێکنەدەکەوتن، لەم دوا دواییانەدا، نکۆڵیان لە کوردان کرد و هیچ شتێکیان بە ناوی کۆمەڵگای کوردیەوە، لەناو پەیمانی لۆزاندا جێ نەکردەوە. نکۆڵیکردن و لەناوبردنی کوردان، بەو شێوەیە دەستیپێکرد. ڕێبەرانی ئاینی و عەشیرەتەکانی کورد، بەو ئەنجامەی پەیمانی لۆزان ڕازی نەبوون. لەبەرئەوە ڕاپەڕین و سەرهەڵدانیان ئەنجام دا. لە باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناڕەزایەتیی هەبوون. سەرهەڵدان و ڕاپەڕین هەبوون، بەڵام ئەو سەرهەڵدان و ڕاپەڕینانە، نەیتوانی ئاستی عەشیرەتیی و دەرەبەگایەتیی تێپەڕێنێت. نەیانتوانی خۆیان بگەیەننە ئاستی تەڤگەری ڕزگاریی نەتەوەیی کە شارەزا و بە ڕێکخستن بێت. لە کۆتایدا، لەلایەن سیستەم و دەسەڵاتدارێتیەوە، تەواوی ئەو سەرهەڵدانانە لەناو بران. لە ڕێگای کۆمەڵکوژیەوە، کۆمەڵگای کوردیان بێدەنگ کرد.

 

سەد ساڵی ڕابردوو ڕۆژێکی بێ شەڕ لەو جوگرافیایەدا بەدی ناکرێت

گفتوگۆ و بڕیارەکانی کۆنفرانسی لۆزان بۆ جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمانای دابەشبوون، بڵاوەپێکردن و کردنەوەی دەرگای دەستێوەردان و هێرشی هێزەکانی دەرەوە دێت. بۆ داگیرکاریی و میتینگەریی، هەتا کۆتایی، ڕێگەی کردەوە. لەبەرئەوە پێویستی بە هۆشمەندیەکی مێژوویی نیە. تەنانەت ئەگەر مرۆڤ لەو بارودۆخە بڕوانێت کە هەیە، لەو ڕاستییە تێدەگات. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت یەک ڕۆژی بێ شەڕ لەم جوگرافیایەدا بەدی ناکرێت. جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، باخچەی گەلان بوو، بەڵام ئەو باخچەیەیان کرد بە مەزباخانەی گەلان. پەیمانی لۆزانیش هەنگاوی سەرەتای ئەو بارودۆخە بوو.

بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخەش، پێویستمان بە پێچەوانەکردنەوەی پەیمانی لۆزان هەیە. بە وتەیەکی تر، دەبێت پەیمانی لۆزان نوێ بکرێتەوە. ڕێگای سەرەکی ئەوەش ئەوەیە کە مرۆڤ ببێتە خاوەن زیهنیەتێکی جیاواز. دەبێت ئەو زیهنیەتە خۆی لە سەردەمی دەوڵەت -نەتەوە ڕزگار بکات و لەلایەنی تیۆریی و پراکتیکەوە، ببنە خاوەن هۆشمەندیی نەتەوەی دیموکراتیک.

 

چۆن دەبێت پەیمانی لۆزان نوێ بکرێتەوە؟

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگای سیاسەتی ڕاستکردنەوە و دروستکردنی پەیمانێکی تری لۆزان بۆ خۆی دەبێت. چۆن دەبێت پەیمانی لۆزان نوێ بکرێتەوە؟ بۆ ئەمە، پێش هەر شتێک، دەبێت ئێمە کێشە ناوخۆییەکانمان لەژێر سایەی نەتەوەی دیموکراتدا هەڵسەنگێنین و چارەسەریان بکەین. دەبێت نەتەوەپەرستی، نەژادپەرستی و تاکپەرستی بخەینە لاوە. دەبێت هزری دروستکردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە بەلاوە بنێین. لە بەرامبەردا، دەبێت ئێمە لەسەر بنەمای دەوڵەمەندیی فرە ڕەنگیی و فرە کلتووریی بە بنەما بگرین. ڕێزگرتن لە هەموو ڕەنگ و کلتوورێک، سەرەتای ئەم کارەیە.

 

مێژوو دەرفەتتان پیدەدات ئەگەر ئێوە بتوانن بەکاری بهێنن ئەوا ئێوەن کە مێژوو دەنووسنەوە

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە پەیمانی لۆزاندا، سنورەکەی دەستنیشان کرا، بە هەڵوەشاندنەوەی گەلان لەبەر یەکتر، گەمارۆ دراوە. بەو ەمارۆدانەش، گەلانیان کردووەتە دوژمنی یەکتر. بەڵام دەتوانین بە سەربەرزیەوە بڵێین کە یەکەم جارە، دەرفەت دروست بووە کە ئەو بارودۆخی لەناوبردن و نکۆڵیکردنە لەناو ببرێت، ئەو دەرفەتەش ناوی پەکەکەیە

بە مۆدێل و دەرفەتی نەتەوەی دیموکراتیک، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکەمجارە کە گەل بوون بە خاوەنی شانس کە نەکەونە ناو هەڵەی هێزە ئیمپریالیستیی و داگیرکەرەکانەوە. بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی خۆیان، مۆدێلی خۆسەریی دیموکراتیی بۆ هەر گەلێک، بۆ هەر باوەڕییەک و بۆ هەر ڕەنگێک بەدی بهێنێت، وەک ئەوەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتووەتە ئاراوە. مێژوو دەرفەت بە مرۆڤەکان دەدات، ئەگەر ئێوە ئەو دەرفەتانە بەکار بهێنن، ئەوا ئێوە مێژوو دەنووسنەوە. خۆ ئەگەر ئەو دەرفەتانەش بە کار نەهێنن، ئەوا ئێوە لەناو مێژوودا ون دەبن. ئەو شانسە لەهەمان کاتدا، بەمانای ئەوە دێت کە پەیمانی لۆزان لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن و لەناوبردن دروستکراوە و دەبێت لەناوببرێت. لە شوێنی پەیمانی لۆزان، پەیمانێکی نوێی لۆزان بهێنینە ئاراوە کە پشت بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانی گەلانی جیاواز ببەستێت.

 

کوردان بە بەرخۆدانی خۆیان ناسنامەی خۆیان بە هەموو کەس ناساند

لە دژی کۆمەڵکوژیی و نکۆڵیکردن و لەناوبردن، چەندین ساڵە، کورد بە تووڕەیی تۆڵەکردنەوەوە، بە باشی بەرخۆدان دەکات و شەڕ دەکات. کوردان بە بەرخۆدانی خۆیان، ناسنامەی خۆیان بە هەموو کەسێک ناساند و ناچاریان کردن کە ناسنامەیان پەسەند بکەن. کوردان بە بەرخۆدانی خۆیان سەرلەنوێ ڕۆستنە سەر تەختی جیهان.

دەبێت ئێمە باش بزانین، سیستەمێک کە گەلێکی تر پێشێل دەکات، هیچ کاتێک ئازاد نابێت. سیستەمێک کە گەل و نەتەوەیەکی تر لەناو چەرخی میتینگەری و داگیرکارییدا دەسوڕێنێتەوە، ئەو سیستەمە هیچ جارێک لەلایەنی دەرونی و فیزیکیەوە ئارام نابێت، چونکە بەرخۆدان لەدژیدا ئەنجام دەدرێت. سیستەمێکی بەو شێوەیە، ناچارە هەمیشە لەسەر ئاگر بێت. وەک بارودۆخی ئێستای دەوڵەتانی کۆماری تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا.

دەبێت ئێمە باش بزانین کە تاکە ڕێگایەکی چارەسەریی هەیە، ئەویش بە تێڕوانینەکانی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالانە کە دەتوانێت پەیمانی لۆزان سەرلەنوێ نۆژەن بکاتەوە.

پێویستە ئێمە بزانین کە کوردان و هەموو گەلانی تر، دەستیان بە دروستکردنی لۆزانی خۆیان کردووە.