ژنانی هەدەکەیی: سیاسەتی شەڕ دوژمنایەتی دژی ژنان زیاتر دەکات

ئەنجومەنی ژنانی هەدەکە ڕایگەیاند، کردەوەکانی ئاکەپە/مەهەپە بەرامبەر ژنان، بە هۆی سیاسەتی شەڕەوەیە.

ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی تێکۆشانی نێودەوڵەتی لەدژی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەکرا، سیاسەتی دوژمنکارانە لەدژی ژنان و فاشیستی ماڵەوە، کۆڵان و کار و خوێندنگاکان، فشاری توندوتیژی لەسەر ژن دەسەپێنن، ژنان دەکوژن و بکوژەکانیش زوڵمێکی بێکۆتایی بەسەر ژناندا دەسەپێنن.

ئەنجومەنی ژنانی هەدەکە وتیشی، " سیاسەتی شەڕی دەسەڵاتداری فاشیست لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات دەبێتە هۆی قڕکردنی ژنان."

هەروەها باسی ئەوەشکرا، عەقلیەتی سەردەستی پیاو هەوڵ دەدات لە هەموو ڕوویەکی ژیانەوە، مافی ژنان، دەستکەوتەکانی ژنان بە توندوتیژی و سیاسەتی شەڕ لاواز بکات و هەبوونی خۆی و دەسەڵاتی خۆی بەو شێوەیە دروست بکات. لەدژی ئەم عەقلیەتە پێویستە ئێمە تێکۆشانی ژنان لە هەموو جێگەیەک فراوان بکەین.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی تێکۆشانی نێودەوڵەتی دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ، تێکۆشانی ڕیکخستنی ژنان لە هەموو جێگەیەک فراوان دەکرێت و دەستکەوتەکانی ژنان دەپاڕێزرێن و بە هیوا و بڕیارەوە لە گۆڕەپانەکان دەبن.

ف.ق