ڕێگە نادرێت هاوکاری بگەیەندرێتە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی خارپێت

ڕێکخستنەکانی هەدەپە لە بەشێکی شارو شارۆچکەکانی باکوری کوردستان، کەمپەینی هاوکاری کۆکردنەوەیان بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی خارپێت دەستپێکردووە، لەکاتی ناردنی ٢ کامیۆن هاوکاری بۆ خارپێت، لەلایەن پۆلیسی شارەکەوە هەردوو کامیان گەڕێندرایەوە دەرەوەی شار.

بومەلەرزەیەکی بەهێز بە پلەی ٦.٨ بە پێوەری ڕێختەر ناوچەی سڤریجە ی خارپێتی هەژاند، بەپێی دوایین زانیارییش، تا ئێستا ٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە ١٦٠٠ کەسیش برینداربوونە.

کەمپەینی هاوکاری کۆکردنەوە لە سلۆپی و ئامەد

شارەوانی هەدەپە لە سلۆپی، بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی خارپێت، دەستیان بە کەمپەینی هاوکاری کۆکردنەوە کردووە.

شارەوانی هەدەپە بانگەوازی لە هاوڵاتیان کردووە هەرکەسێک بە "بەتانی، خۆراک، کەلوپەلی زستانەو پێداویستی منداڵان" بەشداربن لە هاوکاریکردنی خەڵکی زیانلێکەوتووانی خارپێت.

ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکانی هەدەپە کرا

شارەوانی هەدەپە لە ناوچەی ئەرخەنیی ئامەد ٢ بارهەڵگر هاوکارییان بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی خارپێت کۆکردەوە، بەڵام لە کاتی گەیشتی ئەو ٢ بارهەڵگرە هاوکارییە بۆ ناو خارپێت، لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیران و گەڕێندرانەوە.

پۆلیسی خارپێت ئاشکرایکرد، بە فەرمانی پارێزگاری شار ڕێگەنادرێت جگە لە هاوکارییەکانی ئەکیبی"AFAD " هیچ هاوکارییەکی دیکە نایەتە ناو خارپێت.