ڕێکخراوە پیشەییەکان: دانانی قەیوم کودەتایەکی سیاسییە

رێکخراوە پیشەییەکانی (KESK)، (DÎSK)، (TTB) و (TMMOB) ڕایانگەیاند کە دەستبەسەرداگرتنی بە دەستی قەیومەکان تاوانی دیموکراسییە و کودەتایەکی سیاسییە.

کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای کرێکارانی شۆڕشگێڕ (DÎSK)، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای ڕەنجدەرانی ڕای گشتی (KESK)، یەکێتی پزیشکانی تورک (TTB) و یەکێتی ژوورەکانی ئەندازیار و تەلارسازانی تورک (TMMOB) لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکی هەدەپە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "مرۆڤ ناتوانێت باسی دیموکراسی لە وڵاتێکدا بکات قەیومی لێ هەبێت. دەبێت واز لەو کودەتا مەدەنییە بهێنرێت، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. هیچ کەسێک بۆی نییە دیموکراسی پێشێل بکات و ڕەهینە لەسەر ئیرادەی گەل دابنێت.

هاوسەرۆکی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین بە دەنگی ملیۆنان کەس هەڵبژێردراون. لەکار دوورخستنەوەی ئەو سەرۆک شارەوانیانە و ئەرکدارکردنی قەیومەکان تاوانێکی دیموکراسییە و ئەوە کودەتایەکی سیاسییە. ئێمە دەزانین بە سیاسەتی قەیومییەتی هەوڵ دەدەن هەمووان چاوترسێن بکەن. جارێکی دیکە بانگەواز دەکەین کە دەبێت واز لە کودەتای سەر ئیرادەی گەل بهێنن و دەبێت هاوسەرۆکی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد وان و مێردین بگەڕێنەوە سەر کاری هاوسەرۆکی شارەوانی."

ک-ش