ژینگەپارێزان و رۆشنبیرانى مەریوان لە دژی بڕینەوەى داری دارستانەکانى کوردستان هاتنە دەنگ

سەرباری ناڕەزایەتیى رێکخراوە جۆراوجۆرە رۆشنبیری و ژینگەپارێزییەکان، هێشتا بڕینەوە داری ستانەکانی رۆژهەڵاتى کوردستان و گواستنەوەى دارەکان بۆ کارگەکانى دروستکردنى کاغەز لە باکووری ئێران بەردەوامیى هەیە.

لە سەرەتاى پاییزى ئەمساڵەوە چەند گروپێکى بەرژەوەندیخواز دەستیان بە بڕینەوەى داری دارستانەکانى زاگرۆس کردووە و دارەکان لە دواى بڕینەوەیان رەوانەى کارگەکانى دروستکردنى کاغەز لە باکووری ئێران دەکرێن. سەرباری هۆشداریى ژینگەپارێزان و کاردانەوە و ناڕەزایەتى ئەو دیاردەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵام بەرپرسانى دام و دەزگاکانى دەوڵەت بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە هیچ کارێکیان ئەنجام نەداوە.

تاڵاکردنى داری دارستانەکانى زاگرۆس لە کاتێکدایە، کە رژێمى ئێران بڕینەوەى داری دارستانەکانى باکووری ئێرانى بۆ دروستکردنى کاغەز قەدەغە کردووە.

بۆ ئیدانەکردنى بڕینەوە و لە ناوبردنى دارستانەکانى زاگرۆس رێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و رۆشنبیرییەکانى مەریوان لە چەند رۆژی رابردوودا بە دەرکردنى چەند راگەیاندراوێک نیگەرانیى خۆیان لە بڕینەوە و لە ناوبردنى دارستانەکان خستەڕوو و داوایانکردووە کۆتایى بە لەناوبردنى دارستانەکان بهێنرێت.

ئەنجوومەنى سەوزی چیای مەریوان، کانوونی فەرهەنگی هونەریى ڤەژین لە مەریوان، ئەنجوومەنى فەرهەنگی ئەدەبیى مەریوان، ئەنجوومەنى فەرهەنگی ئەدەبیى رۆجیار و یەکێتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان (یەمامە) چەند راگەیاندراوی جیاجیادا داوای کۆتایهێنانیان بە بڕینەوەى داری دارستانەکان کردووە.

ئەو رێکخراوانە وێڕاى نیگەرانییان بەرامبەر بە بڕینەوە و لە ناوبردنى داری دارستانەکان رایانگەیاندووە، ئەو کارە لەلایەن"کەسانێکى بەرژەوەندیخواز و هەلپەرست و مافیاوەوە ئەنجام دەدرێت و بێدەنگیى سەیری دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش" بە پیشەى ئاساییان ناو بردووە.

ئەنجوومەنى ڤەژین رایگەیاندووە "سەبرمان کۆتایى پێهاتووە و بە توندی هۆشداری دەدەین لەباەری بەردەوامیدان بەو دۆخە خراپە. لە سۆنگەی هەستمان بە بەرپرسیارێتى لەبارەى داهاتووی ئەم نیشتمانەوە بە روونی و راشکاوانە رایدەگەیەنین، لە بەردەوامیدان بە لەناوبردنی دارستانەکان و لەوەڕگەکان بێدەنگ نابین و هەموو توانا یاساییەکانى خۆمان بۆ راوەستاندنی ئەو تاوانە ئاشکرایە و ریسواکردنى ئەنجامدەرانی، دەخەینە کار. ئەو کارەی تاڵانکارەکان و بێدەنگیى بەشێک لە بەرپرسان سەرەتاییەکە بۆ لەناوبردنی داهاتوو و سامانی ئەم نیشتمانە".  

ئەنجوومەنى فەرهەنگی ئەدەبیى مەریوانیش بە ئیدانەکردنى بڕینەوە و لە ناوبردنى ئەو سامانە سروشتییە داوایکردووە، بەخێرایى کۆتایى بە بڕینەوەى داری دارستانەکان بهێنرێت.

ئەنجوومەنى فەرهەنگی ئەدەبیى رۆجیاریش لە راگەیاندراوێکدا هۆشداریى توندی لەبارەى تاڵانکردنى سەرچاوە سروشتییەکانى زاگرۆسەوە داوە. راشیگەیاندووە، ئەگەر بەرپرسان ودام و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر تاڵانکردنى دارستانەکانى هەورامان و مەریوان لەلایەن مافیاکانى دار و تاڵانکارانەوە رانەوەستن و رێگرییان لێ نەکەن، رێگای تر دەگرنە بەر.

یەکێتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان (یەمامە)ش رایانگەیاندووە، بەپێى فەرمودەکانى خوداوەند، ئەو کەسانەى سروشت و سەرچاوەکانى لەناو ببەن، ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت ئاوەدانى و ئارامى لە ناو ببەن، بۆیە داوایانکردووە رێگری لە بڕینەوە و تاڵانکردنى داری دارستانەکان و سەرچاوە سروشتییەکان بکرێت.

ئەنجوومەنى سەوزی چیاى مەریوانیش لە راگەیاندراوێکدا نیگەرانیى قوڵی خۆی لە بڕینەوە و تاڵانکردنى داری دارستانەکان خستووەتە ڕوو و داوایکردووە بە خێرایى رێگری لەو تاڵانکارییە بکرێت.

زانیاریى زیاتر  لەبارەى بڕینەوە و تاڵانکردنى دارستانەکانى کوردستان بخوێنەرەوە

ر.م