«ژنی په‌روه‌رده‌كراو كۆمه‌ڵگه‌ی په‌روه‌رده‌كراوه‌»

ژنه‌گه‌ریلاكان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێرشكاران له‌ ژنانی په‌روه‌رده‌كراو ده‌ترسن و ده‌یانه‌وێت له‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌واندا كۆمه‌ڵگه‌ بێ ئیراده‌ و بێ باوه‌ڕ بكه‌ن.

هه‌ردوو ژنه‌گه‌ریلا ڕووكه‌ن سێرت و نه‌فه‌ل كاتۆ به‌بۆنه‌ی ٢٥ی تشرینی دووه‌م (ڕۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تووندوتیژیی دژی ژنان) بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوان.

ڕووكه‌ن سێرت ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ تێكۆشانه‌كه‌یان له‌پێناو ئازادیی هه‌موو ژنانی جیهانه‌. گوتی: «ئامانجی ئێمه‌ له‌م تێكۆشانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ژنان بكه‌ینه‌‌ خاوه‌نی‌ هێزی ئیراده‌ و باوه‌ڕ. بێگومان ئه‌م تێكۆشانه‌ هه‌ر له‌خۆوه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌. له‌ كه‌سایه‌تیی ژنانی كورددا، ده‌بینین كه‌ ژنان گه‌یشتوونه‌ته‌ چ ئاستێك. ئیدی ژن نه‌ك ته‌نیا خۆی، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵگه‌كانیش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. مرۆڤ له‌ شه‌نگال، ڕۆژاڤا و زۆر ده‌ڤه‌ری دیكه‌ ده‌بینێت كه‌ ژن له‌ دژی داگیركه‌ر و خوێنڕێژه‌كانی وه‌ك داعش شه‌ڕێكی فیداییانه‌ ده‌كات. هه‌ر كه‌س باش ده‌زانێت كه‌ چه‌ته‌كانی داعش به‌ تایبه‌تی ژنان به‌ ئامانج ده‌گرن. هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌تا ژنێك مابێت، له‌ دژی ئه‌م دڕندانه‌ تێبكۆشین. هه‌ر وه‌ك چۆن نموونه‌ی كوشتن، فرۆشتن، ڕفاندن و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ژنان هه‌ن، هه‌زاران نموونه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و خۆبه‌ڕێوه‌بردنیش هه‌ن.»

«پێویسته‌ هه‌موو ژنێك گوزارشت له‌ ئیراده‌ی خۆی بكات»

سێرت له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ كه‌سایه‌تیی ژندا ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ بێ ئیراده‌ و بێ باوه‌ڕ بكه‌ن. له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: «پێویسته‌ ژن له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ خۆی په‌روه‌رده‌ بكات و ئیراده‌ی خۆی ڕاده‌ستی كه‌س نه‌كات. جا ئه‌و كه‌سه‌ باوك و برا بێت یان هاوژین و سیسته‌م، جیاوازی نییه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ ژن هی خۆی بێت. ژن چ له‌ ماڵ بێت یان له‌ كار ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕه‌نگ، ئیراده‌ و ناوه‌ڕۆكی خۆی، خۆی و ده‌وروبه‌ری په‌روه‌رده‌ بكات، خۆی به‌ڕێوه‌ببات و گوزارشت له‌ ئیراده‌ی خۆی بكات. مرۆڤ ڕۆژانه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان ده‌بینێت كه‌ كه‌ ده‌ستدرێژی ده‌كرێته‌ سه‌ر منداڵانی كچی ته‌مه‌ن ٥-١٠ ساڵان. بێگومان ئه‌مه‌ش یارییه‌كی دوژمنانی ژنه‌. به‌قه‌ستی ده‌یانه‌وێت له‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌و كچه‌منداڵانه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ بێ ئیراده‌ و بێ باوه‌ڕ بكه‌ن.»

«مرۆڤ له‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌ردۆغان و مه‌لاكانیدا ده‌بینێت كه‌ چه‌نده‌ له‌ ژنه‌ڕێكخراوه‌كان ده‌ترسن. هه‌ر چی له‌ ده‌ستیان بێت به‌ ناوی ئایین له‌ دژی ژنان ده‌یكه‌ن. له‌ كه‌سایه‌تیی مه‌لاكانی ئه‌ردۆغاندا مرۆڤ ڕاستیی ئه‌وان و سیسته‌مه‌ چه‌په‌ڵه‌كه‌یان ده‌بینێت. ده‌بینێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا چی لێ دێت. مه‌لاكانی ئه‌ردۆغان ده ‌قاتی خه‌ڵكی دیكه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن. ئه‌ردۆغان و هاوكاره‌كانی زۆر لێزانانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژنان، چونكه‌ هێرش بۆ سه‌ر ژن هێرشه‌ بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌. با هیچ ژنێك خۆی به‌ته‌نیا نه‌بینێت، ڕێكخستنه‌كه‌مان له‌پشت هه‌ر ژنێكه‌ كه‌ ده‌بێته‌ ئامانجی هێرشه‌كان. ئێمه‌ پێكه‌وه‌ تۆڵه‌ی هه‌موو ژنان له‌ هێرشكاره‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌ڵێین باوه‌شكردنی ژن باوه‌شكردنی ژیانه‌، باوه‌شكردنی ژیان باوه‌شكردنی ئازادییه‌.»

«په‌روه‌رده‌ ڕێی ئازادی و ڕووناكییه‌»

گه‌ریلا نه‌فه‌ل كاتۆ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا گوتی: «پێویسته‌ ئێمه‌ی ژن تێكۆشانی دژ به‌ تووندوتیژیی سه‌ر ژن ته‌نیا له‌ ڕۆژێكدا سنووردار نه‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر مرۆڤ تێكۆشانی دژ به‌ تووندوتیژیی سه‌ر ژنان  ته‌نیا له‌ ڕۆژێكدا سنووردار بكات، هه‌ڵه‌یه‌ و له‌ جێی خۆیدا نییه‌. چونكه‌ ئێمه‌ ده‌بینین ڕۆژانه‌ ژن له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌رێكی جیهان ده‌بنه‌ ئامانجی هێرشه‌كان. له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌ر ژنێك خۆی په‌روه‌رده‌ بكات. چ له‌ ڕووی فكرییه‌وه‌ بێت، چ له‌ ڕووی سه‌ربازی. پێویسته‌ له‌ ڕووی ئازادی و ڕووناكییه‌وه‌ خۆیان په‌روه‌رده‌ بكه‌ن.»

«بێگومان ئێمه‌ ناڵێین كه‌ هێرش ته‌نیا له‌ دژی ژنانی كورد ده‌كرێت. له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌رێك هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر ژنانی عه‌ره‌ب، سریانی و ژنانی ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتیش. ئازاری ئێمه‌ی ژنان یه‌كه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ یه‌كگرتنمان زۆر پێویست و گرینگه‌. ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ژن بێبه‌ش كراوه‌ له‌ مافی په‌روه‌رده‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ژنانی زانا و په‌روه‌رده‌كراویان ناوێت. ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ به‌ فكر و ڕامانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و ڕێبه‌ر ئاپۆ ئیدی ژن خۆی ناسیوه‌ و بووه‌ته هی‌ خۆی. هه‌ر وه‌ك چۆن ژنانی په‌كه‌كه‌ به‌ هه‌ڵوێست، ئیراده‌ و باوه‌ڕی خۆیان بۆ هه‌موو ژنانی جیهان بوونه‌ته‌ نموونه‌ و سه‌رچاوه‌ی ژیانێكی نوێ، ئه‌مڕۆش ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ له‌ ته‌واوی جیهان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و ژنان به‌ فكر و ڕامان خۆیان په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن.»

كاتۆ له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی: «بانگه‌وازی من بۆ هه‌موو ژنانی لاوه‌ كه‌ له‌ ڕووی فكر و ڕامانه‌وه‌ خۆیان په‌روه‌رده‌ بكه‌ن. چونكه‌ ژن بنه‌مای ژیانه‌. مرۆڤ ده‌توانێت له‌م چیا ئازادانه‌وه‌ فكری خۆی به‌ هه‌موو جیهاندا بڵاوبكاته‌وه‌. لێگه‌ڕینه‌كانی چیا وه‌ها ده‌كات كه‌ مرۆڤ خۆی بناسێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژن و كۆمه‌ڵگه‌كانی دیكه‌ش بتوانن خۆیان په‌روه‌رده‌ بكه‌ن. له‌ كۆتاییدا جارێكی دیكه‌ ده‌ڵێم، با هه‌ر ژنێك به‌ فكر و ڕامانی ڕێبه‌رایه‌تی خۆی په‌روه‌رده‌ بكات، چونكه‌ ژنێكی په‌روه‌رده‌كراو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كراوه‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كراو جیهانێكی په‌روه‌رده‌كراوه‌.»

s.m