کاریگەریی بەهێزی کورد

ستراتیژی کورد بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە لە ئیستانبول جارێکی دیکە سەرکەوت. ئیتر دەسەڵات رەوایی و هێزی بەڕێوەبردنی نییە. بۆ هێزە دیموکراسییەکانیش سەردەمێک لە هیوا، بەڵام زەحمەت دەست پێدەکات.

کورد هێزی بنەڕەتین، کە ماوەی ٢١٠ ساڵە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەتی تورکی دیاری دەکەن. کورد لە دژی ئەو بەسەرهاتانەی دووسەد ساڵی رابردووە، کە ناوەندیبوون گەیشتووەتە ئاست و هاواتای تورکبوون و تاکانەبوون (تاک ئاڵا، تاک زمان، تاک نەتەوە، تاک دەوڵەت، تاک پیاو و ... هتد). هەبوونی کورد لەناو سەروەریی دەوڵەتی تورک بە تەنها و سەربەخۆ ئەو راستییە ئاشکرا دەکات. کورد تەنها بەوەوە نەوەستا کە بوونی بەو شێوە باوە قبوڵ بکات، بۆ چەسپاندنى ئەوە و دەستنیشانکردنى پێگە و ستاتۆی خۆی دەستی بە تێکۆشان کرد. بە رێگە و شێوازی جۆراجۆر توندوتیژیانە وەڵامی ئەو تێکۆشانەی کورد درایەوە، ئەوەش وەکو بیانوویەک بۆ ناچارکردنی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەی تورکیا بۆ ملکەچبوون بە دەوڵەت لەلایەن دەوڵەتەوە بەکارهێنرا.

ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەت بۆ کۆمەڵکوژیی و گۆڕینی دیمۆگرافیا و گۆڕینى باری دانیشتوان لە ماوەیەکی کورتیشدا سوودیان بۆ دەوڵەت هەبوبێت، لە درێژخایەندا ئەو ئەنجامەی هێنایەدی، کە چاوەڕوانی نەبوون. پێشەنگایەتیی کورد بەتایبەتی دوای ساڵی ١٩٩٣ هەوڵی دا تێکۆشانەکەی لەدژی پاکتاوکردن و سڕینەوە بگەینێتە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، کە پێیان دەوترێت 'هێزە دیموکراسییەکان'. بەو تێکۆشانە داوا کرا کە دەوڵەتی دیموکراتیک و هاوبەش بێت و ئەوەش بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک مسۆگەر بکرێت. بەوشێوەیە کورد هەم لە تورکیا و هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بووە هێزێکی چارەنووسساز. راستیی ئەوە ئاشکرایە؛ کورد هەم بۆ ئازادی تێدەکۆشێت و هەم گەلانی تورکیاش بۆ تێکۆشانی دیموکراسی هان دەدات. پشتیوانی دەکات و بەشدارە و هاوبەش دەبێت. دیموکراسیى رادیکاڵ، کە پشتبەستووە بە حقوق و ئەخلاق وەک دژە ژەهرێکە لە دژی کێشمەکێشمی باڵادەستی.

لەجیاتی ئەوەی بەشداریی شەڕی دەسەڵاتی نەریتیی لە دەوڵەتی تورکەوە هەتا کۆمەڵگە بکات، هەوڵ دەدات وەکو هێڵی سێیەم بێتە دەرەوەی ئەو دوو بلۆکە. هەدەپە پێکهاتەکەی ئەو تێکۆشان و ئەرکەیە. بکەر و کردەی سیاسەتی دیموکراتیک و کارەکتەری بنەڕەتیی ئەو رێباز و تێکۆشانەن، بۆیە ستراتیژ و تاکتیکەکانی لێرەدا دەردەکەون. بەرهەمی ئاوەز و عەقڵیەتی هاوبەش، کە لە ئەنجامی راوێژێکى بەهێزدا و وەکو ئاهەنگی ڤێرژنی دوارۆژ و کۆکاریى مێژوویی دەئافرێنن.

ستراتیژیی هەدەپە لەسەر دوو بناغەی بنەڕەتى، کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ٣١ ئادار/ ١١ی نەورۆزی یەکلایى کردەوە و بەو شێوەیە بوو. ئەو ستراتیژییە کە لە باکوری کوردستان کۆمسیۆنە داگیرکەرەکان دەستیان بەسەر ئیرادەی گەلدا گرت تێکبشکێنن و لە  شارە گەورەکانی تورکیاش دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە کە نوێنەرایەتیی پێکهاتە ئایین پەرست- نەژادپەرستانی دەوڵەتن، تێکبشکێنن. لەوەشدا زۆر بە هێزی سەرکەوت.

دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە لە دەستدانی پایتەختی تورکیای هەرس کرد، بەڵام دۆڕانی خۆی لە ئیستانبول بۆ هەرس نەکرا. ئیستانبول بە ژمارەى دانیشتوان و پێکهاتە ئابوورییەکەی تا دەگاتە کولتور و هونەر، گەورە شارێکە، کە وەک دۆمینا رۆڵ دەگێڕێت. وەکو ناوەندێکی ئاڵوگۆڕی ئەو سەرمایە نائەخلاقییە، کە لە رێگەى سیاسەتی نەژادپەرستیی تورکەوە بەڕێوەدەچێت. کاتێک پایەکانی "شاری پیرۆز" لەدایکبوونی سیاسیی تاکە کەسێکی پێ زێدە بکرێت، ئەوکاتە لەدەستدان  و دۆڕانی ئیستانبول بەو واتایە دێت، کە "نیشانەی مەرگی  سیاسییە". لەبەر ئەوەش مافەکان و یاساکانی خستە لایەک و هەلبژاردنی ئیستانبولی دووبارە کردەوە.

هەڵوێستی هەدەپە و بێگومان هەڵوێستی کورد ئەو راستییەیە، کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی یەکلایی دەکردەوە. ئەوەش ناتوانرێت نکۆڵیی لێ بکرێت. ستراتیژیی هەدەپە نەگۆڕا، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاکەپە – مەهەپە لە ئیستانبول تێکبشکێنێت، هاوسەرۆکانی حزب، پەرلەمانتاران، هاوسەرۆکی شارەوانی، رێکخستنەکانی هەدەپە لە شار و شارۆچکە و گەڕەکەکانی سەر بە ئیستانبول شانبەشانی هەموو پێکهاتەکانیان و هەموو دام و دەزگانیان بە چڕی کاریان کرد.

 دەسەڵاتدارییەتی ئاکەپە و مەهەپە، کە هۆکاری دۆراندنەکەیان لە ٣١ی ئادار / ١١ی نەورۆز بۆ دەرکەوتبوو دەستیان بە بەکارهێنانی زمان و کردەوەی دووفاقی کرد. لەلایەک تابلۆ کوردییەکانیان هێنایە خوارەوە و لە لایەکی دیکەوە پاڵێوراوەکەی خۆی هەتا ئامەد برد و لەوێ وتەکانى بۆ خۆشیرینکردن بە وشەی "کوردستان" دەستپێکرد و بەوشێوەیە دەستی بە ساختەکاری و فێڵبازی کرد. لەلایەکی دیکەوە دەستی بە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر خواکورک کرد. راشیگەیاند، هەمان چارەنووسیش چاوەڕوانی 'رۆژهەڵاتی فورات' دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە بە کۆتایهاتنی گۆشەگیری بە هۆی بەرخودانەوە، هەوڵیدا بە درۆ "شەڕی نێوان ئیمرالی – قەندیل – هەدەپە" بۆ خۆی بە خراپ بەکار بهێنێت. ئەوانە دادی نەدا و هەدەپە لە چوارچێوەی ستراتیژیی خۆی کەوتە جموجۆڵ و بە دروشمەکانی "ریفراندۆمی دیموکراسی"، "هاوپەیمانیی دیموکراسی" و "دوای تێکشکاندنی ئاکەپە - مەهەپە سەردەمی قۆناغێکی نوێی سیاسییە" هەم دەنگدەرانی خۆی رێکخست، هەم هیوای بەهێزە دیموکراسییەکان بەخشی. بڕیار و هەوڵەکانی هەدەپە پشتیوانییەکی بەهێزی لە بزووتنەوەی ئازادیی کورد وەرگرت.

هاوپەیمانیى ئاکەپە - مەهەپە دوێنێ ئێوارە لە ئیستانبول تێکشکا. دەسەڵاتی ٢٥ ساڵەی ئەردۆغان، دەسەڵاتی ١٧ ساڵەی ئاکەپە و دەسەڵاتی ٤ ساڵەی مەهەپە، کە پاڵپشتەکەیان ئیستانبول بوو، هەڵوەشایەوە.

 بە جیاوازی ١٠% واتە بە سەدان هەزار دەنگ هەڵوەشایەوە. لە کۆی ٣٩ هەرێم، لە ٢٨ هەرێمدا، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو سەرکەوت. ئۆتۆریتە و دەسەڵاتخوازیى دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و ئەو سەرکێشییەی، کە ٣١ی ئادار/ ١١ی نەورۆز هەتا دوێنێ ئێوارە بەردەوامبوو، دوێنێ ئێوارە داڕوخا. بەو هەڵبژاردنە دەسەڵات رەوایی بەڕێوەبردنی لە رێگەى هەلبژاردنەوە لەدەست دا. ئەو دەسەڵاتەی ئێستا بە هۆی کاریگەریی بەهێزی کورد بەرەو مەرگ و نەمان و داچوون دەڕوات. لەوانەیە دەسەڵاتێکی لەو شێوەیە واز لە دوژمنایەتیکردنی کورد نەهێنێت و زیاتر هێرش بکات، بەڵام لە بەرامبەریشدا قۆناغێکی نوێی سیاسی و تێکۆشان دەستپێدەکات. ئەوەی هەدەپە و پێکهاتەکانی و دام و دەزگاکانی ئەنجامی دەدەن، چەسپاندن و جێبەجێکردنی ستراتیژیی هەمان ئەو تێکۆشانەیە.

ر.م