ڤاتیکان لە ئاگرتێبەردانى ناوچەکانى مێردین نیگەرانە

ڤاتیکان ناوەندی جیهانیی کاسۆلیکەکانە و نیگەرانیی خۆی لە ئاگرتێبەردانی دێری زەعفەرانی مێردین ڕاگەیاند.

ماوەیەکە لە دەورووبەری نسێبین، میدیات و هەزەخ ئاگر لە زۆر شوێن بەردەدرێت. لە تەممووزی ڕابردوودا ئاگر لە باخچەیەکی دەوروبەری دێری زەعفەرانی مێردین بەردرابوو و نزیکەی ٧٠٠ داری زەیتوون و بادام بوونە خۆڵەمێش.

دواتریش لە دەورووبەری گوندی سریانەکانی چیای باگۆک ئاگر لە هەندێک شوێن بەردرابوو. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا دیسان ئاگر لە شوێنێکی دیکەی ئەو ناوچەیە بەردرابوو. لە دەشتایی گوندی دیبەک لە چیای باگۆکی نسێبین دا ٢ی ئابی ٢٠١٩/١١ی گەلاوێژ سوپای تورک دیسانەوە ئاگری لە ناوچەکە بەردابوو.

بەهۆی ئاگرتێبەردانى ئەو ناوچەیە، کە سریان پێی دەڵێن 'تور عابدین' ڤاتیکان، کە ناوەندی جیهانیی کریستیانەکانە، نیگەرانیی خۆی لە ئاگرتێبەردانەکان ڕاگەیاند. کەناڵی هەواڵی فەرمی ڤاتیکان، ڤاتیکان نیوز رایگەیاند، ئینسیاتیڤی کریستیانەکانی ئۆریەنت (ICO) چاودێرییەکانی ئاگرتێبەردانەکانی ناوچەکەی گەیاندووەتە ڤاتیکان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەو شوێنە ناوەندێکی دێرینی کریستیانەکان و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زاینی. ئەوەش هاتووە، بانگەشە دەکرێت سوپای تورک ئاگری لەو هەرێمە بەرداوە.

لە بڵاوکراوەی فەرمی ڤاتیکان دا ئەوەش هاتووە، سێ کەسی ئایینى لە دێرەکەدان و بەهۆی سووتانەکەوە ژیانیان کەوتووە مەترسییەوە. هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئاگرتێبەردانەکەی ئەو ناوچانە لە کاتێکدایە چەتەکانی داعش لە سوریا و عێراق ئاگریان لە زەوییەکان بەردابوو و  ئەوەش نیگەرانی دروست دەکات.

ژ.ت