"کارى لە پێشینەمان لە پەرلەماندا هەوڵدانە بۆ ئازادیی ئۆجالان"

محەمەد تەمیزیوز پاڵێوراوى هەدەپە لە ئامەد رایگەیاند، کاتێک چوونە پەرلەمان کارى لە پێشینەیان کارکردن دەبێت بۆ ئازادکردنى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد.

تەنها رۆژێکى ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانى تورکیا و کارەکانى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە ئامەد بۆ هەڵبژاردن بەردەوامیى هەیە.

محەمەد تەمیزیوز یەکێک لە پاڵێوراوانى هەدەپەیە لە ئامەد و چەندین ساڵە لە رێکخراوە کوردییەکاندا کار دەکات. تەمیزیوز بۆ ماوەیەک سکرتێری گشتیى فیدراسیۆنى ئەنجوومەنى هاوپشتیى بۆ مافى زیندانیان (توهادفەد - TUHAD-FED) بوو. لە دواى داخستنى توهادفەد بووە بۆ هاوبەڕێوەبەری دەستپێشخەریى هاوپشتى و یەکگرتن بۆ زیندانیان.

"یاساى دژ بە تیرۆر هەڵدەوەشێنینەوە"

تەمیزیوز لە ناو هەدەپەدا زۆرترین کارەکانى لەسەر زیندانییەکان و زیندان دەبێت. تەمیزیوز لەو بارەیەوە وتى "زیندانەکان لە کوردستان و تورکیا بوونەتەوە کێشەیەکى کۆمەڵایەتى. زیندانەکان بوونەتە بەشێک لە ژیانى کۆمەڵگا. بۆ ئەوەش بارودۆخى هاوڕێ زیندانیکراوەکانمان دەبەینە پەرلەمان بۆ ئەوەى راى گشتى ئاگادارى ئەو بارودۆخەیان بێت".

وتیشى "ئێمە لە دۆخێکداین، کە مافەکان کۆتاییان پێهاتووە و وەزارەتى داد کارێکى نەماوە ئەنجامى بدات. ئاکەپە ئەو دۆخەى دروستکردووە. لە ٢٠٠٢دەوە ئاکەپە یاساى دژ بە تیرۆر (تەمەک - TMK)ی بە جۆرێک لێکردووە، کە هیچ کەس ناتوانێت لێ رزگار بێت. بۆ ئەوەش کارى سەرەکى و لە پێشینەمان لە پەرلەمان ئەوە دەبێت، کە تەمەک هەڵبوەشێنینەوە، چونکە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى پێیشێلکردنى مافى زیندانەکان و زیندانیکردنى هاووڵاتییان بەهۆى یاساى تەمەکەوە ڕوو دەدات".

"ئێمە هەوڵ بۆ ئازادیى ئۆجالان دەدەین"

تەمیزیوز لە بەردەوامیى قسەکانیدا لەبارەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد وتى "دواى ئەوەى ئاکەپەمان لەسەر دەسەڵات هێنایەخوارەوە، ئێمە بۆ هەڵگرتن و لابردنى گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد و ئازادکردنى هەنگاوى پێویست دەنێنین و بەردەوام دەبین لەو هەوڵەمان بۆ ئازادیى ئۆجالان، چونکە هەموو کێشەکانى زیندانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمەى کە بەسەر ئیمرالیدا سەپاندوویانە. دواى ئەوەى ئێمە ئەو سیستمەمان هەڵوەشاندەوە، گۆڕانکاریش لە سیستمى زیندانەکاندا دەکەین. هۆکارەکەشى ئەوەیە، سیستمى زیندانى ئیمرالی لە ژێر چاودێریى وەزارەتى داد دا نییە. زیندانەکە لەلایەن دەوڵەت و بە میکانیزمەکانى دەوڵەت کۆنترۆڵ دەکرێت. لەبەر ئەوەشە بە ئاسانى دەتوانن هەموو زیندانەکانى تر بەڕێوەببەن و دەستێوەردان لە کاروبارى زیندانەکانى تردا بکەن. ئێمەش لە دژى ئەوە تێدەکۆشین و چاودێریى ئەو دۆسیەیە دەکەین".

"بنەماڵەى زیندانیان چاوەڕێیان لە هەدەپە هەیە"

تەمیزیوز ئەوەشى وت، هەموو بنەماڵەی زیندانیان داوای ئازادکردنى ئۆجالانیان لێدەکەن و وتیشى "لەبەر ئەوە قەناعەتیان بەوە کردووە، بۆ ئەوەى رۆڵەکانیان ئازاد ببێت و زیندانەکان چۆڵ بکرێن، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت. لەبەر ئەوەش زیاتر لە داواى ئازادیى رۆڵەکانی خۆیان، زیاتر داواى ئازادیى ئۆجالان دەکەن، چونکە لە دواى ئازادیى ئۆجالان هەنگاو بۆ ئازادیى کۆمەڵگا و زیندانیانى تر دەنرێت و ئەوەش بە ئازادیى ئۆجالان بەدی دێت. ئەوە قسەى بنەماڵەى زیندانیانە. بۆ ئەوەش هەموو بنەماڵەى زیندانیان بەشدارى لە کار و خەباتى هەدەپەدا دەکەن. چاوەڕوانى و ئومێدێکى گەورەیان بە هەدەپە هەیە. چونکە ئەوەیان لێ روونە کە موخاتەبی کێشەى کورد و چارەسەری ئۆجالانە. بنەماڵەى زیندانیان ئاگاداری بەها و نرخ و رۆڵی ئۆجالانن. بۆ ئەوەشە چەندین ساڵە بەردەوامن لە داواکارییەکانیان".

"ئاکەپە لە کوردستان حیزبى  سەر کاغەز و پۆستەرەکانە"

تەمیزیوز لە کۆتایى قسەکانیدا وتى، هەدەپە رووی راستەقینەوەى ئاکەپەى بۆ گەل ئاشکرا کردووە. بەو هۆیەوە ئاکەپە لە کوردستان بووەتە حیزبی سەر کاغەز و پۆستەرەکان و لەم هەڵبژاردنەشدا ئەوە بە روونى دەبینرێت.

ئەوەشی وت، هاوکات کارەکانى هەدەپە بە ورە و خرۆشانێکى زۆرەوە بەردەوامن و خەڵک ئەوەندە بە ورەبەرزییەوە کار دەکەن "کە ئێمەیان شەرمەزار کردووە و پێش ئەوەى قسەیەک بکەین، دەڵێن، ئێمە هەر دەنگمان بۆ هەدەپە و دەنگتان پێدەدەین، چونکە هەدەپە حیزبى ئێمەیە".

ر.م