کارمەندانی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئازادیی ئۆجالان ئێشک دەگرن

نۆبەتی ئێشکگرتنی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' ماوەی ٣١٧ هەفتەیە بەردەوامە. ئەوانەی کە لە نۆبەتی ئەم هەفتەیەدا بۆ ئازادیی ئۆجالان ئێشک دەگرن، کارمەندانی هاوکاریی مرۆیی ئەوروپان.

نۆبەتی ئێشکگرتن کە بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبەردەم بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگ لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، بێ دابڕان بەردەوامە. هەفتانەش لەلایەن کۆمەڵە و گروپی جیاواز جیاوازەوە، بە نۆبەت ئێشک دەگیرێت.

کارمەندانی هاوکاریی مرۆیی ئەوروپا، هەریەک لە موحێدین دۆلاشر، موسا ئاکسۆی، ئیحسان تارلان، فەتاح جیریت و واحید تۆپ ئارسلان، لە نۆبەتی ئەم هەفتەیەدا، بۆ ئازادیی ئۆجالان ئێشک دەگرن.

چالاکوانان ڕۆژی یەکشەممە دەستیان بە ئێشکگرتن کرد و هەوڵ دەدەن سەرنج ڕابکێشنە سەر پرسی ئازادی ئۆجالان.

هەروەها، چالاکوانانی ئێشکگرتوو، داوایان لە پەرلەمانی ئەوروپا و کۆمیتەی بەرگرتن بە ئەشکەنجەی سەر زیندانیانی ئەوروپا 'سی پی تی' کرد کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن لەو شەرت و مەرجانەی کە ئۆجالانی تێدایە.

لە ڕاگەیەندراوی ئەو چالاکوانانەدا هاتووە "ئێمە بۆ مرۆڤایەتیی لێرەین و بانگ لە ئێوەش دەکەین گوێ لە دەنگی کوردان بگرن. هەروەکچۆن مافی ژیان بۆ هەر گەلێک هەیە، ئاوەها ئێمە و ڕێبەرەکەمان مافی ژیانمان هەیە و دەبێت ئەو مافەشمان هەبێت".

نۆبەتی ئێشکگرتنی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ / ٥ى پووشپەڕەوە و بە پێشنیازی هەندێک کەسایەتیی ئەوروپی و جیهانی دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان دەستیپێکرد و هەتا ئێستاش نزیکەی دوو هەزار کەس بە نۆبەت ئێشکیان گرتووە.

ئەم چالاکیی ئێشکگرتنە بە نۆبەت، ماوەدرێژترین چالاکی کوردانە کە بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ دابڕان بەردەوامە.

ر.م